سەرەکی » راپۆرت » وەڵامی سنووردار كۆنترۆڵدەكرێت؟

شرۆڤەی رۆژ

وەڵامی سنووردار كۆنترۆڵدەكرێت؟

هەواڵ و بەدواداچوون

بەرەبەیانی رۆژی چوارشەممە، ئێران هێرشی «تۆڵەی قورسی» كردە سەر هێزەكانی ئەمریكا لە عیراق و هەرێمی كوردستان. ئێران دەڵێت: تۆڵەی خۆمان كردۆتەوە و لێرەش بەدواوە نامانەوێت لەوە زیاتر كێشەكانمان قووڵتر بێتەوە، بەڵام ئەگەر ئەمریكا بەردەوامی بە سیاسەتی دژە ئێرانی بدات، ئەوا وەڵامێكی یەكلاكەرەوەمان دەبێت.
بەم وەڵامەی ئێران و هەڕەشەكانیشی سەبارەت بە دەركردنی هێزەكانی ئەمریكا لە عیراق و ناوچەكە، ئەو پرسیارە دێتە پێشەوە، كە ئایا دەكرێت لەم دۆخەدا وەڵامی سنووردار كۆنترۆڵبكرێت؟ بەمەرجێك لایەنگرانی هەردوولایەن دۆخەكە تێكنەدەن، واتە ئیسرائیل وەك یەكێك لە لایەنگرانی ئەمریكا و حزبوڵڵای لوبنان و هێزە شیعەكانی عیراق وەك لایەنگرانی ئێران لە پڕ رووداوێك نەخوڵقێنن. هەرچەندە پێشبینییەكان، جۆرێك لە فاڵگرتنەوە نین، بەڵام سیناریۆكان هەموو ئەگەرێكیان كراوە كردووە.
ئێستا بەریەككەوتن و ململانێكانی هەردوولایەن، لە سەر خاكی عیراق بە ئاشكرا دیارن، چ حكومەتی عیراق و چ نەتەوە یەكگرتووەكانیش، داوا دەكەن ئاگری شەڕەكە لە عیراق دووربخەنەوە، بەڵام هەڵوێستی ئەمریكا و بڕیارەكانی ترەمپیش، دەبێت دیسانەوە بە چاوێكی دیكەوە سەیر بكرێن. بەتایبەت كە ترەمپ لە وتەكانیدا هەڕەشەیەكی ئەتۆمی لە ئێران نەكرد و داوایكرد «كار بكەن بۆ ئەوەی پەیوەندییەكی باشتری لەگەڵ وڵاتانی ناوچەكە هەبێت»، بەڵام لە بەرامبەر هێرشەكانی ئێراندا وتی: چیتر پەلامارەكانی لێ قبووڵ ناكرێت.
ئێران، بە هێرشەكانیشییەوە ئێستا دەڵێت: بەدوای شەڕدا نین، بەڵام روبەڕوی هێرشەكان دەبینەوە. دیسانەوە لە سەر سنوورداركردنی دۆخەكە و هاوكات ئارامكردنەوەی، بەشێكی زۆری وڵاتان دەیانەوێت دۆخەكە لەوە زیاتر لە دەست دەرنەچێت و نەبێتە مایەی بەریەككەوتنی رووبەڕوو. هێشتا روون نییە، ئاماژەكانی ئارامی قسەكردن و دانبەخۆداگرتنەكەی ترەمپ چین؟.

print

 109 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*