سەرەکی » ئابووری » زیاتر لە چوار ملیار دیناری بۆ كەسوكاری شەهیدان خەرجكردووە

بەڕێوەبەرایەتی شەهیدان‌و ئەنفالكراوانی سلێمانی

زیاتر لە چوار ملیار دیناری بۆ كەسوكاری شەهیدان خەرجكردووە

بەڕێوەبەرایەتی گشتی كاروباری شەهیدان‌و ئەنفالكراوانی سلێمانی، لەساڵی 2019دا بڕی چوار ملیارو 249 ملیۆن‌و 129 هەزار دیناری بۆ كەسوكاری شەهیدان لەبوارەكانی تەندروستی‌و پەروەردەدا خەرجكردووە.
ئەو بەڕێوەبەرایەتییە لەساڵی 2019دا و لەڕێگەی بەشی تەندروستییەوە، بڕی ملیارێك‌و 640 ملیۆن‌و 975 هەزار دیناری بۆ (1670) نەخۆش خەرجكردوە. هەروەها بڕی دوو ملیارو 608 ملیۆن‌و 154 هەزار دینار بۆ كرێی خوێندن‌و دەرماڵەی هاتووچۆو نیشتەجێبوونی ساڵی خوێندنی (2017-2018)ی كوڕو كچی شەهید خەرجكردوە، تا لە زانكۆو پەیمانگاو خوێندنگە ئەهلییەكان بخوێنن.
بەڕێوەبەرایەتی شەهیدانی سلێمانی بۆ خزمەتكردنی شەهیدان رێكخستنی كاروبارەكانیان، لەڕێگەی هۆبەكانی دۆسیەی شەهیدان، ئەنفالكراوان، كیمیاباران، شەهیدانی دەستی داعشەوە رۆژانە كاروبارەكانی كەسوكاری سەربەرزی شەهیدان بەڕێوەدەبات.
بەڕێوەبەرایەتی گشتی كاروباری شەهیدان‌و ئەنفالكراوانی سلێمانی یەكێكە لە بەڕێوەبەرایەتییە فراوانەكانی وەزارەتی كاروباری شەهیدان‌و ئەنفالكراوانی هەرێمی كوردستان و لە (8) بەڕێوەبەرێتی و (3) بەش‌و (7) هۆبەو چەند بەڕێوەبەرێتییەكی دیكە لە سنووری قەزاو ناحیەكانی پارێزگای سلێمانی پێكدێت. زۆربەی ئەو ناوچانەی كە خاوەنی ژمارەیەكی زۆر شەهیدو جینۆسایدو قوربانیین دەكەونە سنووری چالاكییەكانی ئەم بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەوە.
ئامانجی ئەم بەڕێوەبەرایەتییە خزمەتكردنی سەرجەم وارس‌و كەسوكاری سەربەرزی شەهیدانە بەبێ جیاوازی لەڕووی: (دابینكردنی مووچە، لایەنی تەندروستی، بواری پەروەردەیی، نیشتەجێكردن، دیاری هاوسەرگیریی بۆ كوڕو كچی شەهیدان‌و جینۆسایدكراوان، چاودێری كۆمەڵایەتی، هەروەها بەدەنگەوەهاتنی هەموو داواكارییەك كە لەلایەن وارسی سەربەزی شەهیدانەوە ئاڕاستەی بەڕێوەبەرایەتی گشتی بكرێت).
رۆژانە كەسوكاری سەربەرزی شەهیدان‌و جینۆسایدكراوان بەمەبەستی راپەڕاندنی كارەكانیان سەردانی ئەم بەڕێوەبەرایەتیە گشتییە دەكەن، بەردەوام ئەم بەڕێوەبەرایەتییە لەخزمەتی كەسوكاری سەربەرزی شەهیداندایەو بەتایبەت لەڕێگەی بەشەكانی (پەروەردە، تەندروستی، چاودێری كۆمەڵایەتی، نیشتەجێكردن)ـەوە خزمەتی بەرچاو بەسەدان كەسوكاری شەهید بە تایبەت كچ و كوڕو خوشك و براو نەوەی شەهیدان دەگەیەنێت.
لەم راپۆرتەدا پوختەی كارو چالاكییەكانی بەڕێوەبەرایەتییەكە بۆ ساڵی 2019 خراوەتەڕوو:-

بەشی تەندروستی
بەپێی ئامارێكی بەشی تەندروستی بەڕێوەبەرایەتی گشتیی كاروباری شەهیدان و ئەنفالكراوانی سلێمانی لە ماوەی ساڵی 2019دا، (1670) كەس لە كەسوكاری سەربەرزی شەهیدان لەڕێگەی ئەم بەشەوە سوودمەندبوون لەوەرگرتنی پێداویستییە تەندروستییەكان و بڕی ملیارێك‌و 640 ملیۆن و 975 هەزار دیناریان بۆ خەرجكراوە.
هاوكات، بەشی تەندروستی لەڕێگەی لیژنەی تایبەتەوە لەساڵی 2019دا بۆ 650 نەخۆش بڕی 660 ملیۆن دیناری وەك هاوكاری خەرجكردووە بۆ ئەو نەخۆشانەی لە ساڵانی رابردوودا نەشتەرگەرییان لە نەخۆشخانە حكومی‌و ئەهلییەكاندا ئەنجامداوەو دواتر پسوڵەی نەشتەرگەرییەكانیان هێناوە بۆ بەڕێوەبەرایەتی گشتی.
هەر لەماوەی ساڵی 2019دا ئەو كەسانەی پێویستیان بە شەبەكە‌و باڵۆن و قەستەرە هەبووە ژمارەیان (535) حاڵەت بووەو بۆ هەریەكەیان بڕی ملیۆنێك‌و 200 هەزار دینار سەرفكراوە، كە كۆی گشتییان دەكاتە 642 ملیۆن دینار.
سەرجەمی ئەو نەخۆشانەش لەڕێگەی فەرمانگەی تەندروستی و بەشی بوژانەوەی دڵ لەسلێمانی چارەسەریان بۆ ئەنجامدراوە.
لە نەخۆشخانەی شۆڕشیش (198) حاڵەتی نەشتەرگەریی بۆ كەسوكاری شەهیدان كراوە كە بۆ هەریەكەیان بڕی ملیۆنێك دیناری تێچووەو كۆی گشتییان دەكاتە 198 ملیۆن دینار. ئەمە جگە لە چارەسەركردنی (32) حاڵەتی جۆراوجۆری دیكەش كە تەنیا لە نەخۆشخانەكە چارەسەریان وەرگرتووە.
لە بەشی تیشكی فەرمانگەی تەندروستیش چارەسەری تەندروستی بۆ (23) حاڵەت بەبڕی (75) هەزار دینار كراوە كە كۆی گشتییان دەكاتە ملیۆنێك‌و 725 هەزار دینار. هەروەها لە نەخۆشخانەی شەهید د.ئاسۆ لەسلێمانی چارەسەر بۆ (29) حاڵەت كراوە بەبڕی (750) هەزار دینار كە كۆی گشتییان دەكاتە 21 ملیۆن‌و 750 هەزار دینار.
لەفەرمانگەی تەندروستی بەشی كۆئەندامی هەرس‌و جگەریش چارەسەری تەندروستی بۆ (140) حاڵەت كراوە بۆ هەریەكەیان بەبڕی (500.000) هەزار دینار كە كۆی گشتییان دەكاتە 70 ملیۆن دینار.
هەروەها لەنەخۆشخانەی مناڵبوونی سلێمانیش بڕی 7 ملیۆن‌و 500 هەزار دینار، بۆ (15) نەخۆش تەرخانكراوە واتە بۆ هەریەكەیان (500) هەزار دینار. لە نەخۆشخانەی شاری سلێمانیش بۆ (80) حاڵەت بڕی 40 ملیۆن دینار تەرخانكراوە واتە بۆ هەریەكەیان (500.000) دینار خەرجكراوە. هەروەها لە نەخۆشخانەی هیوا لە شاری سلێمانی 12 نەخۆش بینراون‌و چارەسەری كیمیاییان بۆ ئەنجامدراوە.

بەشی كۆمەڵایەتی
بەشی كۆمەڵایەتی لەماوەی ساڵی 2019 دا، (262) مامەڵەی دیاری هاوسەرگیری بۆ كوڕو كچی شەهیدی سەنگەرو جینۆسایدو شەهیدانی تیرۆری دەستی داعش كردووە. كە بڕی پارەكەیان دەكاتە ملیارێك‌و 310 ملیۆن دینار، بەڵام بەهۆی قەیرانی داراییەوە پارەكەیان بۆ خەرجنەكراوە.
لەو ژمارەیەش (218)یان كوڕو كچی شەهیدی سەنگەر و (39) یان كوڕو كچی شەهیدی جینۆساید و (5) یان كچ و كوڕی شەهیدانی تیرۆری دەستی داعشن.
پێویستبوو بۆ هەریەك لەو كچ و كوڕی شەهیدانە بڕی (5.000.000) ملیۆن دینار خەرجبكرایە، بەڵام حكومەتی هەرێم بەهۆكاری قەیرانی دارایی پارەكەی خەرجنەكردووە.
بەشەكە لەماوەی ساڵی 2019دا، (462) مامەڵەی بڕینی مووچەو (65) مامەڵەی گۆڕینی وارس و (24) مامەڵەی گواستنەوەی مووچەی ئەنجامداوە.

بەشی پەروەردە
لەڕێگەی بەشی پەروەردەوە لەساڵی 2019دا، بڕی دوو ملیار و 608 ملیۆن و 154 هەزار دینار بۆ كرێی خوێندن‌و دەرماڵەی هاتووچۆو نیشتەجێبوونی ساڵی (2017 – 2018)ی كوڕو كچی شەهید خەرجكراوە، تا لە زانكۆ و پەیمانگاو خوێندنگە ئەهلییەكان بخوێنن.
هەر لەڕێگەی ئەم بەشەوە لە ساڵی 2019دا، (59) پشتگیری بۆ كوڕ و كچی شەهید كراوە بەمەبەستی راپەڕاندنی ئیش‌و كارەكانیان لەزانكۆ و پەیمانگاكان و ناوەندەكانی خوێندندا.
لەماوەی ساڵەكەدا بەشەكە بەدوو قۆناغ (1347) فۆڕمی بە سیستمی داتابەیس بۆ خوێندكارانی كوڕو كچی شەهید پڕ كردۆتەوە، بۆ مەبەستی وەرگرتنی رەزامەندی خەرجكردنی كرێی ساڵانەی خوێندن.
بەهەمانشێوەی ساڵانی رابردوو، بەشی پەروەردە لەم ساڵەدا سەردانی بەشێك لەزانكۆ و پەیمانگاو خوێندنگاكانی كردووە بەمەبەستی ئاگاداربوون لەبارودۆخی كوڕو كچ و مناڵی شەهیدو ئاسانكاریكردن بۆ وەرگرتنیان.

بەشی نیشتەجێبوون
بەشەكە لەماوەی ساڵی 2019دا، (290) نووسراوی ئاراستەی لایەنە پەیوەندیدارەكان كردووە بۆ تاپۆكردنی زەوی شەهیدان‌و راستكردنەوەی ناوی هەڵەی شەهیدو وارسەكەی.
بەمەبەستی چارەسەركردنی كێشەی زەوی‌و دابینكردنی، بەشەكە لەماوەی ساڵەكەدا چەند جارێك سەردانی شارەوانی سلێمانی كردووە. هەروەها وردبینی بۆ لیستی تۆماری شەهیدانی بەڕێوەبەرایەتیەكانی (سلێمانی، كەركوك، هەولێر، بادینان، شارەزوور، گەرمیان، هەڵەبجە، رانیە، قەڵادزێ، سۆران) كردووە.
لەماوەی ساڵی 2019دا لەڕێگەی بەشی نیشتەجێبوونەوە (3233) نووسراو ئاراستەی وەزارەت كراوە بەمەبەستی تەرخانكردنی زەوی بۆ خانەوادەی شەهیدان، ئەوانەی كە رەزامەندی وەرگرتنی زەویان هەیە، كە (1552)یان شەهیدە سەنگەرو (1681)یان شەهیدی جینۆسایدن. لەماوەی ساڵانی رابردوودا بەشەكە توانیویەتی (21240) پارچە زەوی بۆ خانەوادەی شەهیدان دابین بكات لەسنوری شارەوانییە جیاوازەكاندا.

print

 41 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*