سەرەکی » وتار » گۆران فه‌تحی » سەردەمی پاشەکشەی ئەمریکا!

سەردەمی پاشەکشەی ئەمریکا!

رووداوه‌كانی خۆرهه‌ڵاتی ناوه‌راست و ئێستای باكووری خۆرئاوای سوریا «رۆژئاڤا»، پاشه‌كشه‌یه‌كی‌ سه‌یری ئه‌مریكا ده‌رده‌خات له‌ناوچه‌كه‌، به‌رامبه‌ر هه‌ر یه‌ك له‌روسیاو توركیا و ئێران، ده‌ریشی ده‌خات كه‌ نفوزی ئه‌و وڵاته‌ به‌ره‌و لاوازی ده‌چێت و هیچ كام له‌و سێ وڵاته‌ گوێ به‌ هه‌ره‌شه‌كانی ناده‌ن.
ئێمه‌ بینیمان چۆن دۆناڵد ترامپ چه‌ند مانگێك پێش ئێستا بڕیاری كشانه‌وه‌ی‌ سوپای وڵاته‌كه‌ی‌ له‌رۆژئاوای كوردستان داو دواتر پاشگه‌زبوویه‌وه‌، به‌هۆی‌ ناره‌زایه‌تی ناو ئه‌مریكاو چه‌ند وڵاتێكی جیهان له‌پاڵ كورددا، به‌ڵام ئه‌و سه‌رۆكه‌ جارێكی تر و به‌فیعلی و دوای كۆبوونه‌وه‌ی له‌گه‌ل ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان، كشانه‌وه‌ی‌ سوپای وڵاته‌كه‌ی‌ له‌رۆژئاوا كرد به‌راست.
ئه‌و بڕیاره‌ش رێگای بۆ سوپای توركیاو هاوپه‌یمانه‌كانی خۆشكرد، هێرش بكه‌نه‌ سه‌ر كوردی رۆژاڤاو به‌هۆی هێرشه‌كه‌شه‌وه‌ سه‌دان قوربانی كه‌وته‌وه‌و هه‌زاران هاوڵاتیش ئاواره‌بوون، بۆیه‌ هێزه‌كانی هه‌سه‌ده‌ كه‌ هاوپه‌یمانی سوپای ئه‌مریكا بوون له‌شه‌ڕی دژ به‌ داعش، ناچاربوون رێككه‌وتن له‌گه‌ل روسیاو سوریا بكه‌ن بۆ هاتنی سوپای ئه‌و دوو وڵاته‌ بۆ رۆژئاوا.
له‌گه‌ڵ جوڵه‌كه‌ی‌ هه‌سه‌ده‌ ئه‌مریكا رێككه‌وتنێكی له‌گه‌ڵ توركیا له‌ 17 ئه‌م مانگه‌دا ئیمزا كرد، بۆ راگرتنی شه‌ڕ له‌ رۆژئاواو دروستكردنی‌ ناوچه‌ی ئارام به‌درێژایی 32 كیلۆمه‌تر، گوایه‌ كورد رزگارده‌كات، خودی هه‌سه‌ده‌ش رازی بوو به‌رێككه‌وتنه‌كه‌ به‌و مه‌رجه‌ی‌ گۆڕانی دیموگرافی له‌ناوچه‌كه‌ نه‌كرێـ، به‌ڵام توركیا له‌بۆردومان و هێرشه‌كانی نه‌وه‌ستا، گومانیش ده‌كرێت پابه‌ند بێت به‌رێككه‌وتنه‌كه‌وه‌، چونكه‌ له‌ جووڵه‌یه‌كی‌ تردا 22 ئه‌م مانگه‌ رێككه‌وتنێكیشی له‌گه‌ڵ مۆسكۆدا ئیمزاكرد سه‌باره‌ت به‌هه‌مان ناوچه‌و هه‌مان بابه‌ت.
ئه‌مانه‌ی‌ ئێستا شتێكمان بۆ روون ده‌كاته‌وه‌ كه‌ زۆر له‌مه‌وپێش ده‌ستی پێكردووه‌، ئه‌ویش لاوازبوونی‌ نفوزی ئه‌مریكایه‌ له‌خۆرهه‌ڵاتی ناوراست و جیهان به‌گشتی، چونكه‌ ئه‌نقه‌ره‌ چه‌ندین مانگ له‌مه‌وبه‌ر سووربوونی‌ خۆی‌ بۆ هێرشكردنه‌ سه‌ر رۆژئاوا راگه‌یاند، ئاماژه‌ی‌ به‌وه‌شكرد هیچ شتێك رایاناگرێت، به‌خودی ئه‌مریكاشه‌وه‌، لێدوان و هه‌ڕه‌شه‌كانی به‌رپرسانی واشنتۆنیش هیچی له‌ هه‌ڵوێسته‌كانی ئه‌نقه‌ره‌ نه‌گۆڕی.
رووداوێكی تر به‌رای من كه‌ لاوازی ئیداره‌ی‌ ئه‌مریكی نیشاندا، هه‌ڵوێسته‌ تونده‌كانی تاران و ته‌حه‌داكانی بوو به‌رامبه‌ر واشنتۆن، كه‌ وه‌ك كاردانه‌وه‌یه‌ك دژ به‌بڕیاری سه‌رۆك ترامب به‌ كشانه‌وه‌ له‌ رێككه‌وتنامه‌ی‌ ئه‌تۆمی ئه‌و وڵاته‌ گرتیه‌به‌ر و هه‌ڕه‌شه‌یه‌كی‌ زۆری بۆ به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی ئه‌مریكا له‌كه‌نداوی عه‌ره‌بی و خۆرهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست دروستكردو رێگری له‌زۆرێك كه‌شتی بازرگانی كرد له‌گه‌رووی هورمز، بێ گوێدانه‌ هه‌ڕه‌شه‌كانی به‌رپرسانی ئه‌مریكا.
ئه‌م رووداوانه‌ واده‌كه‌ن وڵاتانی تریش گوێ به‌داواكانی واشنتۆن نه‌ده‌ن له‌جیهاندا، له‌كاتێكدا ئه‌و وڵاته‌ له‌ناوه‌راستی ساڵه‌كانی چلی سه‌ده‌ی‌ رابردووه‌ له‌پاڵ یه‌كێتی سۆفێت قوتبێكی گه‌وره‌ی جیهان بوو، دوای داڕمانی یه‌كێتی سۆڤێتیش له‌ ساڵی 1991 به‌تاكه‌ قوتب مایه‌وه‌، توانی كار و فشاره‌كانی خۆی‌ وه‌كو تاكه‌ یاریكه‌ر ئه‌نجامبدات بێ ئه‌وه‌ی‌ ركابه‌رێكی فیعلی هه‌بێت. به‌ڵام وادیاره‌ بارودۆخه‌كه‌ گۆڕاوه‌و ئێستا هه‌م رووسه‌كان به‌هێزبوون و هه‌میش چین خاوه‌ن ئابووریه‌كی‌ به‌هێزو زه‌به‌لاحه‌، به‌مه‌ش له‌ئاینده‌دا ره‌نگه‌ مه‌ترسی گه‌وره‌ بۆ ئه‌مریكا دروستبكه‌ن.
ده‌مێنێته‌وه‌ بڵێم ئه‌مریكا دوای رووداوه‌كانی 11ی‌ سێپته‌مبه‌ری ساڵی 2001، هێرشی كرده‌ سه‌ر ئه‌فغانستان و عیراق و توانی گورزی كوشنده‌ له‌ تالیبان له‌ئه‌فغانستان و به‌عس له‌عیراق بوه‌شێنێت، دوو حكومه‌تی‌ نوێ له‌و وڵاتانه‌ دروستبكات به‌ڵام نه‌یتوانی ئامانجه‌كانی به‌دیبهێنێت و بمێنێته‌وه‌ و ئه‌و دوو وڵاته‌ له‌ژێر نفوزی خۆیدا بهێڵێته‌وه‌، دوای سه‌رهه‌ڵدانی داعش له‌ناوچه‌كه‌و هه‌رچه‌ند ئه‌مریكا سه‌رۆكایه‌تی‌ هاوپه‌یمانێتیه‌كی‌ نێوده‌وڵه‌تی كرد، دژ به‌و رێكخراوه‌، به‌ڵام دوای كۆتایی هێنان به‌داعش، ئیداره‌ی‌ ئه‌مریكا سه‌ره‌تا له‌عیراق و دواتریش وه‌كو بینیمان له‌سوریا، گۆڕه‌پانه‌كه‌ی‌ بۆ وڵاتانی ئیقلیمی به‌جێهێشت له‌پاڵ روسیا، كه‌ ئێستا زۆر وریایانه‌ ئه‌یه‌وێت پێگه‌كه‌ی‌ سۆڤێتی جاران به‌ده‌ستبهێنێته‌وه‌ له‌سه‌ر حسابی ئه‌مریكا.

 601 جار بینراوە