سەرەکی » ئەدەب - سێبەر و سایە » سروودی سلێمانی*

سروودی سلێمانی*

باست حه‌مه‌غه‌ریب

سەردەمانێک بووی بە هیوا
لە چاوی گشت کوردستانا
یەکەم گۆرانیی ئازاد بووی
مانگێکی گەش لە ئاسمانا
ئاوەدانیی پاش رووخان بووی
نرکەی بەرزی تێکۆشان بووی
یەکەم وانەی سەرهەڵدانی
(گوڵدانی گشت رەنگەکانی
پارێزراو بیت سلێمانی)
– سەرای رۆژی شەشی رەش بووی
لانەی ژین، ژیانی گەش بووی
یەکەم تیشکی گەلاوێژ بووی
مەکۆی پێکەنین و چێژ بووی
ئاوازی دەنگی ڕەشۆڵ بووی
نەوای نالی خاکوخۆڵ بووی
یاری یاوەر و یارانی
(شاری پێکەوە ژیانی
ئاوەدان بیت سلێمانی )
– سەکۆی بیری ئازادیی بووی
لایلایەی خۆشیی و شادیی بووی
یادگاریی شەهیدان بووی
مەڵبەندی عیلم و عیرفان بووی
ئاڵای بەرزی کوردستان بووی
(نا)ی بەرامبەر دوژمنان بووی
یارەی رەمزی بەرخۆدانی
(لە ئاشتیدا بەرز و جوانی
گەشاوە بیت سلێمانی )
– سایەت گۆیژەی پڕ سروورە
لاشانت ئەزمەڕی نوورە
یارت پیرەی چیای بەردە
مەئمەنەکەت هەزار مەردە
ئایندەتە گڵەزەردە
نانت دەشتی شارەزوورە
یەکەم هەنگاوی ئازادیی کوردستانی
(هەموومان بەتۆوە جوانین
هەر سەربەرز بیت سلێمانی)

* پیتی یەکەمی سەرەتای دێڕەکان، ئەکاتە (سلێمانی)، لەهەر چوار کۆپلەکەدا.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*