سەرەکی » هەواڵ » مەترسییەكانی بەردەم كورد لە ناوچە جیاجیاكان ماوە و مایەی هەڵوەستە لەسەركردنە

وەزیری پێشمەرگە

مەترسییەكانی بەردەم كورد لە ناوچە جیاجیاكان ماوە و مایەی هەڵوەستە لەسەركردنە

راگەیەنراوێك لە وەزیری پێشمەرگەوە…
جێگەی داخ‌و نیگەرانی زۆری ئێمەیە، لەئەنجامی هێرشێكی ناڕەوای توندڕەوان‌و تیرۆریستانی داعش بۆ سەر رۆڵە ئازاكانمان لەسنووری قەزای كفری سەر بەئیدارەی گەرمیان، شەهیدبوونی بەڕێوەبەرو دوو كارمەندی ئاسایشی لێكەوتەوە.
سەرەخۆشی‌و هاوخەمی خۆمان بە بنەماڵەو كەسوكاری شەهیدان (رائید سمكۆ عەلی) بەڕێوەبەری ئاسایشی كۆكس‌و دوو كارمەندی تری ئاسایش (مەحمود جومعە و جومعە عەبد) رادەگەیەنین، كە لەئەنجامی كردەیەكی هێزەكانی ئاسایشی گەرمیان كە پەلامارێكی تیرۆریستانی داعشیان لەسنووری كوڵەجۆی زەنگ ئاباد تێكشكاندو توانیان خەونی گڵاوی تیرۆریستان لەگڵ بنێن.
بەداخەوە، ئەم هێرشەی تاریكپەرستان‌و تیرۆریستانی داعش، ئەوەمان پێدەڵێت، كە داعش هێشتا زیندووەو بەتەواوەتی بنبڕنەكراوە، ئەگەرچی لەماوەی رابردوودا هەمیشە لەگەڵ هێزەكانی پێشمەرگەو كۆبوونەوەمان لەگەڵ نوێنەران‌و راوێژكارانی هاوپەیماناندا هۆشداری ئەوەمان داوە كە داعش تێكنەشكێنراوەو لەسەر ئەرزی واقیع ماوە، وەلێ جێگەی نیگەرانی ئێمەیە كە هێشتا ئاڵنگاری‌و مەترسییەكانی بەردەم ئێمەی كوردو هێزەكانمان لەناوچە جیاجیاكان ماوەو مایەی هەڵوەستە لەسەركردنە.
لێرەوە، جەخت دەكەینەوە لەسەر ئامادەیی هێزەكانی پێشمەرگە لەپاراستنی خاكی كوردستان‌و سنوورەكانمان، داواش لەكۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەكەین لەهاوكاری‌و هەماهەنگی هێزەكانمان بەردەوام بێت‌و میكانیزمی ئەو هەماهەنگییە بەرەو پێشترو زیاتر ببات.
هاونیشتمانیان دڵنیادەكەینەوە، كە كردەی لەم شێوەیە ئامانجی تیرۆریستان ناپێكێت‌و هەرێمەكەمان بەدڵسۆزی‌و ئەمەكی هێزە ئازاكانی، لەپێشمەرگەو ئاسایش‌و هێزەكانی تر بەپارێزراوی دەمێنێتەوەو كاروانی پێشكەوتن‌و ئاوەدانی بەردەوام دەبێت، هاوكات لەگەڵ دۆستەكانماندا لەهاوپەیمانی نێودەوڵەتی، میكانیزمی روبەڕوبونەوەی باشتری ئەو كردە تیرۆریستیانە دەگرینە بەرو هەموولایەك دڵنیادەكەینەوە، كە رێگای پشێوی‌و نائارامیی تیرۆریستان، كورتەو لەناوی دەبەین.

شۆڕش ئیسماعیل وەزیری پێشمەرگەی حكومەتی هەرێم

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*