سەرەکی » وتار » گۆران فه‌تحی » كورد و میسر و (سیسی)

كورد و میسر و (سیسی)

وته‌كانی سه‌رۆكی میسر عه‌بدولره‌حمان سیسی، كه‌ له‌وڵامی كچێكی گه‌نجی كورد هات، له‌دانیشتنێكی به‌رفراواندا له‌میسر، كه‌ تێیدا ووتی «ده‌وڵه‌تی كوردی و خاكی كوردستان بۆ سه‌ر چوار وڵات دابه‌شكراوه‌ كه‌ ئه‌وانیش ئێران و عیراق و توركیا و سوریا»، هه‌روه‌ها جه‌ختكردنه‌وه‌ی‌ له‌وه‌ی هه‌رچه‌ند كورد وه‌كو میلله‌ت سه‌ركوت كراوه‌، به‌ڵام زمان و عادات و كه‌لتوری وه‌ك نه‌ته‌وه‌ ماوه‌ته‌وه‌و ده‌مێنێته‌وه‌، ته‌نها شت كه‌ له‌ده‌ست كورد چووه‌ سه‌رچاوه‌كانی نێو خاكه‌كه‌یه‌تی، ئه‌مه‌ش ده‌رخه‌ری ئه‌و په‌یوه‌ندییه‌ باشه‌یه‌ كه‌ كورد له‌مێژوودا له‌ گه‌ڵ میلله‌تی میسردا هه‌یبووه‌.
هه‌ر له‌دانیشتنه‌كه‌دا سه‌رۆكی میسر رایگه‌یاند، هیچ كه‌س ناتوانێت ناسنامه‌ی‌ كورد بسرێته‌وه‌، روونیشیكرده‌وه‌ كه‌ میلله‌تی‌ كورد له‌نه‌هامه‌تی گه‌وره‌دا ژیاوه‌ به‌درێژایی شه‌ست ساڵی رابردوو.
ئه‌و په‌یوه‌ندییه‌ی كورد كه‌ له‌گه‌ڵ میسردا هه‌یبووه‌ وه‌كو خاك و میلله‌ت، وایكرد كه‌ من یه‌كه‌م بابه‌ت و لێكۆڵینه‌وه‌م به‌زمانی كوردی له‌ساڵی 1998 و له‌رۆژنامه‌ی‌ كوردستانی نوێ له‌سه‌ر ئه‌و په‌یوه‌ندییه‌ قووڵه‌ی‌ كورد له‌گه‌ڵ ئه‌و وڵات و میلله‌ته‌دا بێت.
بۆ زانیاریش كورد چه‌ندین حوكمڕان و سه‌ركرده‌و هه‌روه‌ها چه‌ندین رۆشنبیری له‌بواره‌ جیاجیاكاندا پێشكه‌ش به‌و وڵاته‌ كردووه‌و به‌ناوی ئه‌و وڵاته‌وه‌ به‌رهه‌م و كاره‌كانیان ئه‌نجامداوه‌، ئه‌گه‌ر ئێمه‌ ته‌نها باس له‌ حوكمڕأنی كورد له‌و وڵاته‌ بكه‌ین ئه‌وه‌ ده‌توانین ناوی (ئیبن سالار) بێنین كه‌ له‌سه‌رده‌می فاتیمیه‌كاندا وه‌زیری ئه‌و ده‌وڵه‌ته‌ بووه‌ و حوكمڕانی موتڵه‌ق بووه‌ و نازناویشی عادل بووه‌ له‌به‌ر دادپه‌روه‌ری، دوای ئه‌ویش سه‌لاحه‌دین و ده‌وڵه‌تی ئه‌یوبیان دێت كه‌ حوكمڕانی میسر و شام و یه‌مه‌ن و زۆرێك وڵاتی ناوچه‌كه‌یان كردوو میسریان كرد به‌ناوه‌ندی ده‌سه‌ڵاته‌كه‌یان، ئه‌میش به‌دادپه‌روه‌ری نه‌ك بووه‌ جێ شانازی وڵاتانی ئیسلامی ئه‌وكات، به‌ڵكو وه‌كو مێژوو باسی ده‌كات دادپه‌روه‌رییه‌كه‌ی‌ وایكردبوو قیبتیه‌كانی میسر كه‌ به‌ئاین مه‌سیحین وێنه‌كانی له‌شوێنه‌ ئاینیه‌ پیرۆزه‌كانیان دابنێن، ئه‌گه‌ر باس بێته‌ سه‌ر ده‌وڵه‌تی عه‌له‌ویش له‌مێسر كه‌ محه‌مه‌د عه‌لی پاشا (دیار به‌كری) دایمه‌زراند ئه‌وا ئه‌ویش و نه‌وه‌كانیان توانیان له‌كاتی حوكمرانیان بۆ ئه‌و وڵاته‌ میسر پێش بخه‌ن له‌هه‌موو روویه‌كه‌وه‌ به‌سه‌ربازی‌ و زانستیشه‌وه‌، كه‌ ئه‌وه‌ش وایكرد سه‌رده‌می بووژانه‌وه‌ (رینیسانس) له‌وڵاتی‌ میسره‌وه‌ به‌جیهانی عه‌ره‌بیدا بڵاوبێته‌وه‌.
ئه‌م وڵاته‌ چه‌ندین زانا و رۆشنبیرو ئه‌دیب و نووسه‌ری كوردی دیاریشی تێدا هه‌ڵكه‌وت، ئه‌گه‌ر كۆنه‌كان باس بكه‌ین ئه‌وا ئیبن حاجب و ئیبن سه‌لاح و چه‌ندانی تر ناویان ده‌دره‌وشێته‌وه‌، له‌سه‌رده‌می بووژانه‌وه‌ش ئه‌وا ناوی بنه‌ماڵه‌ی‌ ته‌یموری و میری شاعیران ئه‌حمه‌د شه‌وقی و داكۆكێكار له‌مافی ئافره‌ت قاسم ئه‌مین و هه‌روه‌ها ئیمام محه‌مه‌د عه‌بده‌ عه‌باس مه‌حمود عه‌قاد و عه‌بدولباسیت عه‌بدولسه‌مه‌دی قورئان خوێن و له‌بواری سینه‌ما ئه‌حمه‌د به‌درخان و عه‌لی به‌درخان و له‌شێوه‌كاری محه‌مه‌د سه‌یف وانلی و ده‌یان ناوی تر هه‌ن، كه‌ ده‌رخه‌ری ئه‌وه‌ن كورد به‌رده‌وام له‌گه‌ڵ ئه‌و خاك و میلله‌ته‌دا په‌یوه‌ندی هه‌بووه‌ به‌جۆرێك زۆرێكیان له‌ناو كۆمه‌ڵگه‌ی‌ میسریدا تواونه‌ته‌وه‌.
هه‌ر له‌و وڵاته‌شداو له‌سه‌رده‌می ده‌وڵه‌تی فاتیمیه‌وه‌، له‌ مزگه‌وتی ئه‌زهه‌ر رواقێكی تایبه‌ت بۆ كورد ته‌رخان كرابوو، تا ئێستاش ئه‌و رواقه‌ هه‌ر ماوه‌و خوێندكاری كورد تێیدا ده‌خوێنن، نابێت ئه‌وه‌شمان له‌بیر چێت كه‌ میسر ده‌رگای واڵا كردبوو بۆ خه‌باتكارانی دژ به‌ده‌وڵه‌تی عوسمانی و له‌هه‌موو نه‌ته‌وه‌كانی سه‌ر به‌و ده‌وڵه‌ته‌و له‌نێو ئه‌وانیشدا بۆ خه‌باتگێرانی كورد، كه‌ یه‌ك له‌وان میقداد میدحه‌ت به‌درخان توانی یه‌كه‌م رۆژنامه‌ی‌ كوردی له‌قاهیره‌ له‌ساڵی 1898دا چاپ و بڵاوبكاته‌وه‌.
سه‌باره‌ت به‌ سه‌رده‌می نوێی میسریش دوای كوده‌تای ئه‌فسه‌ره‌ ئازاده‌كان به‌سه‌رۆكایه‌تی‌ جه‌مال عه‌بدولناسر، به‌سه‌ر بنه‌ماڵه‌ی‌ خدێوی میسر، ئه‌وه‌ بۆچوون و په‌یوه‌ندی باشی ئه‌و وڵاته‌ به‌سه‌ركرده‌كانیشه‌وه‌ به‌رامبه‌ر كورد وه‌ك خۆی‌ به‌باشی مایه‌وه‌، هه‌ر ئه‌وه‌ش به‌سه‌ بڵێین دوان له‌ئه‌فه‌سه‌ره‌ باڵاكانی كوده‌تاكه‌ كوردبوون كه‌ ئه‌وانیش زه‌كه‌ریا محێدین و خالید محێدین بوون، زه‌كه‌ریا ساڵانێكی زۆر وه‌زیری ناوخۆی‌ سه‌رده‌می ناسربوو، هه‌ر له‌سه‌رده‌می عه‌بدولناسردا رێگه‌درا یه‌كه‌م رادیۆی‌ كوردی له‌شاری قاهیره‌ دابمه‌زرێت ساڵی 1957 و ئه‌مه‌ چ جای رێگه‌دان به‌سیاسی و سه‌ركرده‌كانی كورد بۆ سه‌ردانیكردنی ئه‌و وڵاته‌ و مانه‌وه‌ تێیدا، له‌پاڵ سه‌ردانیكردنی وه‌فدی سیاسی كورد بۆ میسر كه‌ یه‌ك له‌وانه‌ وه‌فدی پارتی دیموكراتی كوردستانی عیراق بوو، بۆ لای عه‌بدولناسر كه‌ مام جه‌لال و ئیبراهیم ئه‌حمه‌دی تێدا بوو.
دوای ناسریش په‌یوه‌ندی ئه‌نوه‌ر سادات به‌هه‌مان شێوه‌ به‌باشی مایه‌وه‌ له‌گه‌ڵ كورددا و سه‌رۆكی ئه‌و وڵاته‌ تا كوژرانیشی په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ عیراقدا خراپ بوو به‌تایبه‌ت له‌كاتی ده‌سه‌ڵاتی سه‌دام حوسێنی دیكتاتۆر.
له‌به‌ر ئه‌مانه‌، ئه‌و هه‌ڵوێسته‌ جوانه‌ی‌ سه‌رۆك عه‌بدولره‌حمان سیسی، كه‌ سه‌رۆكی گه‌وره‌ترین وڵاتی عه‌ره‌بیه‌ له‌ سێهه‌م مونته‌دای لاوانی جیهان له‌شه‌رم شێخ، نیشانه‌ی‌ به‌ئه‌مه‌كی و پێزانینی ئه‌و میلله‌ته‌یه‌ به‌رامبه‌ر به‌گه‌لی كورد، كه‌ چه‌ندین حوكمڕان و سه‌ركرده‌ی دادپه‌روه‌ر و رۆشنبیر و زانا و كه‌سانی دیاری پێشكه‌ش به‌ میسر كردووه‌ له‌مێژوودا.

 321 جار بینراوە