سەرەکی » مانشێت » رێكخستنەوەی مووچە و دابەشكردنی داهات بە شێوەیەكی دادپەروەرانە

ئەنجومەنی وەزیران:

رێكخستنەوەی مووچە و دابەشكردنی داهات بە شێوەیەكی دادپەروەرانە

دوێنێ ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان بە سەرپەرشتی مەسرور بارزانی سەرۆك وەزیران ‌و ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆك وەزیران، كۆبۆوە.
لە سەرەتای كۆبوونەوەكەدا، سەرۆك وەزیران تیشكی خستەسەر سەردانی ئەم هەفتەیەی وەفدی حكومەتی عیراق بە سەرۆكایەتیی عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیرانی كاربەڕێكەری عیراق بۆ هەرێمی كوردستان.
سەرۆك وەزیران ئاماژەی بەوەدا، كە لەگەڵ وەفدی عیراق جەخت لە گرنگیی پابەندبوون بە رێكەوتنی نێوان هەردوو حكومەتی فیدراڵی و هەرێمی كوردستان دەربارەی نەوت و بودجە و چارەسەركردنی بنەڕەتیی كێشەكان كراوەتەوە.
سەرۆك وەزیران جەختیكردەوە، كە حكومەتی هەرێم بەردەوام دەبێت لە پڕۆسەی چاكسازی، كە ئامانجی رێكخستنەوەی مووچە و دابەشكردنی داهاتە بە شێوەیەكی دادپەروەرانە. هەروەك دڵنیاییشیدا كە مووچە و مافی هیچ كەسێكی شایستە بە تایبەتی كەسوكاری شەهیدان و زیندانیانی سیاسی نابڕدرێت. لەم بارەیەوە بڕیاردرا روونكردنەوەی پێویست لە بارەی پاراستنی مافی كەسوكاری شەهیدان و زیندانیان و گیراوانی سیاسی بدرێتە پەرلەمانی كوردستان.
هەر لەكۆبوونەوەكەدا، گفتوگۆكرا دەربارەی پڕۆژەی چوارچێوەی هاوبەشیی كەرتی گشتی و كەرتی تایبەت، كە بەشێكە لە كارنامەی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان. ئەنجومەنی وەزیران سەرەڕای پشتیوانیكردنی پڕۆژەكە لە پێناوی جێبەجێكردنی پڕۆژەی ستراتیجی و خزمەتگوزاری بە هاوبەشی كەرتی تایبەت لە چوارچێوەیەكی یاسایی روون و ئاشكرا و بە لەبەرچاوگرتنی بەرژەوەندیی گشتی، ئەنجومەنی وەزیران وەزارەتی پلاندانانی راسپارد، كە لێكۆڵینەوەی زیاتر لەم بارەیەوە بكات و لایەنە پەیوەندیدارەكان بە پێشنیار و تێبینییەكانیان پڕۆژەكە دەوڵەمەندتر بكەن.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*