سەرەکی » چاوپێکه‌وتن » به‌ده‌ل ره‌فۆی‌ گه‌ڕیده‌‌ و جیهان له‌ چاوی‌ كورده‌وه‌ ئه‌م جاره‌ له‌ قاهیره‌ ده‌گیرسێنه‌وه‌

به‌ده‌ل ره‌فۆی‌ گه‌ڕیده‌‌ و جیهان له‌ چاوی‌ كورده‌وه‌ ئه‌م جاره‌ له‌ قاهیره‌ ده‌گیرسێنه‌وه‌

دوعا ئه‌بو سه‌عده‌

به‌ده‌ل ره‌فۆ شاعیر گه‌ڕیده‌‌و وه‌رگێڕی‌ كورد‌و هه‌ڵگری‌ ره‌گه‌زنامه‌ی‌ نه‌مساییه‌، خه‌می‌ نیشتمانی‌ له‌ كۆڵ ناوه‌‌و وڵاته‌‌و وڵات ده‌گه‌ڕێ، وه‌ك خۆیشی‌ له‌ كتێبه‌كه‌ی‌ ئه‌م دواییه‌ی‌ دا به‌ ناوی‌ جیهان له‌ چاوی‌ كوردانه‌وه‌ ده‌ڵێ، له‌ گه‌شته‌كانی به‌ نێو وڵاتاندا بیری‌ مرۆڤدۆستانه‌‌و حه‌زی‌ ناسینی‌ كه‌لتووره‌ جیاوازه‌كانی‌ هه‌یه‌، ده‌یه‌وێ ببێته‌ پردێكی‌ په‌یوه‌ندی‌ تا كورد به‌وانی‌ دی‌‌و كه‌لتووره‌ جیاوازه‌كانی‌ ئه‌وانی‌ دیش به‌ كورد ئاشنا بكات، ئه‌م جاره‌یان له‌ قاهیره‌ گیرسایه‌وه‌‌و له‌وێ ئه‌م چاوپێكه‌وتنه‌مان له‌گه‌ڵیدا ساز كرد.

* به‌ده‌ل ره‌فۆ كێیه‌؟
-مرۆڤێكه‌ ئاشقی‌ گه‌لان‌و نیشتمانه‌ جیاوازه‌كانی‌ سه‌ر زه‌وییه‌، ئاشقی‌ شیعر‌و ته‌رجه‌مه‌‌و گه‌شته‌، ئامانجم دروست كردنی‌ پردێكی‌ په‌یوه‌ندی‌ مرۆڤدۆستانه‌‌و ئاشتیانه‌یه‌. له‌ ژینگه‌یه‌كی‌ هه‌ژاردا له‌ كوردستانی‌ عیراق له‌ دایك بووم‌و خوێندنی‌ زمانم له‌ به‌غدا ته‌واو كردووه‌، له‌ زۆر گۆڤار‌و رۆژنامه‌دا به‌ زمانی‌ كوردی‌‌و عه‌ره‌بی‌ بابه‌تم بڵاو كردۆته‌وه‌، قه‌سیده‌كانم چوونه‌ته‌ ناو ئینسكلۆپیدیا ئه‌ڵمانییه‌كانه‌وه‌.

*له‌ گه‌ڕان‌و گه‌شته‌كانتدا چیت ده‌ست كه‌وت، چیت دۆزییه‌وه‌؟
-گه‌ڕان‌و بینینی‌ راسته‌خۆی‌ شوێنه‌كان سه‌رچاوه‌ی‌ سه‌ره‌كین بۆ ئه‌ده‌بی‌ گه‌ڕیده‌، من چێژ له‌ گه‌ڕان ده‌بینم، ناسینی‌ گه‌لانی‌ دیكه‌‌و داب‌و نه‌ریتیان‌و دۆزینه‌وه‌ی‌ نه‌زانراوه‌كان‌و بینینی‌ شوێن‌و شوێنه‌واره‌ گرنگ‌و مێژوویی‌و شارستانییه‌كان‌و شێوازی‌ ژیانی‌ خه‌ڵك‌و كۆمه‌ڵگه‌كان، هه‌موو ئه‌مانه‌ چێژبه‌خش‌و به‌سوودن. بۆ شوێنێكیش چووبم بابه‌تی‌ ئه‌نتیكه‌ی‌ ئه‌و وڵاته‌م له‌گه‌ڵ خۆم هێناوه‌ته‌وه‌، له‌ زۆر شوێنیش چه‌ندان كه‌سایه‌تی‌ دیارییان پێ به‌خشیوم، وه‌ك دیاریی كوڕه‌كه‌ی‌ چێ گیڤارا.

*ده‌وترێ قاهیره‌ یان میسر دایكی‌ دونیایه‌، ئێوه‌ ده‌ڵێن چی‌؟
-له‌ كتێبه‌كه‌مدا باسی‌ میسرم كردووه‌، شایسته‌ی‌ باسكردنه‌، چونكه‌ پێشتر‌و تا ئێستاش میسر مناره‌ی‌ رۆشنبیری‌‌و مرۆڤایه‌تی‌‌و هونه‌ر‌و بیناسازییه‌، ئه‌وه‌ی‌ زۆر سه‌رنجی‌ راكێشام ئه‌وه‌یه‌ كه‌ له‌ پاڵ شاره‌ تازه‌كه‌دا شاره‌ كۆنه‌كه‌ی‌ قاهیره‌شیان وه‌ك خۆی‌ هێشتۆته‌وه‌.

*به‌ده‌ل ره‌فۆ‌و ئه‌زموونی‌ شیعر‌و ته‌رجه‌مه‌كانی‌ چۆن‌و له‌ كوێوه‌ ده‌ستی‌ پێكردووه‌؟
-وه‌ك ته‌رجه‌مه‌، وه‌رگێڕی‌ داهێنه‌ر ئه‌و كه‌سه‌یه‌ كه‌ تێكه‌ڵی‌‌و ئاگاییه‌كی‌ زۆر باشی‌ له‌ كه‌لتووری‌ هه‌ردوو گه‌لی‌ خاوه‌ن زمانه‌كه‌وه‌ هه‌بێت، چونكه‌ به‌ ته‌نیا زانینی‌ دوو زمانه‌كه‌ به‌س نییه‌، له‌ بواری‌ شیعردا ساڵی‌ 1977 ده‌ستم كردووه‌ به‌ شیعر نووسین، یه‌كه‌م شیعرم له‌ رۆژنامه‌ی‌ حه‌دبا بڵاو كرده‌وه‌ كه‌ له‌ موسڵ ده‌رده‌چوو، دواتر چوومه‌ به‌غدا بۆ خوێندن‌و له‌وێ زۆر شیعر‌و وتارم له‌ گۆڤار‌و رۆژنامه‌كاندا بڵاو كردۆته‌وه‌.

*چیرۆكی‌ ئه‌و شیعره‌ چییه‌، كه‌ پێشكه‌شی‌ دایكت كردووه‌؟
-ساڵی‌ 2018 بۆ یه‌كه‌م دار هه‌ستم به‌ ته‌نیایی كرد، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی‌ دایكم ماڵاوایی له‌ ژیان كرد، به‌ڵام دڵخۆشم به‌وه‌ی‌ به‌ر له‌ مردنی‌ قه‌سیده‌ی‌ خاتوونی‌ خاكم بۆ نووسی‌‌و له‌ كتێبێكدا بڵاوم كرده‌وه‌‌و پێشكه‌شی‌ ئه‌وم كرد.

*خۆت تاراوگه‌ت هه‌ڵبژاردووه‌، رۆژێك له‌ رۆژان رووی‌ داوه‌ په‌شیمان بیت له‌و هه‌ڵبژاردنه‌ت؟
-به‌ پێچه‌وانه‌وه‌، تاراوگه‌ بۆ من بۆته‌ نیشتمانێكی‌ هه‌رمانی‌، له‌ هه‌ر شوێنێكی‌ ئه‌م سه‌ر زه‌وییه‌ قبووڵم بكه‌ن‌و شكۆی‌ مرۆڤانه‌م تیایدا پارێزراو بێت ئه‌وێ نیشتمانی‌ منه‌، پێشت سه‌یر نه‌بێت حه‌ز ده‌كه‌م بۆ هه‌میشه‌ له‌ شاری‌ شه‌فشاون نیشته‌جێ بم.

*له‌ به‌رهه‌می‌ گه‌ڕان‌و ساڵانی‌ تاراوگه‌ت چیت چنیوه‌ته‌وه‌؟
-به‌رهه‌می‌ تاراوگه‌م تا ئێستا نووسنی‌ 18 كتێبه‌، پردێكی‌ په‌یوه‌ندیشم له‌ نێوان نه‌مسا‌و خۆرهه‌ڵات‌و كوردستاندا دروست كردووه‌، له‌ زۆر وڵات خه‌ڵات كراوم، توانیومه‌ دۆزی‌ كورد به‌ وڵاتان بناسێنم‌و هه‌روه‌ها ئه‌ده‌بی‌ نه‌مساییش بناسێنم، زۆر كۆڕ‌و سیمینارم ساز كردووه‌ له‌ كازاخستانه‌وه‌ تا ده‌گات به‌ مه‌كسیك‌و له‌ مه‌راكیشه‌وه‌ تا میسر، له‌ باره‌ی‌ زۆر په‌رستگا‌و بینای‌ جوان‌و داب‌و نه‌ریتی‌ گه‌لانه‌وه‌ نووسیومه‌.

*رۆڵی‌ شیعر له‌ مرۆڤایه‌تیدا چییه‌؟
-شیعر ده‌ربڕینی‌ راستگۆیانه‌ی‌ هه‌سته‌ له‌ وێستگه‌‌و هه‌ڵوێسته‌ مرۆڤییه‌كاندا، په‌یامێكی‌ باڵایه‌ له‌ شاعیره‌وه‌ بۆ خه‌ڵك، له‌به‌ر ئه‌وه‌ پێوسته‌ شاعیر ئاوێنه‌یه‌كی‌ راستگۆ بێت بۆ ئازار‌و كوێره‌وه‌رییه‌كانی‌ گه‌له‌كه‌ی‌، شاعیر ده‌بێ دژی‌ جه‌نگ‌و له‌گه‌ڵ ئاشتیدا بێت، شیعر كاریگه‌رترین چه‌كه‌.

*باسی‌ ئه‌وه‌ت كرد حه‌ز ده‌كه‌یت به‌ شێوه‌ی‌ هه‌میشه‌یی له‌ شه‌فشاون نیشته‌جێ بیت، پێت وایه‌ وه‌ك پێویست له‌و شاره‌ تێگه‌یشتوویت؟
-مێژوو هه‌میشه‌ بابه‌تی‌ به‌پێزی‌ پێیه‌ بۆ گه‌ڕیده‌كان، شاری‌ شه‌فشاونیش یه‌كێكه‌ له‌ شاره‌ مێژووییه‌كان، ته‌ژی‌ نهێنییه‌‌و كاتی‌ ده‌وێ بۆ ئه‌وه‌ی‌ نهێنییه‌كانی‌ بدۆزیته‌وه‌، چه‌ند زیاتر لێی‌ بمێنیته‌وه‌ هێشتا كه‌مه‌ بۆ ناسینی‌، جگه‌ له‌و هونه‌ره‌ بیناسازییه‌ ناوازه‌یه‌ی‌ شاره‌كه‌ هه‌یه‌تی‌، هه‌ر كوچه‌‌و كۆڵانێك ده‌چی‌ راز‌و نهێنی‌ خۆی‌ هه‌یه‌، هه‌ر گۆڕستانێك‌و ته‌نانه‌ت له‌ نێوان هه‌ر گۆڕێك‌و گۆڕێكی‌ دیكه‌شدا پڕه‌ له‌ چیرۆك‌و به‌سه‌رهاتی‌ مێژووی‌ شاره‌كه‌، چیرۆكی‌ شێته‌كانی‌ شه‌فشاون كه‌ من به‌ فه‌یله‌سوفیان ده‌زانم، یان چیرۆكی‌ سێوله‌ك‌و ده‌رۆزه‌كه‌ران. شه‌فشاون‌و پێشتخانه‌ میللییه‌كانی‌، خه‌ڵكه‌ ساده‌‌و رۆحسووكه‌كه‌ی‌. له‌ هه‌مووی‌ جوانتر ئه‌و هه‌موو به‌رهه‌م‌و جموجۆڵه‌ ئه‌ده‌بی‌‌و هونه‌رییه‌یه‌ كه‌ تێیدا ده‌كرێت، ئه‌وه‌شمان بیر نه‌چێ شاره‌كه‌ تا ئێستاش پارێزگاری‌ له‌ داب‌و نه‌ریت‌و كه‌لتووری‌ دێرینه‌ی‌ خۆی‌ كردووه‌، بازاڕی‌ هه‌فتانه‌ی‌ جوتیاران‌و چیرۆكه‌كانیان‌و به‌ گشتی‌ شارێكه‌ خه‌ڵكه‌كه‌ی‌ جواندۆستن. پێم وایه‌ ئه‌و گه‌وهه‌ره‌ی‌ لێم ونبووه‌ له‌وێیه‌. شاره‌ كۆنه‌كان به‌ گشتی‌ ئه‌و تایبه‌تمه‌ندییه‌یان هه‌یه‌ كه‌ چیرۆكه‌كانیان تێكه‌ڵ به‌ چیرۆكی‌ داهێنه‌ره‌كانیان ده‌بێت، ئه‌وانه‌ی‌ بیره‌وه‌رییه‌كانی‌ خۆیان ده‌نووسنه‌وه‌، هه‌ر له‌به‌ر ئه‌وه‌ له‌و باوه‌ڕه‌دام كاتی‌ زۆرم پێویسته‌ بۆ ئه‌وه‌ی‌ له‌ شاری‌ شه‌فشاون تێبگه‌م‌و په‌ی‌ به‌ راز‌و نهێنییه‌كانی‌ ببه‌م.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*