سەرەکی » دۆسێ » كوشتارگەیەكی گەورە لە ناسریە و نەجەف

نەتەوە یەكگرتوووەكان نیگەرانە

كوشتارگەیەكی گەورە لە ناسریە و نەجەف

هێزە ئەمنییەكان كوشتارگەیەكی گەورەیان لە پارێزگاكانی ناسریە و نەجەف دروستكرد، ئەمەش بووە مایەی نیگەرانی لای نێوەندە نێودەوڵەتییەكان، لەنێوخۆشدا داوای لێپرسینەوە و بە سزاگەیاندنی بكوژان كرا، هەر ئەمەش تەنگی بە دەسەڵاتداران هەڵچنی و هێندەی تر گوشارەكانی لەسەر لایەنە سیاسییەكان زیاتركرد.
لە زیقار و نەجەف، لە 28ی تشرینی دووەمی رابردوو، 63 كەس كوژران و زیاتر لە 500 كەس برینداربوون، ئەم كوشتارگەیە هێندەی تر تەوژمی ناڕەزایی لەو دوو پارێزگایە زیاتر كرد و خۆپیشاندانەكانی بۆ قۆناغێكی نوێ‌ گواستەوە.

رۆژێكی خوێناوەی
ژمارەی قوربانیان لە شارەكانی باشووری عیراق بەهۆی پێكداهەڵپژانی نێوان هێزە ئەمنییەكان و خۆپیشاندەران ڕووی لە زیادبوون كردووە، ئەمەش بۆتە مایەی ئەوەی ڕەوشەكە هێندەی تر ئاڵۆزببێت.
لە 28ی تشرینی دووەمی 2019، سەرچاوەیەكی پزیشكی بە میدیا عیراقییەكانی ڕاگەیاندبوو”لە ئەنجامی بەكارهێنانی گوللـە لە دژی خۆپیشاندەران لەلایەن هێزە ئەمنییەكان لە شاری ناسریەی باشووری عیراق، 47 كەس كوژران و 250 كەسی تر برینداربوون كە برینی هەندێكیان سەختە”.
بەگوێرەی هەواڵ، لە دوای كوشارگەكە هۆزەكانی ناسریە، ئەو ڕێگە سەرەكیانەیان داخست كە پارێزگەی زیقار بە شوێنەكانی ترەوە دەبەستنەوە، بە تایبەتیش رێگەی نێودەوڵەتی لە ناسریە.
ئەمەش لەكاتێكدایە كە بە هەمان شێوە لە شارەكانی نەجەف و كەربەلا و سەمماوە و شارەكانی تر، لە ئەنجامی پێكداهەڵپژانی نێوان هێزە ئەمنییەكان و خۆپیشاندەران ژمارەیەك كوژران و برینداربوون.
بە گوێرەی راپۆراتە رۆژنامەوانییەكان، حكومەتی عیراق بۆ هێوركردنەوەی رەوشەكە و بڵاوەپێكردنی خۆپیشاندەران، پەنای بردبووە بەر رادەستكردنی دۆسێی ئەمنی بە فەرماندە سەربازییەكان.
لە مانگی تشرینی یەكەمی رابردووەوە، تەوژمی خۆپیشاندان بەغدا و شارەكانی تری ناوەڕاست و باشووری عیراقی گرتۆتەوە و تێیدا خۆپیشاندەران داوای چاكسازی و بەگژداچوونەوەی گەندەڵی و باشكردنی خزمەتگوزاری و دۆزینەوەی هەلی كاریان كرد، دواتر داواكارییان ڕوویان لە زیادبوون كرد و خۆپیشاندەران داوای گۆڕینی سیستمی حوكمڕانی و دوورخستنەوەی چینە سیاسییەكەی دوای ساڵی 2003یان كرد، لە ئەنجامی پێكداهەڵپژانی نێوان هێزە ئەمنییەكان و خۆپیشاندەرانیش، تا ئێستا زیاتر لە 400 كەس كوژراون و نزیكەی 15 هەزار كەسی تر برینداربوون.

داوای بە سزاگەیاندنی بكوژان دەكرێت
پەرلەمانتارێكی هاوپەیمانی سائیرون، داوا كردبوو هەریەك لە جەلیل شەممەری و فەرماندە سەربازییەكانی پارێزگەكانی نەجەف و كەربەلا و زیقار، دەستبەجێ‌ بدرێنە دادگای سەربازی.
لە 29ی تشرینی دووەمی 2019، سەباح عگێلی، پەرلەمانتاری هاوپەیمانی سائیرون، لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاندبوو”پێویستە فەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكان بەرپرسیارێتی تەواوەتی رووداوەكانی پارێزگەكانی نەجەف و زیقار لەئەستۆ بگرێت”، داواشی كردبوو، جەلیل شەممەری و فەرماندە سەربازییەكانی نەجەف و كەربەلا و زیقار بدرێنە دادگا سەربازییەكان.
عگێلی، داوای لە كەسوكاری شەهید و بریندارەكانیش كردبوو”دەستبەجێ‌ سكاڵای یاسایی لە دژی ئەنجامدەرانی تاوانەكان بەرزبكەنەوە، ئەوانەش بدرێنە دادگا كە لە گرتوخانەكانی عیراقدا زیندانیان ئەشكەنجە دەدەن”.
لە 28ی تشرینی دووەمی رابردوو، خۆپیشاندانەكان لە شارەكانی عیراق، خوێناویترین ڕۆژییان تۆماركرد و بەهۆی پێكداهەڵپژانی نێوان هێزە ئەمنییەكان و خۆپیشاندەران، 63 كەس كوژران و زیاتر لە 500 كەسی تر برینداربوون، حكومەتیش بۆ هێوركردنەوەی ڕەوشەكە دەستیكرد بە رەوانەكردنی هێزی سەربازی بۆ ئەو شارانەی خۆپیشاندان و توندوتیژی بەخۆوە دەبینن، لە هەندێك پارێزگەشدا دۆسێی ئەمنی رادەستی فەرماندە سەربازییەكانی سوپا كرد.

پێكهێنانی لیژنەی لێكۆڵینەوە
فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەكان رایگەیاندبوو، عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیران، فەرمانی كردووە بە پێكهێنانی لیژنەیەك بۆ لێكۆڵینەوە لە ڕووداوەكانی نەجەف و زیقار، ئەمەش لەكاتێكدایە كە بەهۆی ئەو ڕووداوانەوە هەریەك لە پارێزگاری زیقار و جێگری پارێزگاری نەجەف دەستییان لەكاركێشایەوە.
بەپێی بەیاننامەیەك كە لەلایەن فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەكانەوە بڵاوكرابووەوە”سەرۆك وەزیران و فەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكان، فەرمانی كردووە بە پێكهێنانی لیژنەیەكی لێكۆڵینەوە لە رووداوەكانی هەردوو پارێزگەی زیقار و نەجەف كە بەهۆی پێكداهەڵپژانی نێوان خۆپیشاندەران و هێزە ئەمنییەكان، ژمارەیەكی زۆر كوژراو و برینداری لێكەتەوە”.
هەر لە بەیاننامەكەدا هاتبوو”لیژنەكە بەسەرۆكایەتی راوێژكاری سەربازی سەرۆك وەزیران دەبێت”.
لە هەفتەی رابردوودا، هەردوو پارێزگەی نەجەف و زیقار، پێكداهەڵپژانی نێوان هێزە ئەمنییەكان و خۆپیشاندەرانیان لێكەوتەوە، بەو هۆیەشەوە ژمارەیەكی زۆر كوژران و برینداربوون.
هەر بەهۆی ئەو ڕووداوانەوە، پارێزگاری زیقار دەستی لە پۆستەكەی كێشایەوە و جێگری پارێزگاری نەجەفیش كە ڕایگەیاندبوو”ئەم حكومەت هیچ سودێكی نییە”، دەستی لەكاركێشایەوە.

نەتەوە یەكگرتووەكان نیگەرانە
خۆپیشاندانەكان لە شارەكانی عیراق، خوێناویترین ڕۆژییان تۆماركرد و بەهۆی پێكداهەڵپژانی نێوان هێزە ئەمنییەكان و خۆپیشاندەران، 63 كەس كوژران و زیاتر لە 500 كەسی تر برینداربوون، حكومەتیش بۆ هێوركردنەوەی رەوشەكە دەستیكرد بە رەوانەكردنی هێزی سەربازی بۆ ئەو شارانەی خۆپیشاندان و توندوتیژی بەخۆوە دەبینن، لە هەندێك پارێزگەشدا دۆسێی ئەمنی رادەستی فەرماندە سەربازییەكانی سوپا كران.
نێردەی تایبەتی سكرتێری گشتی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ عیراق لە 29ی تشرینی دووەمی 2019 رایگەیاندبوو» ناكرێت بەرانبەر بە ژمارەی قوربانیانی خۆپیشاندانەكان لە عیراق بێدەنگ ببین»، ئاماژەی بە ئاگاداركردنەوەی ئەنجومەنی ئاسایش كرد لەو رووداوانەی ڕوودەدەن.
جینین هینیس بلاسخارت، نێردەی تایبەتی سكرتێری گشتی نەتەوە یەكگرتووەكان لە بەیاننامەیەكدا رایگەیاند”زیادبوونی ژمارەی كوژراو و بریندارەكانی خۆپیشاندانەكان، گەیشتووە ئاستێك كە ناكرێت لێوربدەبین بەرانبەری”.
بلاسخارت ئاماژەی بە بوونی تێكدەرانیش كردبوو لەنێو خۆپیشاندەراندا كە بە گوتەی ئەو”هەوڵی بەلاڕێدابردنی خۆپیشاندانە ئاشتیخوازەكان دەدەن و دەیانەوێت عیراق بەرەو ئاقارێكی مەترسیدار ببەن”.
نوێنەری تایبەتی سكرتێری گشتی نەتەوە یەكگرتووەكان لە عیراق، دەڵێت”لە لە نیویۆرك، لەبارەی وردەكاریی رووداوەكان لە عیراق، ئەنجومەنی ئاسایش ئاگاداردەكەمەوە”.
لە هەفتەی رابردوودا خۆپیشاندانەكان لە شارەكانی عیراق، خوێناویترین ڕۆژییان تۆماركرد و بەهۆی پێكداهەڵپژانی نێوان هێزە ئەمنییەكان و خۆپیشاندەران، 47 كەس لە شاری ناسریە كوژران و زیاتر لە 250 كەسی تر برینداربوون، لە شاری نەجەفیش بەپێی میدیاكانی عیراق 16 كەس كوژراون و سەدان كەسی تر برینداربوون، حكومەتیش بۆ هێوركردنەوەی ڕەوشەكە دەستیكردووە بە ڕەوانەكردنی هێزی سەربازی بۆ ئەو شارانەی خۆپیشاندان و توندوتیژی بەخۆوە دەبینن، لە هەندێك پارێزگەشدا دۆسێی ئەمنی ڕادەستی فەرماندە سەربازییەكان و سوپا كردووە.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*