نوێبوونه‌وه‌

له‌ پاش به‌پایان هاتنی چواره‌مین كۆنگره‌ی یه‌كێتییه‌كه‌مان، یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان، ئه‌ندامانی كۆنگره‌ كه‌ ده‌سته‌بژێری هه‌موو یه‌كێتییه‌كان بوون له‌ ته‌واوی شار و ناوچه‌كانی هه‌رێمی كوردستان و ده‌ره‌وه‌، كه‌ سه‌رجه‌م دامه‌زراوه‌ و ئۆرگانه‌كانی له‌خۆگرتبوو، بۆ خه‌باتی نه‌پساوه‌ و ئاسووده‌بوونی رۆحی كۆچكردوو مامی گه‌وره‌ی گه‌لی كورد به‌گشتی (مام جه‌لال) و تێكڕای شه‌هیدانی گه‌لی كوردستان به‌گشتی و شۆڕشی نوێی گه‌له‌كه‌مان و پاسه‌وانانی سنووره‌كانی نیشتمان و ئاسووده‌بوونی كه‌سوكاره‌ سه‌ربڵند و رووسووره‌كانیان و پێشمه‌رگه‌كانی دوێنێی كۆڕی خه‌بات بۆ گه‌یشتن به‌ رزگاری و ئازادی گه‌له‌كه‌مان و ئه‌مڕۆی پارێزه‌رانی ده‌ستكه‌وته‌كانی راپه‌ڕین و زیندانیانی سیاسی و كه‌مئه‌ندامانی سه‌نگه‌ر، هه‌موو ئه‌و سه‌ركرده‌ و فه‌رمانده‌ ئازا و قاره‌مانانه‌ی كه‌ له‌ سه‌نگه‌ری شه‌ره‌ف و له‌به‌رده‌م په‌تی سێداره‌دا به‌ وتنه‌وه‌ی دروشمی (كه‌م ژیان وكه‌ڵ ژیان) دوژمنانی گه‌له‌كه‌مانیان سه‌رسام ده‌كرد، بۆ هه‌موو ئه‌و تێكۆشه‌رانه‌ی كه‌ له‌سه‌ر رێبازی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان درێژه‌یان به‌ خه‌بات دا و له‌و پێناوه‌شدا بێباكانه‌ خوێنیان به‌خشی، سه‌ركه‌وتنی كۆنگره‌ی چواره‌می یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستانیان كرده‌ دیاری ده‌ستیان، سه‌رله‌به‌یانی رۆژی 21/12/2019 له‌ ژێر دروشمی (نوێبوونه‌وه‌)، یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان چواره‌مین كۆنگره‌ی خۆی ده‌ستپێكرد و ماوه‌ی پێنج رۆژی خایاند.
له‌ كۆنگره‌كه‌دا ( 1090) ئه‌ندام كه‌ 20 %ی توێژی ژنانی پێك ده‌ئه‌هێنا، به‌شدارییان كرد و به‌ چاودێریی كۆمسیۆنی باڵای سه‌رپه‌رشتیكردنی كۆنگره‌ و ژماره‌یه‌ك دادوه‌ری به‌ڕێز له‌ سه‌رۆكایه‌تیی دادگای تێهه‌ڵچوونه‌وه‌ی سلێمانی و به‌ ئاماده‌بوونی كۆمسیۆنی باڵای هه‌ڵبژاردنه‌كانی عیراق به‌ سه‌ركه‌وتوویی به‌ڕێوه‌چوو.
دیاره‌ چواره‌مین كۆنگره‌ی یه‌كێتییه‌كه‌مان له‌ دوای پتر له‌ (9) ساڵ و له‌ پاش كه‌ڵه‌كه‌بوونی زۆرێك له‌ گله‌یی و گازنده‌ و ره‌خنه‌ی هه‌ڤاڵانه‌ به‌ له‌به‌رچاوگرتنی دڵسۆزییانه‌وه‌ و چه‌ندین ئاسته‌نگ و كێشه‌ی هه‌ڵواسراو، به‌ تایبه‌ت له‌ غیابی مامی گه‌وره‌مان، زۆر به‌سه‌ركه‌وتوویی ‌و بێ هیچ گرفتێكی سیاسی و ته‌كنیكی كۆتاییهات.
له‌ ماوه‌ی ئه‌و پێنج رۆژه‌ پڕ جۆش و خرۆش و پێشبڕكێی دیموكراسییانه‌ و هه‌ڤاڵانه‌ی كاندید و پاڵێوراو و ئه‌ندامانی ده‌نگده‌ر، خۆشبه‌ختانه‌ له‌ كه‌شێكی ئارام و به‌ هه‌ستكردن به‌ لێپرسراوێتی مێژوویی بۆ سه‌رله‌نوێ نوێبوونه‌وه‌ به‌ رۆحییه‌تی پاراستنی ریزه‌كانی یه‌كێتی و بۆ ته‌بایی و دووپاتكردنه‌وه‌ی وه‌فاداری بۆ رێبازی یه‌كێتی و خوێنی شه‌هیدان و به‌ ئه‌مه‌كی بۆ پێشمه‌رگه‌ و كه‌م ئه‌ندامانی سه‌نگه‌ر و تێكۆشه‌ران و فیداكارانی پارتیزانان و رێكخستنه‌ خۆڕاگره‌كان و كه‌سوكاری سه‌ربه‌رزی شه‌هیدان و ته‌واوی چین و توێژه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌ی كورده‌واری و دۆست و لایه‌نگران و جه‌ماوه‌ری یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان، به‌ پاراستنی یه‌كێتی ناو یه‌كێتی وه‌ك ئه‌ركێكی نیشتمانی و فیكری و سیاسی پێویست كه‌ له‌گه‌ڵ گه‌شه‌پێدانیشیدا له‌ رووی چۆنایه‌تییه‌وه‌ مه‌رجێكی گرنگ بێت، یه‌كێتییه‌كه‌یان بۆ به‌ری ئارام په‌ڕانده‌وه‌.
بۆ پرسی هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی باڵای سیاسی بۆ پاراستنی به‌رژه‌وه‌ندییه‌كان و سه‌رله‌نوێ داڕشتنه‌وه‌ی هه‌یكه‌لی سه‌ركردایه‌تی و به‌ڕێوه‌بردنێكی نوێ بۆ یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان، كه‌ له‌گه‌ڵ پێشهات و گۆڕانكارییه‌كانی سیاسی دنیا و سه‌رده‌می ئێستای جیهانگیری و خه‌باتی سیاسی و شارستانی و جه‌ماوه‌ری و په‌رله‌مانی و دیپلۆماسیدا بگونجێت، ئازادانه‌ و به‌شێوه‌یه‌كی دیموكراسی ده‌نگده‌ران، له‌ پاش جیاكردنه‌وه‌ی ده‌نگه‌كان، تا له‌ داهاتوودا به‌ گرتنه‌به‌ری سیاسه‌تی نوێی دیموكراسی له‌ سیستمی نوێی جیهان و نێوده‌وڵه‌تی به‌ گشتی و ناوچه‌كه‌ به‌ تایبه‌تی، به‌ خوێندنه‌وه‌ی نوێ بۆ فه‌راهه‌مكردنی هاوسه‌نگیی هێز و گۆڕانكارییه‌كان، توانییان هه‌ردوو ئه‌نجومه‌نی باڵای سیاسی و ئه‌نجومه‌نی سه‌ركردایه‌تیی گشتی هه‌ڵبژێرن و پڕۆژه‌ی په‌یڕه‌وی ناوخۆی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان په‌سه‌ند بكه‌ن به‌ مه‌رجی سپاردنی به‌ ده‌سته‌یه‌كی شاره‌زا له‌ ئه‌نجومه‌نی سه‌ركردایه‌تیی گشتی، به‌ مه‌به‌ستی پیاچوونه‌وه‌ له‌ داهاتوویه‌كی نزیكدا.
به‌م بۆنه‌یه‌وه‌، بۆ سه‌ركه‌وتنی یه‌كێتی و بۆ هه‌نگاوی یه‌كه‌می كۆنگره‌ رووه‌ و نوێبوونه‌وه‌، به‌ره‌و هه‌رێمێكی ئارام و دیموكرات كه‌ تیایدا یاسا سه‌روه‌ر و مافه‌كانی مرۆڤ پارێزراو ‌و پڕ له‌ هیوا بێت، بار و گوزه‌رانی خه‌ڵك به‌ره‌و ئاستی به‌رز هه‌ڵكشێ. جه‌خت له‌ یه‌كڕیزیی گه‌له‌كه‌مان و به‌هێزكردنی ناوماڵی گه‌وره‌ی گه‌لی كوردستان و پاراستنی خاكی هه‌رێم و ستراتیژی ئه‌م قۆناغه‌ و نه‌ته‌وه‌كه‌مان ده‌كه‌ینه‌وه‌، به‌ سه‌رله‌نوێ گه‌شه‌پێدان و داڕشتنه‌وه‌ی هێڵكاری نوێی كارنامه‌ی سیاسیمان، میكانیزمێكی گونجاوتر و تۆكمه‌تر بۆ بره‌ودان به‌ په‌یوه‌ندییه‌ دیپلۆماسییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ و كوردستانییه‌كان به‌ تایبه‌ت له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌كانی سه‌ر گۆڕه‌پانی سیاسی هه‌رێمی كوردستان و عیراق به‌ گشتی، له‌ پێناوی پاراستنی به‌رژه‌وه‌ندییه‌ باڵاكانی گه‌له‌كه‌مان و پارێزگاریكردن له‌ ده‌ستكه‌وته‌ به‌ده‌ستهاتووه‌كان، كه‌ ده‌بێته‌ نه‌خشه‌ڕێگای یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان، سه‌ركه‌وتنی كۆنگره‌ راده‌گه‌یه‌نین.
به‌ناوی ئه‌ندامانی كۆمسیۆنی باڵای سه‌رپه‌رشتیكردنی چواره‌مین كۆنگره‌ی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستانه‌وه‌، وێڕای پیرۆزباییمان له‌ تێكڕای گه‌له‌كه‌مان به‌ هه‌موو ره‌نگه‌ جیاوازه‌كانییه‌وه‌ و به‌ تایبه‌ت كه‌سوكاری سه‌ربه‌رزی شه‌هیدان و پێشمه‌رگه‌ و رێكخستنه‌ دێرین و تیكۆشه‌ره‌ دێرینه‌كان، كادر و خه‌باتگێڕانی ماندوونه‌ناس و سه‌رجه‌م دۆست و لایه‌نگرانی (ی.ن.ك)، داواكارین به‌ زووترین كات كۆبوونه‌وه‌ی سه‌ركردایه‌تیی گشتی ئه‌نجام بدرێت.
سڵاو له‌ گیانی پاكی مامی گه‌وره‌مان (مام جه‌لال) و سه‌رجه‌م شه‌هیدانی گه‌له‌كه‌مان شاد و سه‌ربه‌رز و سه‌ركه‌وتوو بن

*سه‌رۆكی كۆمسیۆنی باڵای كۆنگره‌ی چواره‌می یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان

print

 47 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*