سەرەکی » وتار » د.به‌ختیار شاوه‌یس‌ » نوێبوونه‌وه‌ی یه‌كێتی له‌ ره‌فتارەوە تا روخسار

له‌ كۆنگره‌ی چواره‌م

نوێبوونه‌وه‌ی یه‌كێتی له‌ ره‌فتارەوە تا روخسار

-1-

له‌دوای دابه‌زینی جه‌ماوه‌ری یه‌كێتی و پاشه‌كشه‌كردنی ئه‌م حزبه‌ له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كان، نه‌ك بۆ ده‌نگده‌ر و كادری یه‌كێتی، به‌ڵكو بۆ ئه‌وانه‌شی كه‌ له‌ده‌ره‌وه‌ی ئه‌م حزبه‌دا ژیانی ئاسایی خۆیان به‌ڕێده‌كه‌ن، رێژه‌ی ده‌نگه‌كانی یه‌كێتی جێگه‌ی نیگه‌رانی و چاوه‌ڕواننه‌كراو و نائومێدی بوون.
نیگه‌رانییه‌كانی هاووڵاتیان به‌ناو كۆمه‌ڵێك به‌هاو مۆراڵی سیاسی و رێكخراوه‌یی و داهێنانی گه‌وره‌ و گرنگی نه‌ته‌وه‌یی و رۆحی شۆڕشگێڕیی و ده‌ستكه‌وتی ناوازه‌ی سه‌روه‌ختی حكومڕانیدا تێده‌په‌رێت كه‌ ئه‌م هێزه‌ سیاسییه‌ چ له‌سه‌روبه‌ندی شاخ و خه‌باتی پێشمه‌رگایه‌تی و چ له‌ ده‌ورانی ده‌سه‌ڵات و ده‌وڵه‌تداریدا پێی ده‌ناسرێته‌وه‌ و شوناسی خۆی پێوه‌رگرتووه‌.
نیگه‌رانییه‌كانی خه‌ڵك له‌ لاوازبوونی یه‌كێتی، به‌شێوه‌یه‌كی راسته‌وخۆ نیگه‌رانییه‌ له‌ به‌رته‌سكبوونه‌وه‌ی پانتاییه‌كانی ئازادیی و ده‌ربڕینی بیروبۆچوونی ئازاد و لاوازكردنی پره‌نسیپه‌كانی دیموكراسی و مافه‌كانی مرۆڤ و ته‌واوی ئه‌و ده‌ستكه‌وت و به‌ها جوان و دانسقانه‌ی كه‌ سه‌رباری له‌مپه‌ری سیاسی و سه‌ره‌ڕای عه‌قلیه‌تی چه‌قبه‌ستووی نه‌ریتگه‌رایی و پاوانخوازی، به‌ڵام دواجار هه‌موویان له‌ كوردستان به‌گشتی و له‌زۆنی سه‌وزدا به‌تایبه‌تی به‌دیهاتوون.
نیگه‌رانییه‌ له‌وه‌ی كه‌ مومكینه‌ له‌ ماوه‌یه‌كی سنوورداردا هێزێكی سیاسی به‌ توانای دارایی و ئیداریی و سه‌ربازیی و ئه‌منییه‌وه‌ هه‌ژموونی به‌سه‌ر كۆی تێڕوانین و بیركردنه‌وه‌كانی تاكی كوردی و كرانه‌وه‌ رێژییه‌كانی كۆمه‌ڵی ئێمه‌ درێژبكاته‌وه‌ و ته‌نانه‌ت له‌دواجاردا بتوانێت و بۆی هه‌بێت ده‌ستكاریی خه‌بات و خه‌ون و چاوه‌ڕوانییه‌كانیشمان بكات.
نیگه‌رانییه‌ له‌وه‌ی كه‌ له‌غیابی یه‌كێتی له‌ناو هاوكێشه‌ سیاسییه‌كانی كوردستان و عیراق و ناوچه‌كه‌دا، پاڵپشتیكه‌ری یه‌كه‌مینی خه‌باتی رزگاریخوازیی كورد له‌ رۆژئاواو باكوور و رۆژهه‌ڵات نامێنێت و ئه‌وه‌نده‌ی دیكه‌ ئاسته‌نگ بۆ پڕۆژه‌ی سه‌ربه‌خۆبوونی ئه‌و به‌شانه‌ی كوردستان دروست ده‌بێت. نیگه‌رانییه‌ له‌وه‌ی كه‌ له‌ناو شه‌ڕه‌ ده‌ستووریی و سیاسییه‌كانی به‌غدادا به‌ئاراسته‌ی ده‌ستكه‌وتی مافه‌كانی خه‌ڵكی كوردستان و به‌رپه‌رچدانه‌وه‌ی پلانی پاشماوه‌كانی به‌عسیزم و عه‌قڵییه‌تی عه‌ره‌بی-شۆڤێنی ، كورد رۆڵه‌ ئه‌كتیڤه‌كه‌ی له‌ده‌ست ده‌دات و له‌ ئاسۆدا چاره‌سه‌ركردنی قه‌یرانه‌كانمان له‌گه‌ڵ حكومه‌تی عیراق لێڵ ده‌بێت.
ئه‌م نیگه‌رانییانه‌ و زیاتریش، زاده‌ی ده‌یان نووسین و بڵاوكراوه‌و وتاری سیاسی و شرۆڤه‌ی خه‌مخۆرانه‌ن له‌سه‌ر یه‌كێتی و ئاینده‌كه‌ی، كه‌ له‌لای رۆشنبیران و نووسه‌ران و كه‌سایه‌تییه‌كان و هه‌روه‌ها دامه‌زراوه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی ئۆرگانه‌كانی ئه‌م حزبه‌وه‌ كه‌ ره‌هه‌ندێكی پۆزه‌تیڤیان هه‌بووه‌، نووسران و بڵاوكراونه‌ته‌وه‌.
ئه‌م نووسه‌ر و رۆشنبیرانه‌ كه‌ بۆ ته‌نها ساتێكیش یه‌كێتیی نه‌بوون و هه‌ندێكیان پێشتر ره‌خنه‌ی توندیان له‌ یه‌كێتی و ئه‌دای كار و به‌رپرسه‌كانی گرتووه‌، هه‌ربۆیه‌ به‌وردییه‌وه‌ قۆناغی دوای یه‌كێتی و ئه‌و لێكه‌وته‌ نێگه‌تیڤانه‌ ده‌خوێننه‌وه‌ كه‌ له‌سه‌ر ئاینده‌ی ئێمه‌ و كایه‌كانی دیكه‌ی كۆمه‌ڵگه‌ی كوردی ده‌رده‌كه‌ون.
هه‌موو نیگه‌رانییه‌كانی ناو جه‌ماوه‌ری یه‌كێیی و ده‌ره‌وه‌ی له‌ كه‌سانی بێلایه‌نی سیاسی و رۆشنبیر و مامۆستای زانكۆ له‌ چین و توێژه‌ جیاوازه‌كان، ئه‌گه‌ر ئاماژه‌یه‌كی ئه‌رێنی ده‌ربخات بۆ كاریگه‌ریی و پێویستی مانه‌وه‌ی یه‌كێتی بۆ پرسه‌ سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تی و ئیدارییه‌كانی كورد، ئه‌وا ره‌نگه‌ له‌ڕوانگه‌ی ئه‌وانه‌ی كه‌ به‌شێك له‌ عومری شیرینیان به‌م حزبه‌ و ئامانجه‌كانی بۆ رزگاریی نیشتمانی به‌خشییوه‌، زیاتر بكه‌وێته‌وه‌ و له‌ دڵ و ده‌روونی كه‌سوكاری شه‌هیداندا جۆرێك له‌ نائومێدی رێژه‌یی لێ بكه‌وێته‌وه‌، به‌وه‌ی كه‌ ئاستی ده‌نگه‌كانی یه‌كێتی نه‌ك هه‌ر به‌رامبه‌ر مێژوو و ده‌ستكه‌وته‌كانی نییه‌، به‌ڵكو لاسه‌نگییه‌كی دیارو به‌رچاو له‌م مه‌سه‌له‌یه‌دا هه‌یه‌.
هه‌ر له‌م روانگه‌یه‌وه‌ پرسیاری جه‌وهه‌ریی له‌م لێكدانه‌وه‌یه‌دا ئه‌وه‌یه‌ كه‌ داخۆ له‌ناو هه‌ڵاوێركردنی پرسه‌كانی نائومێدیدا، پانتاییه‌ك بۆ هه‌ستانه‌وه‌ له‌ ئاسۆی دووردا بۆ یه‌كێتی و یه‌كێتییه‌كان هه‌یه‌؟
ئایا كه‌ره‌سته‌كانی تێپه‌ڕاندندی ئه‌م دۆخه‌ نه‌خوازراوه‌ و هه‌ستانه‌وه‌ و جۆشدانه‌وه‌ی بنه‌ما حزبی و دیسپلینییه‌كان به‌ئاراسته‌ی وه‌رگرتنه‌وه‌ی متمانه‌ی زۆرایه‌تی ده‌نگده‌ری كورد به‌م هێزه‌ سیاسییه‌ له‌سه‌ر زه‌مینی واقیعدا به‌دی ده‌كرێت؟
یه‌كێتی وه‌ك هێزێكی كاریگه‌ر له‌ناو هاوكێشه‌ سیاسییه‌كان كه‌ ئه‌زموونێكی دوور و درێژ و هه‌مه‌لایه‌نه‌ی له‌گه‌ڵ پرسی هه‌ستانه‌وه‌ له‌دوای گلان و نشوستییه‌كان هه‌یه‌، نه‌ك هه‌ر ئه‌مه‌، به‌ڵكو ده‌توانین بڵێین كه‌ سه‌ره‌تاكانی دامه‌زراندنی یه‌كێتیی به‌ ته‌حه‌دایه‌كی گه‌وره‌یی نسكۆ و شكستی بزووتنه‌وه‌ی كوردایه‌تی و له‌ناو ژانی نائومێدییه‌كی گه‌وره‌ی تاكی كورد به‌رزگاربوونی كوردستانه‌وه‌ له‌دایك بووه‌.
دواتر یه‌كێتی له‌ نائومێدیی كاره‌ساتی هه‌كاری و له‌ نائومێدیی پرۆسه‌كانی ئه‌نفال كه‌ بۆ له‌چاڵنانی ئه‌و جه‌ماوه‌رو پێگه‌ به‌هێزه‌ بووه‌ كه‌ قوڵایی ستراتیژی یه‌كێتی پێكده‌هێنێت و هه‌روه‌ها له‌ نائومێدی كاره‌ساته‌كانی دوای شه‌ڕی ناوخۆ و 31ی ئابی ساڵی 1996 هه‌ستایه‌وه‌. سه‌رباری ئه‌وه‌ی كه‌ له‌ناو ئه‌و گلان و شكستانه‌دا دوو فاكته‌ری كاریگه‌ر هه‌بوون كه‌ ئه‌وانیش جه‌نابی مام جه‌لال و جه‌ماوه‌ره‌كه‌یه‌تی كه‌ هه‌ریه‌ك له‌مانه‌ كارای یاریده‌ده‌ریی هه‌ستانه‌وه‌كانن، و به‌داخه‌وه‌ ئێستا غیابی مام ته‌حه‌دای یه‌كه‌می كۆنگره‌كه‌ی یه‌كێتییه‌. به‌ڵام ده‌كرێت له‌م باره‌شدا جارێكی دیكه‌ هێڵه‌كانی هه‌ستانه‌وه‌ و زاڵبوون به‌سه‌ر ئاریشه‌و گرفته‌كان دیاریبكرێت، به‌تایبه‌تی له‌دوای دیاریكردنی رۆژی كۆنگره‌ و ئاماده‌گی ئیراده‌یه‌كی فراوان له‌ناو كادران به‌مه‌به‌ستی هه‌ستانه‌وه‌ كه‌ ئه‌مه‌ش خاڵی بنه‌ڕه‌تییه‌ و ده‌كرێت ئه‌م ئیراده‌یه‌ به‌شێوه‌یه‌كی پراكتیكی ته‌وزیفبكرێت و سه‌ره‌تاكانی كۆتایی به‌ نائومێدیی و نیگه‌رانییه‌كانی جه‌ماوه‌ر و خه‌مخۆرانی یه‌كێتیی به‌دیبهێنرێت، هه‌ربۆیه‌ له‌به‌شی داهاتوودا تیشك ده‌خه‌ینه‌ سه‌ر كۆنگره‌ وه‌ك سه‌ره‌تای ئومێد و هه‌ستانه‌وه‌.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*