سەرەکی » ئەدەب - سێبەر و سایە » نەجمەدین مەلا لە یاداشتەکانی (میرۆسیلاڤ زیگمۆند) دا

نەجمەدین مەلا لە یاداشتەکانی (میرۆسیلاڤ زیگمۆند) دا

لە ئێوارەیەکی زستانێکی سارددا، لەگەڵ چەند ناسیاوێک چووینە سەردانی قوتابخانەی کەشتی نوح، لەسەر دەرگای قوتابخانەکە وێنەی کەشتی‌یەک کێشرابوو، قوتابخانەیەک بریتی بوو لە یەک ژووری بە درێژی 23 پێ و پانێ کەشی 17 پێ بوو. بن میچەکەشی زۆر نزم بوو، لەبەر چرایەکی بچووک، ئەم مامۆستا گەورەیە دەرسی دەوتەوە. قوتابییەکانی تێکەڵاو بوون، گەورە و بچووکی تێدا بوو، هەر یەکەیان لەسەر تەنەکە یان کورسییە شکاوێک دانیشتبوون، هەموویان لە چینی چەوساوە بوون، بۆئەوە هاتبوون کە مامۆستا لە چنگ لەنەخوێندەواری ڕزگاریان بکات. مامۆستا لە ناوەڕاستی پۆلەکەدا ڕاوەستابوو، بە باڵا مامناوەندی بوو، تەمەنی لە شەست تێپەڕی کردبوو، پاڵتۆیەکی پانوپۆڕی لەبەردابوو، مشکییەکی بەسەریەوە پێچا بوو. کە چاوی بە ئێمە کەوت، دەستی لە تۆزی تەباشیرەکە سڕییەوە و دەستی گوشین و بەخێرهاتنێکی گەرمی لێ کردین، ئنجا سەر و نوقڵی (عننابی) پێشکەش کردین و بووینە هاوڕێیەکی ئەوتۆ وەک ئەمە چەند ساڵ بێت یەکتر بناسین کەوتینە گفتوگۆیەکی دورودرێژ.
نەجمەدین مەلا مامۆستایەکی فۆلکلۆر و داستان‌زانی کورد بوو، ئامانجی ئەوە بوو بەهۆی ئەم قوتابخانەیەوە هەستی نەتەوایەتی بخاتە مێشکی قوتابیانەوە، پیاوێک بوو ژیانی کردبووە (6500) بەشەوە، واتە بەپێی ژمارەی ئەو قوتابیانەی کە فێری خوێندن و نووسینی کوردی کردبوون. لێم پرسی بۆچی ئەم ناوەت بۆ قوتابخانەکەت دۆزیوەتەوە؟
پاش بیرکردنەوەیەکی قووڵ وەڵامی دایەوە و وتی (ئێمەی موسوڵمان کەشتی نوح بە نیشانەی خۆپاراستن و ڕزگاربوون ئەزانین، ژیانێکی نوێ و دنیایەکی نوێیە، ئەو ژیانە چەند ساڵ بەڵکو چەند سەدەیەک خەباتمان بۆ کرد لە سەردەمی حوکمڕانی عوسمانییەکان ڕێژەی نەخوێندەواری لە ناو کوردەواریدا 100% بوو، ئەمە بەڵگەیەکە بۆ تاوانباری ئەو سەردەمە، هێشتا بە تەواوەتی کەس نەیزانیوە لە کوێوە کەشتێکەی نوح کەوتۆتەڕێ، بەڵام مێژوو دەریبڕیوە کە لەسەر کێوی (ئارارات) لەنگەری بەستووە و وەستاوە). گەڕیدەی چیکوسلۆفاکی بە جۆرێکی ئەوتۆ نەجمەدین مەلای چووەتە دڵەوە کە بڵێت ( مامۆستا نەجمەدین لە تەمەنی سی ساڵیدا ژنی هێناوە، پاش چەند ساڵێک ژنەکەی دەستی لێ هەڵئەگرێت وئیتر جارێکی تربەیەک نەگەیشتنەوە، ئەمیش خوویدایە پیشەی فێرکردن و پەسەندی کردە سەر هەموو خۆشەویستییەکی ترداتاوەکو بتوانێت ڕەگوڕیشەی نەخوێندەواری هەڵکەنێت، لە بریتی فێرکردن پارە و پوولی لە قوتابیانی وەرنەئەگرت، بەڵکو لە دەمی خۆی ئەگرتەوە و ئەیخستە سەر مەسرەفی قوتابخانەکەی، لە ڕۆژنامەی «ژین»دا ئەینووسی و بەو پارەیە بەکولەمەرگی ئەژیا، کتلی یەکی لەسەر سۆپا نەوتییەکەی دانا بوو، لە لوولەکەیەوە هەڵمی ئاوی گەرم ژوورەکەی بۆ گەرم ئەکردەوە، تەختە قەرەوێڵەیەکی داڕزاوی هەبوو کە شوێنی خواردن و حەسانەوە و نووستنی بوو، لە ژوورەکەیدا کۆمەڵە دەفتەر و کتێبێک هەبوو، چەند سنوقێکی کۆن و جانتایەک لەوێ دانرا بوو سەبەتەیەکی پڕ هێلکەی هەبوو لە ناو گوڵدانێکدا دەستە گوڵێک هەبوو، دوو پشیلەی بەخێو ئەکرد، سەرەڕای خوێندن و نووسین قوتابییەکانی لە فۆلکلۆر و مێژووی کورد ئاگادار ئەکرد).

*‌ سەرچاوە: توێژینەوەیەک لە پێنج بەهرەی نەجمەدین مەلا، موستەفا نەریمان 1980 بەغدا.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*