سەرەکی » وتار » ئیدریس جەبار » واشنتۆن و ئەنقەرە

واشنتۆن و ئەنقەرە

هەرچەندە بەهۆی كڕینی سیستمی موشەكی (S-400)وە خەریكە پەیوەندییەكانیان روو لە ئاڵۆزبوونی زیاتر دەكەن كە هاوكاتە لەگەڵ هەڕەشەكانی ئەمریكا بۆ سەپاندنی سزاكان بەسەر ئەنقەرە، بەڵام هێشتا هەردوولا جەخت لەسەر گرنگی هاوپەیمانی نێوانیان و دۆزینەوەی خاڵی هاوبەش دەكەنەوە بۆ دەرچوون لەم تەنگژەیەی كەوتووەتە نێوانیان.
ئەمریكاییەكان پێیانواییە دەتوانن بە دەستبەردان لە توركیا پێگەی خۆیان لە ناوچەكەدا وەك پێشوو بە بەهێزی بهێڵنەوە، بە تایبەتیش لەگەڵ هەڵكشانی خۆری روسیای فیدراڵ كە خەریكەی جێگەی یەكێتی سۆڤیەتی جاران دەگرێتەوە و هەڕەشە لەسەر بەرژەوەندییەكانی ئەمریكا لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست دروست دەكات.
ئەمەی ئەنقەرە و واشنتۆن ناوچەكەیان پێوە سەرقاڵ كردووە، جگە لە خۆڵكردنە چاوی ئەوانی دی و دروستكردنی كەشێكی تەمومژاوی بەولاوە چی دی نییە، لەگەڵ ئەمەشدا دەكرێت بڵێین دابەشكردنی رۆڵەكان و سیاسەتێكی مەرحەلی و رێكردنێكی ناجۆرە بەرەو ئەو ئامانجەی كە دیارییان كردووە.
توركیا بە هەمان شێوەی ساڵانی حەفتا و هەشتاكانی سەدەی رابردوو، دەتوانێت بەرەی پێشەوەی ئەمریكا بێت بەڕووی نەیارەكانی لە ناوچەكەدا و سوپەرێكی پتەویش بێت بۆ بەرپەرچدانەوەی ئەو خواست و تەماحانەی كە چاوییان لە بەرژەوەندییەكانیان بڕیوە و دەیانەوێت گەمەكە تێكبدەن و كارتەكان تێكەڵ بكەن.
لە سوریادا كە خاڵی لێكنزیكبوونەوەی مەیدانی نێوان ئەنقەرەو و واشنتۆنە، پێموانییە بەرژەوەندییەكانیان لەو وڵاتەدا یەكتربڕبێت، هێندەی ئەوەی دابەشكردنی رۆڵەكان و یاریكردنە لە رووبەرێكی جوگرافی دیاریكراودا كە بۆ قەتیسكردنی جموجۆڵ و كەمكردنەوەی هەژموونی روسیایە لە وڵاتەكەدا.
راستە مۆسكۆ تەرتوس و حومەیمیمی لە خۆرئاوا گرتووە، بەڵام بەری رۆژهەڵاتی سوریا كە زۆربەی كێڵگە نەوتییەكانی تێدایە، بۆ ئەمریكاییەكان و توركەكان گرنگترە، ئیدلبیش لەو لاوە بوەستێت كە بۆ بواردان بۆ یاریكردنی گروپە توندڕەوەكان هێڵدراوەتەوە.
ئەمریكاییەكان لەبری پاشەكشەكردن هێزی زیاتر بۆ باكووری خۆرهەڵاتی سوریا رەوانە دەكەن و بوونیان لەو ناوچەیە تۆكمەتردەكەن، كاتێكیش باس دێتە سەر نەوت و كێڵگە نەوتییەكان، ئاماژە بە رۆڵی پارێزگاریی و دابینكردنی ئاسایش بۆ كوردەكان دەكرێت، توركەكانیش لە ناوچە سنورییەكانەوە كار بۆ دامەزراندنی ناوچەیەكی ئارام دەكەن لە سوریادا و دەڵێن مەبەستییان ناردنەوەی ئاوارەكان و نیشتەجێكردنیانە لە وڵاتەكەدا كە لە ساڵی 2011وە ئارامی بەخۆوە نەبینیوە.

print

 75 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*