سەرەکی » هەواڵ » سوریا دەگەڕێتەوە بۆ قۆناغی بەر لە ساڵی 2011؟

خواستی بەشار ئەسەد بۆ داهاتووی سوریا

سوریا دەگەڕێتەوە بۆ قۆناغی بەر لە ساڵی 2011؟

شرۆڤەی رۆژ

هەواڵ و بەدواداچوون

بەشار ئەسەد سەرۆكی سوریا لە دوایین چاوپێكەوتنیدا، سەبارەت بە دۆخی رۆژئاڤای كوردستان و بەشداری كورد لە داهاتووی پڕۆسەی سیاسیی سوریا خواستی ئەوەی هەیە، رۆژئاوای كوردستان بگەڕێتەوە بەر لە ساڵی 2011، واتە گەڕانەوەیەك بە تامی سڕینەوەی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری رۆژئاڤای كوردستان و تێكەڵكردنەوەی هێزەكانی سوریای دیموكرات بە سوپای سوریا، بەڵام پرسیارە سەرەكییەكە ئەوەیە، ئایا دۆخی سوریا و پڕۆسەی سیاسی لەو وڵاتە دەگەڕێتەوە بۆ قۆناغی بەر لە ساڵی 2011، یان ئەو قسەیەی ئەسەد تەنها قسەیە و گۆڕانكارییەكانی نزیكەی 10 ساڵی رابردووی وڵاتەكەی كە بنیاتی حوكمڕانی بە تەواوی هەڵوەشاندۆتەوە، كە چ لە دابەشبوونی جوگرافیای سیاسی، چ دروستبوونی هێزی نوێ، گۆڕانكاریی بنەڕەتی روویانداوە، لێدوان و خواستەكانی ئەسەد بۆ داهاتووی سوریا بێ بنەما دەكات.

״هەرگیز سوریا ناگەڕێتەوە بۆ قۆناغی پێشوو״
محەمەد پێنجوێنی سیاسەتمەداری دیاری كورد، پێیوایە، «هەرگیز سوریا ناگەڕێتەوە ئەو مێژووەی كە باسی دەكات، بەو پێیەی سوریا هێزی سەربازیی گەورەی پێنج وڵاتی تێدایە و ئەو وڵاتە دابەش بووە، بۆیە ئەستەمە پێمانوابێت سوریا دەگەڕێتەوە بۆ ئەو قۆناغە مێژووییە و كوردیش بێ هیچ مەرج و گفتوگۆیەك هێزەكانی تێكەڵ بە سوپای سوریا بكاتەوە».
هەموو ئاماژەكانی دۆخی ئێستای سوریا بەتایبەت دوای هێرشەكانی توركیا بۆ سەر رۆژئاڤای كوردستان، ئاماژەن بۆ ئەوەی سەرجەم ئەو هێزانەی لە سوریان پشكی خۆیان لە داهاتووی ئەو وڵاتە دەوێت، بەتایبەت كە ئێستا ئەمریكا دەیەوێت هێزەكانی بێ دیاربوونی خشتەیەكی كاتی بۆ پاراستنی بیرە نەوتییەكانی نزیك سنووری عیراق بمێنێتەوە، ئەمەش بەڵگەی هێشتنەوەی دابەشبوونی سوریایە و خواستی بەشار ئەسەدیش لەمڕووەوە تەنها لە چوارچێوەی ئومێدەكانی ئەو بۆ دووبارە بنیاتنانەوەی وڵاتەكەی دەمێنێتەوە.

كورد داوای گفتوگۆی مەرجدار دەكات
كورد لە رۆژئاڤای كوردستان دەیەوێت بەشدار بێت لە پڕۆسەی سیاسیی داهاتووی سوریا و رۆڵی سیاسی و سەربازیی هەبێت، بۆ ئەوەش داوای گفتوگۆی مەرجدار دەكات، بەڵام هێشتا روون نییە حكومەتی دیمەشق چۆن پێشوازیی لەو دانوستانانە دەكات.
لە سەرەتای ئەم مانگەدا، سێرگی لاڤرۆڤ وەزیری دەرەوەی روسیا رایگەیاند: داهاتووی سوریا بەندە بە چارەسەری كێشەی كوردەوە، پێشیوایە «ناكرێت كێشەی كورد فەرامۆش بكرێت و كەسیش پێیخۆش نییە كورد هەست بكات ئەوان گەلێكی پلە دوون».
بە هەموو ئەو دۆخەی كە ئێستا لە سوریا دەگوزەرێت، بەو پشتیوانییە نێودەوڵەتییەشی كە لە كورد وەك كیانێكی سیاسی هەیە، بەدوور دەزانرێت سوریای داهاتوو، سوریای بەر لە قۆناغی 2011 بێت و كورد دوای ئەو هەموو رۆڵەی لەماوەی نزیكەی 10 ساڵی رابردوودا گێڕای، تەسلیم بە خەیاڵی دروستكردنەوەی سوریای نوێی ئەسەد بێت.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*