سەرەکی » کەلتوور » چەند پەیڤێك لە سێبەری مامۆستا جەمال نەبەزدا

چەند پەیڤێك لە سێبەری مامۆستا جەمال نەبەزدا

سەروەر عەبدوڵڵا

لە سەروبەندی تەواوکردنی پێداچوونەوە بە چاپی دووەمی کتێبی (فەلسەفە و رامانی یارسانیی لە فەرهەنگ و کۆمەڵگەی کوردەوارییدا) وردە وردە تەندرووستی مامۆستا جەمال نەبەز بەرەو ناسازی ڕۆشت تا گەیشتە ئەو ئاستەی لە بەرەبەیانی ڕۆژی ٨/١٢/٢٠١٨ بە جەستە کۆچی دوایی کرد. یەکێك لە ئارەزووەکانی نەبەز جارێکی دیکە چاپکردنەوەی ئەم کتێبەی بوو بۆ ئەوەی وەک دیارییەک بگاتە ئەو خوێنەرانەی بەدەستیان نەگەیشتبوو، ئەوە بوو کۆچەکەی ڕێگەی پێنەدا پێداچوونەوەی تێکستە تایپکراوەکەی تەواو بکات، هەربۆیە تەواوکردنی پێداچوونەوەکەیمان بە ئەرکی خۆمان زانی. لە ڕاستیدا نەك هەر لەم کارەی مامۆستا جەمال بەڵکوو لەم چەندین ساڵەی دواییدا لە چەند وردە پێداچوونەوەیەکی دیکەشدا مامۆستا خزمەتی منی قبووڵ بووە، لێ ئەمەش وەك سووکە کارێکی دینامیکی ئاسایی کە تەنها بۆ هەڵەبڕی تایپکردنەکان بووە نەوەك بۆ ڕاوسەرنج و بۆچوون بەخشین، ئەو هیچ پێویستییەکی بە کەسانی من ئاسا نەبووە لە پڕۆسەکانی نووسین و بڵاوکردنەوەکانی خۆیدا کە بە عیشقێکی لە ڕاددە بەدەر و بە زمانە کوردییە پاراوەکەی دایانی دەڕشت. هاوکات مامۆستاش ئەو شانازییەی پێبەخشیوم لە ڕەشنووسی چەند وردە نووسینێکمدا چەندین سەرنج و ئاماژەی زمانناسیی بە من ببەخشێت، منیش لەڕۆشناییەکەیانەوە هەڵەکانم سەڕڕاست کردۆتەوە و داڕشتەی کارەکانم باشتر پێیانەوەکردووە. کتێبەکانی مامۆستا نەبەز نەك هەر چەش و خٶشی جوانییەکانی زمانی خۆیمان پیدەبەخشێت بەڵکوو ئەم نووسینانەی ئەو هەمیشە و هەردەم درەختی باڵابەرز و درەوشاوە و بەردار بوونە و ئێمەش لە سێبەریانەوە فێردەبووین. دوور لە هەموو جیاوازییەك لە بۆچوونەکانی خۆم لەگەڵ چەمکەکانی مامۆستا نەبەز، ئەوا کتێبی (فەلسەفە و رامانی یارسانیی لە فەرهەنگ و کۆمەڵگەی کوردەوارییدا) بە یەکێك لە کتێبە ناوازە و ڕابەر و جوانەکانی ئەوی دەبینم ئەمەش نەك هەر لەبەر ئەوەی بابەتەکانی بە نێو چەندین باسوخواسی گرنگی مێژوویدا گوزەر دەکات و بۆچوونەکانی خۆی لە ئاخێزگەیاندا گەڵالەدەکات بەڵکوو نووسەر بوێرانە چەندین لایەنی شاراوە لە پێکهاتەی کۆمەڵایەتیی و بیروباوەڕیی ئاینی یارسان ئاشکرا دەکات، بێگومان ئێمە نامانەوێت باس لەم لایەنانە، بکەین بەڵکوو بۆ خوێنەری دەهێڵینەوە خۆی بیانخوێنێتەوە و چەشیان لێوەربگرێت بێگومان جارێکی دیکەی لەچاپدانەوەی ئەم کتێبە، بە کۆششی بێوچانی بەڕێز نیعمەت خانی خوشکی بچووکی مامۆستا نەبەز و هەروەها بە هەوڵی ماندوونەناسی بەڕێز کاک دەوەن مەعرووف کە هەردەم دڵسۆزی نەبەز خانەوادەکەی بووە هاتۆتە ئەنجامدان، بەندەش هەر تەنها پێداچوونەوەکەی تەواو کردووە و ئەم پێشەکییە کورتەی بۆ نووسیوە. بەو هیوایەی ئەم کتێبە سەرچاوەیەک بێت بۆ خوێنەر و لێکۆڵەرانی ئاینی یارسانی و مێژووەکەی.

print

 123 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*