سەرەکی » راپۆرت » ئامادەكردنی: دیاری سابیر » کۆنگرێسی ئەمریكا جینۆسایدی ئەرمەنەكانی پەسەند كرد

ئەردۆغان: پەرلەمانی توركیا وەڵام دەداتەوە

کۆنگرێسی ئەمریكا جینۆسایدی ئەرمەنەكانی پەسەند كرد

لەگەڵ ئەوەی لەم دواییانەدا هەردوو حكومەتی واشنتۆن ‌و ئەنقەرە لەسەر هەندێ بابەت رێكەوتن لە بەرژەوەندیی توركیا و گڵۆپی سەوز بۆ بەرپرسانی تورکیا هەڵكرا، تاكو لەشكركێشی بكاتە سەر رۆئاڤای كوردستان بەمەبەستی دروستكردنی ئەو ناوچەیەی ناوی ناوە ناوچەی ئارام ‌و كشاندنەوەی یەكە سەربازییەكانی ئەمریكا لەو ناوچانەی سنووری ژێر دەسەڵاتی هێزەكانی سوریای دیموكرات وەكو رێخۆشكردن بۆ توركیا، بەڵام پێدەچێت ئەو رێكەوتنە دوو قۆڵییەی نێوان هەردوو سەرۆك لەلایەن زۆرێك لە ئەمریكییەكانەوە پەسەند نەبێ ‌و هەر زوو چەندین بەرپرس ‌و سیاسەتمەدار ‌و پەرلەمانتاری ئەمریكا رەخنەی توندیان لە سەرۆكی وڵاتەكەیان گرت.
رەنگە رای گشتیی ئەمریكا ئەوە بخوازێت كە نابێت ئەمجارەش وەكو پێشووتر ئەمریكا پشت لە هاوپەیمانە كوردەكانی بكات ‌و لە كاتە هەستیارەكاندا بەجێیان بهێڵێت. تەنانەت ئەوەشیان لەبیر نەچووە كە سەرەڕای پێداگرییەكانی بەرپرسانی واشنتۆن ‌و هۆشداریدان بە بەرپرسانی توركیا لە نەكڕینی سیستمی بەرگری موشەكی ئێس 400ی روسی، بەڵام ئەنقەرە گوێی نەدایە ئاگادارییەكانی واشنتۆن ‌و هەر ئەو سیستمە بەرگرییەی لە حكومەتی مۆسكۆ كڕی. یاخود رەنگە سیاسەتی ئەمریكا پێویستی بە توركیای ئەردۆغان نەمابێت، كە هەر جارەی بەبیانوویەك، كێشەیەك لەگەڵ یەكێك لە هاوپەیمانەكانی ئەمریكا ‌و ناتۆش دەخوڵقێنێ. رۆژی سێشەممەی رابردوو، ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمریكا لە كۆبوونەوەیدا بە زۆرینەی دەنگ پڕۆژەبڕیارێكی پەسەند كرد، كە داوا لە دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەو وڵاتە دەكات، تاكو سزای زیاتر بەسەر حكومەتی توركیا ‌و بەرپرسانی ئەو وڵاتەدا بسەپێنێت، تەنانەت دۆسێی كۆمەڵكوژیی ئەرمەنەكانیشیان بۆ ئەنقەرە زیندووكردەوە ‌و بەجینۆسایدیان ناساند.

بە زۆرینەی دەنگ
ئاژانسەكانی هەواڵ بڵاویانكردەوە: لە كۆبوونەوەكەدا 403 ئەندام لە بەرژەوەندیی پڕۆژەبڕیارەكە دەنگیان داوە ‌و لە بەرامبەریشدا 16 ئەندام رەتیانكردۆتەوە، ئەوەش وەكو هەوڵێكی دیموكراتەكان ‌و زۆرێك لە كۆمارییەكانی كۆنگرێس، بە مەبەستی فشار خستنە سەر رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆكی توركیا ‌و حكومەتی وڵاتەكەی، بۆ كۆتاییهێنان بە لەشكركێشییەكەی بۆ سەر رۆژئاڤای كوردستان ‌و پەلاماردانی شەڕڤانانی هێزەكانی سوریای دیموكرات (هەسەدە)، كە لە شەڕی دژی رێكخراوی تیرۆریستیی داعشدا هاوكاریی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكایان كردووە.
نانسی پیلۆسی سەرۆکی دیموکراتەکان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمریکا رایگەیاند: دیموکراتەکان و کۆمارییەکان پێکەوە سزای توندیان بەسەر تورکیادا سەپاندووە بۆ ئەو لەشکرکێشییەی دژ بە کوردە هاوپەیمانەکانمان کردوویەتی.

یەك ملیۆن ‌و 500 هەزار ئەرمەنی
سەرچاوەكانی هەواڵ باس لەوە دەكەن، كە بەپێی بڕگەیەکی پڕۆژەیاساكە، پێویستە فرۆشتنی چەكی ئەمریكی بە توركیا رابگیرێت، هەروەك سزای ئەو بەرپرسە توركیانە بدرێت، كە راستەخۆ لە هێرشەكانی توركیا بۆ سەر رۆژئاڤا بەشداربوون.
هاوكات كۆنگرێس جینۆسایدی ئەرمەنەكانیشی پەسەند كرد، كە بەپێی سەرچاوە مێژووییەكان، لە نێوان ساڵانی 1915 بۆ 1923، زیاتر لە یەك ملیۆن ‌و 500 هەزار ئەرمەنی لەلایەن ئیمپراتۆریەتی عوسمانییەوە كۆمەڵكوژكران.

توركیا دان بەو بڕیارەدا نانێت
لای خۆیەوە، رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا رایگەیاند: پەرلەمانی وڵاتەكەی وەڵامی بڕیارەكانی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمریكا دەداتەوە بە داننان بە جینۆسایدی ئەرمەنەكان ‌و هەروەها سەپاندنی سزا بەسەر توركیادا بەهۆی لەشكركێشییەكەی بۆ سەر باكووری سوریا. وتیشی: وڵاتەكەی دان بەو بڕیارەدا نانێت ‌و بە لای وڵاتەكەیەوە هیچ نرخێكی نییە.
هەر لەو چوارچێوەیەدا، وەزارەتی دەرەوەی توركیا باڵیۆزی ئەمریكای لە ئەنقەرە بانگكردووە ‌و نامەیەكی ناڕەزایی داوەتێ.
میدیاكانی توركیاش بڵاویانكردەوە، سەبارەت بەو پڕۆژەیاسایەی كە لە کۆنگرێسی ئەمریكا پەسەند كرا، باڵیۆزی ئەمریكا لە توركیا لەلایەن وەزارەتی دەرەوەی توركیاوە بانگكراوە ‌و نامەیەكی ناڕەزایەتیی دراوەتێ.

ئاژانسەکان

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*