سەرەکی » وتار » شوان کەریم کابان » لە داواكاری كارەبا و دامەزراندنەوە،بۆ گۆڕینی..

لە داواكاری كارەبا و دامەزراندنەوە،بۆ گۆڕینی..

لە داواكاری كارەبا و دامەزراندنەوە، بۆ گۆڕینی سیستمی سیاسی پاش سەدام

عادل عەبدولمەهدی دەستی لەكار كێشایەوە و پەرلەمانیش داواكەی قبوڵ كرد، ئەمە داواكارییەكی _ وەك دەوترێت _ خۆپیشاندەران بوو كە لە دابینكردنی خزمەتگوزاریی و بنبڕكردنی گەندەڵی، گەیشتە ئاستی گۆڕینی سیستمی حوكم و دەست لەكاركێشانەوەی حكومەت و تەنانەت دادگاییكردنی هەموو لایەنەكان. باشە، ئەی ئەمە كۆتایی یاریەكەیە، یان سەرەتا و هەنگاوی یەكەمی ئەو ئەجێندایەیە كە لە پشت پەردەوە داڕێژراوە؟

خۆپیشاندانەكان لە چییەوە بۆ كوێ:
_ داواكردنی ئاو و كارەبا، خزمەتگوزاریی شارەوانی.
_ دامەزراندن و نەهێشتنی بێ كاری.
_ چاككردنی بژێویی كەمدەرامەتەكان.
_ باشتركردنی مووچەی ئەوانەی مووچەیان كەمە و مووچەی كەمی خانەنشینان.
_ نەهێشتنی نادادپەروەریی لە مووچەدا.

گەیشتە چی:
_ گۆڕینی سیستمی حوكم لە پەرلەمانییەوە، بۆ سەرۆكایەتی.
_ هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان.
_ هەمواركردنەوەی دەستوور.
_ هەڵوەشاندنەوەی كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكان.
_ گۆڕینی یاسای هەڵبژاردن.
_ دەست لەكاركێشانەوەی حكومەت.
_ گرتنی رێگەوبان و پردەكان لە شارەكانی بەغدا و خوارووی عیراق.
_ رفاندنی ژمارەیەكی زۆر خەڵكی جۆراوجۆر.
_ سووتاندنی چەندین بانك و تاڵانكردنیان.
_ سووتاندنی دەیان دامودەزگای حكومی لە ناسریە و میسان و موسەننا و بەسرە.
_سووتاندنی مەزاری هەندێ لە سەركردە كۆچكردووەكانی شیعە.
_ سووتاندنی كونسوڵخانەی ئێران _ دوو جار _.
_ ناردنی خەڵك لەم شار بۆ ئەو شار بۆ بەشداریكردن لەوەی ناونراوە خۆپیشاندان.
بۆیە ئەوەی لەبەرچاوە و ئاشكرایە، زۆر لە خۆپیشاندانی ئاشتیانە و داواكاریی رەوای خەڵك، بەڵكو گەورەتر و ترسناكترە.
لە تازەترین پێشهاتیشدا، هەم لە شاری ناسریە و لە پارێزگاكەش كە زیقارە و هەم لە شاری نەجەفیش، ژمارەیەك لە عەشیرەتەكانی ئەو دوو پارێزگایە، دەیان ئەندامی خۆیان راسپارد، چەك هەڵبگرن و بچنە پاڵ هێزە ئەمنییەكان بۆ پاراستنی هەردوو شارەكە و رێگەگرتن لە فیتنە و تێكدان وەك لە بەیاننامەی ئەو عەشیرەتانەدا هاتووە، هەروا چەند رۆژێك لەمەوبەر، عەشیرەتەكانی زیقار داوایان لە دەسەڵاتدارانی شارەكە كرد، رێگری بكەن لە هاتنە ناوەوەی ئەوانەی لە بەسرەوە بە لێشاو دێن بۆ ئەو شارە بۆ بەشداریی لەوەی پێی دەڵێن خۆپیشاندان.
لەلایەكی تریشەوە لایەنێكی بەشداربووی كۆی پرۆسەی سیاسی عیراق لە 2005ەوە تاكو ئێستا، لە ژێر ناوی جیاجیا و هاوپەیمانی هەمەجۆر لەپاش دەست لەكاركێشانەوەی عەبدولمەهدی، كۆمەڵێك پێشنیازی سەیری پێشكەش كرد لە بارەی چۆنێتی دەستیشانكردنی سەرۆك وەزیرانی نوێی عیراق_ هەر لەو چوارچێوەیەشدا هەندێ لایەن بڕیاریاندا بەشداریی ئەو حكومەتە نەكەن كە بڕیارە پێكبێت و ئامادەكاریی بكات بۆ هەڵبژاردنی داهاتوو، بەو حیسابەی خۆیان بەدوور بگرن لە تێوەگلانیان لەو تۆمەتانەی ئاڕاستەی هەموو لایەنە سیاسییەكانی عیراق دەكرێت.
هەر لەو بوارەدا، سەرچاوەكانی هەواڵ رایانگەیاند، دەزگای هەواڵگریی چەند وڵاتێكی گەورە لەم رۆژانەدا كۆبوونەتەوە بۆ گفتوگۆكردن لەبارەی بارودۆخی ئێستا و ئایندەی عیراق.
هەروا بەپێی هەواڵەكان، چەند سەرچاوەیەكی هەواڵگریی سەربازی عیراق رایانگەیاندووە، چەند لایەنێكی ناوخۆ و دەرەكی خۆیان ئامادە دەكەن بۆ هەنگاوی ئایندەیان پاش دەست لەكاركێشانەوەی عەبدولمەهدی بە ئاڕاستەی زیاتر تێكدانی دۆخی عیراق.
جێی سەرنجیشە مانگی 8 ی ئەمساڵ 2019 سەرۆكی عەسائیبی ئەهلی حەق وتبووی، مانگی 10 خۆپیشاندان دەبێت، مانگی یانزەش حكومەت دەستلەكاردەكێشێتەوە. سەرنجێكی تریش ئەوەیە، مانگی 10، لە عیراق هەر بە تشرینی یەكەم ناودەبرێت و ناسراوە، كەچی بەشێكی زۆری راگەیاندنەكانی دەرەوەی عیراق بە خۆپیشاندانەكان دەڵێن، خوپیشاندانەكانی ئۆكتۆبەر!

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*