سەرەکی » ئابووری » بەهای دۆلار لە هەرێمی كوردستان بەرز دەبێتەوە

بەهای دۆلار لە هەرێمی كوردستان بەرز دەبێتەوە

بەهای دۆلاری ئەمریكی لە بازاڕەكانی هەرێمی كوردستان بەڕێژەیەكی بەرچاو بەرزبوەوە‌و بازرگانێكیش دەڵێت: «بەهۆی خۆپیشاندانەكانی عیراقەوە بانكەكان وەكو پێویست دۆلار دابەش ناكەن‌و بڕێكی كەمیش دەگاتە هەرێمی كوردستان».
سامان ساڵح خاوەنی كۆمپانیای رۆژی مەڵكەندی لەشاری سلێمانی بەگەلی كوردستانی راگەیاند: نرخی گۆڕینەوەی دۆلاری ئەمریكی لەبەرامبەر دیناری عیراقی گەیشتە ئاستێكی بەرز‌و 100 دۆلار 123 هەزار دیناری تێپەڕاند، بەڵام ئێستا بەرە بەرە نرخەکەی دادەبەزێت.
لای خۆشیەوە حەمید حاجی عەبدوڵا ئەندامی ژووری بازرگانی‌و پیشەسازی سلێمانی لە لێدوانێكدا بۆ کەناڵی گەلی كوردستان ئاشكرایكردوە: گرژی ‌و خۆپیشاندانەكانی عیراق هۆكاری سەرەكی بەرزبوونەوەی بەهای دۆلارن.
وتیشی: «بانكی ناوەندی عیراق دۆلار دەخاتە بازاڕەوە، بەڵام بەهۆی ئەو بارودۆخەی لە عیراق دروست بووە، بانكەكان وەكو پێویست دۆلار دابەش ناكەن‌و بڕێكی زۆر كەم پارە لە بەغداوە دێتە هەرێمی كوردستان، كە بەشی هەموو پێداویستیەكان ناكات، لەبەرئەوەی كێشە لە بەشێكی زۆری سیستمی حەواڵەدا دروست بووە.
ئەو ئەندامەی ژووری بازرگانی‌و پیشەسازی سلێمانی وتیشی: «لەسەر ئاستی هەموو عیراق نرخی دۆلار بەرزبۆتەوە، چونكە لەكاتی دروستبوونی هەر گرژییەكدا هاووڵاتیان هەوڵدەدەن پارەكانیان بكەن بەدۆلار، لەبەر ئەوەی قەبارەی كەمترە‌و بۆ گواستنەوە ئاسانە، بەو هۆیەشەوە خواست لەسەری بەرزبۆتەوە، لەگەڵ ئەوەشدا بانكەكان رۆژانە بڕێكی كەمتر دۆلار دەخەنە بازاڕەوە، بەمەش نرخەكەی بۆ ئەو ئاستە بەرزبۆتەوە».

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*