سەرەکی » دۆسێ » مۆڵەتێكی تر دەدرێتە حكومەتەكەی عەبدولمەهدی

لایەنەكان لەسەر جێگرەوەی رێنەكەوتوون

مۆڵەتێكی تر دەدرێتە حكومەتەكەی عەبدولمەهدی

ڕۆژنامەیەكی عەرەبی باس لە ڕەتكردنەوەی پێنج كاندید دەكات بۆ وەرگرتنی ئیدارەی حكومەتی عیراقی، ئاماژە بە پێشنیارێكیش دەكات بۆ چارەسەركردنی تەنگژەكان كە لەلایەن كوتلە سیاسییەكانەوە پشتیوانی لێدەكرێت.
ڕۆژنامەی (العربی الجدید)ی قەتەری لە زاری سەرچاوەیەكی بەرپرسی عیراقیەوە بڵاویكردوەوەتەوە”زیاتر لە پێنج ناو لە یەكەم ڕۆژی دەستپێكردنی خۆپیشاندانەكانەوە خراونەتەڕوو كە لە چەند كەسێتییەكی دەرەوەی وڵات پێكهاتوون، تا ئیدارەی وڵات بگرنەدەست، بەڵام هیچ كام لەو ناوانە لەلایەن كوتلە سیاسییە سەرەكییەكانەوە ڕەزامەندیان لەسەر نەدراوە، بە بیانووی ئەوەی لەلایەن شەقامەوە پەسەند ناكرێن، یان لەبەر بوونی تێبینی حزبی و تایبەتی لەسەر هەندێكییان”.
ڕۆژنامەكە لە زاری سەرچاوەكەوە نوسیویەتی”تائێستا هیچ ئەلتەرناتیڤێك بۆ عادل عەبدولمەهدی سەرۆكی حكومەت نییە، هەر قسەیەكیش بەپێچەوانەی ئەوەوە بكرێت دوورە لە ڕاستییەوە”.
سەرچاوەكە دەڵێت”هەندێك لە كوتلەكان لە چەند ڕۆژی داهاتوودا پاشەكشە دەكەن لە هەڵوێستەكانیان، و پێشنیار دەكرێت، تا مۆڵەتێكی كاتی تر بدرێتە حكومەت بۆ جێبەجێكردنی چاكسازییەكان و بەڵێنەكانی بە خۆپیشاندەران كە ڕەنگە شەش مانگ، یان تا ناوەڕاستی ساڵی 2020 بێت، ئەو ڕێگەچارەیەش تاكە ڕێگەچارەی ڕەخساوی بەردەستی هێزە سیاسییەكانە كە بەدڵنیاییەوە قبوڵ ناكرێت، بۆیە ڕەنگە ڕێوشوێنەكانی ڕووبەڕووبوونەوەی خۆپیشاندەران ڕوو لە هەڵكشان بكەن”.
ئەمەش لەكاتێكدایە كە پێشتر ئاماژە بە رێكەوتنی حزبە سیاسییەكانی عیراق كرابوو بۆ دورخستنەوەی سەرۆك وەزیرانی عیراق و دانانی حاكمێك وەك سەرۆك وەزیرانی نوێ‌، تا هەڵبژاردنی داهاتوو.
بەپێی زانیاری میدیاكان دادوەر فایەق زیدان، جۆرێك لە ڕێككەوتنی لەسەر كراوە بۆ ئەوەی بكرێت بە سەرۆك وەزیرانی عیراق لە جێگەی عادل عەبدولمەهدی.
لە ماوەی ڕابردوودا سەرۆك وەزیرانی عیراق ئامادەیی دەستلەكاركێشانەوەی پیشاندا، بە مەرجێك بە دیلێكی هەبێت.
هەر بەپێی زانیارییەكان پێشتر هەریەك لە سائیرون و فەتح ڕێككەوتبوون كە سەرۆك وەزیرانی عیراق لە پۆستەكەیدا نەمێنێتەوە.
لە سەرەتای مانگی تشرینی یەكەمی ڕابردوو ، تەوژمی خۆپیشاندان بەغدا و شارەكانی ناوەڕاست و باشووری عیراقی گرتۆتەوە، خۆپیشاندەران داوای چاكسازی و باشكردنی ئاستی خزمەتگوزاری و بەگژداچوونەوەی گەندەڵی و دابینكردنی هەلی كار دەكەن، بەهۆی دروستبوونی پێكداهەڵپژانیش لەنێوان خۆپیشاندەران و هێزە ئەمنییەكان، تا ئێستا سەدان كەس كوژران و هەزارانی تریش برینداربوون.

«دەستلەكاركێشانەوەی عەبدولمەهدی چارەسەر نییە»
هەر لەو چوارچێوەیەدا وتەبێژی نوسینگەی ڕۆژنامەوانی عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیرانی عیراق ڕایگەیاندبوو، دەستلەكاركێشانەوەی عەبدولمەهدی لە پۆستەكەی حكومەت دەكاتە حكومەتی كاربەڕێكەر و “نابێتە مایەی ڕازیكردنی خۆپیشاندەران، و تەنگژەكان و كاروبارەكان هێندەی تر ئاڵۆزتردەكات”.
سەعد حەدیسی، وتەبێژی نوسینگەی ڕۆژنامەوانی سەرۆك وەزیرانی عیراق لە 9ی تشرینی دووەمی 2019، لە لێدوانێكیدا بۆ میدیا عەرەبییەكان ڕایگەیاند”دەستلەكاركێشانەوەی حكومەت، حكومەت دەكاتە حكومەتی كاربەڕێكەر، و تا ئەو دەمەی هەڵبژاردنی نوێ‌ ئەنجام دەدرێت و لەحاڵەتی هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان، یان ڕاسپاردنی كەسێكی تر لەلایەن هێزە سیاسییەكانەوە لە پەرلەمانەوە، لە پۆستەكەی خۆیدا دەمێنێتەوە”.
بە وتەی حەدیسی”لەحاڵەتی دەستلەكاركێشانەوەی عەبدولمەهدیش، هەنگاوەكە خۆپیشاندەرانی ئاشتیخواز ڕازیی ناكات، لە حاڵەتی بوونی حكومەتیش بە حكومەتی كاربەڕێكەر،زۆرێك لە دەسەڵاتەكان لە حكومەت وەردەگیرێنەوە و توانای ئەوەی نابێت چاكسازییەكان ئەنجام بدات و بەڵێنەكانی خۆی بەرانبەر بە خۆپیشاندەران بهێنێتەدی”.
وتەبێژی حكومەتی عیراق پێیوایە”گەر حكومەت ببێتە كاربەڕێكەر، توانای ئەوەی نابێت پرۆژە یاساكان ڕەوانەی پەرلەمان بكات، هەرچەندە لەئێستادا سەرقاڵی ئامادەكردنی یاسای هەڵبژاردن و یاسای پرۆسەی بنبڕكردنی گەندەڵییە لەژێر ناوی (من این لك هژا)یە كە پێداچوونەوە بە هەموو موڵك و سامان و خانووبەرەی بەرپرسانی ئێستا و پێشووی عیراقدا دەكات”.
سەعد حەدیسی دەڵێت”دەستلەكاركێشانەوەی حكومەت تەنگژەكان و كاروبارەكان هێندەی تر ئاڵۆزدەكات، هەرچەندە لەدژی هەڵبژاردنی پێشوەخت نییە، بەڵام میكانیزمەكانی ئەو هەڵبژاردنە لە دەسەڵاتی دەستور و پەرلەماندایە”.
وتەبێژی ڕۆژنامەوانی سەرۆك وەزیرانی عیراق ڕایگەیاندووە”ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەخت لە سایەی یاسای هەڵبژاردنەكانی ئێستادا، ئەو ئامانجە ناهێنێتەدی كە خۆپیشاندەرانی ئاشتیخواز داوای دەكەن، وێڕای ئەوەی یاسا دەبێت ببێتە بنەما بۆ ڕازیكردنی خۆپیشاندەران و ڕەخساندنی هەلی یەكسان بۆ كاندیدانی هەڵبژاردنەكان”.

وەڵامی عەبدولمەهدی بۆ سیستانی
هەر لەبارەی تەنگژەكانی عیراق و دوایین وتاری ئایەتوڵڵا عەلی سیستانی مەرجەعی باڵای ئاینی لە عیراق لەسەر رەوشی ئێستای عیراق، سەرۆك وەزیرانی عیراق وەڵامی پەیامەكەی عەلی سیستانی، مەرجەعی باڵای شیعەكانی عیراقی دایەوە، كە لە هەینی رابردوودا و لە وتاربێژی حسێنییە لە نەجەف خوێندییەوە و دەڵێت: “حزبەكان كۆنتڕۆڵی دەسەڵاتیان كردووە و وڵاتێكی داخراو و بێ سەرەو بەرەیان پێكهێناوە”.
عادل عەبدولمەهدی، سەرۆك وەزیرانی عیراق لە پەیامەكەیدا دەڵێت»دەسەڵاتی دادوەری بەدواداچوون دەكات بۆ بابەتی شەهیدەكان و بریندارەكانی خۆپیشاندەران و هێزە ئەمنیەكان، هیچ كەسێكیش لە زیندان نامێنێتەوە و دەڵێت: “ئەو كەسانەی تاوانیان لەسەر دەسەلمێت لە هەر كەس و لایەنێك بن، كە هەستاون بە كوشتن و ڕفاندن لە دەرەوەی یاسا ڕووبەڕووی سزا دەبنەوە”.
بە گوتەی عەبدولمەهدی»خۆپیشاندانە ئاشتیانەكەی گەلەكەمان بە گرنگترین دادەنێن لە ساڵی 2003وە تاكو ئێستا، حكومەت كار دەكات بۆ سەرخستنی داواكاری خۆپیشاندەران».
سەرۆك وەزیرانی عیراق باسی لە خواستی خۆپیشاندەران كردووە لەرووی گۆڕانكاری لە وەزارەتەكان» بە شێوەیەكی گشتی یان بەشێكی، بەهۆی پشك پشكداری تائیفیەوە، ئێمە وەڵامی ئەوەمان داوەتەوە كە گۆڕانكاری گەورە دەكەین و پشت بە لاوان دەبەستین».
عادل عەبدولمەهدی پێیوایە“ڕاستە لایەنە سیاسییەكان قوربانی زۆریانداوە و بۆ هەر سیستەمێكی دیموكراسی فرە لایەنی گرنگە، بەڵام هەروەك چۆن بەر لە 2003 دەسەڵات بە شێوەیەكی خراپ لەلایەن یەك حزبەوە بەڕێوە دەبرا، لە دوای ئەو مێژوەوە حزبەكان كۆنتڕۆڵی دەسەڵاتیان كردووە و وڵاتێكی داخراو و بێ سەرەو بەرەیان پێكهێناوە، ئێستاش دەبێت ئەو لایەنانە قبوڵی گۆڕانكاری بكەن بۆ ڕاستكردنەوەی رێگاكە”.
عەبدولمەهدی باسی لە دەستكردن بە باشكردنی مووچە و كەمكردنەوەی مووچەی پلە باڵاكانیش كردبوو كە بە گوتەی ئەو» بۆیە ئەگەر بەردەوام بین عیراق بەجۆرێك پێشدەكەوێت، و هیچ كەسێك لە عیراقدا لە خوار هێڵی هەژارییەوە نامێنێت».

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*