سەرەکی » راپۆرت » ئامادەکردنی:بورهان ئەمین » دۆناڵد ترەمپ دادگایی دەكرێت؟

دۆناڵد ترەمپ دادگایی دەكرێت؟

دوو هەفتە لەمەوبەر، ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمریكا لە كۆبوونەوەیەكی تایبەتدا لەسەر هەڵسوكەوت و دەسەڵاتەكانی «دۆناڵد ترەمپ»ی سەرۆكی ئەمریكا، بڕیاریدا بیخاتە بەردەم دادگا و لێپرسینەوەی لەگەڵدا بكات، رەزامەندیی دەربڕی بۆ رەوانەكردنی مادە پەسندكراوەكانی تایبەت بە لێپێچینەوە لە سەرۆكی ئەمریكا بۆ ئەنجومەنی پیران و بڕیارە رۆژی سێشەممەی داهاتوو دادگاییكردنەكە دەست پێبكات و ئەگەر سەرۆك ئەو تۆمەتانەی بەسەردا ساغ بێتەوە و پیران لە دژی دەنگ بدات، ئەوا متمانەی لێدەسەنرێتەوە.
دادگاییكردنەكە لە چوارچێوەی پرۆسەی لێپێچینەوە لەسەر هەردوو تۆمەتی خراپ بەكارهێنانی دەسەڵات و دروستكردنی لەمپەر لەبەردەم كۆنگرێس، كە پێشتر بەزۆرینەی دەنگی ئەندامانی ئەنجومەنی نوێنەران بڕیاری لێدرابوو، زۆرینەی ئەو ئەنجومەنە لە دیموكراتەكانن و هەمیشە لە دژی سیاسەتەكانی ترەمپ دەوەستنەوە و تانەی لێدەدەن، لە بەرامبەریشدا كۆمارییەكان كە لە ئەنجومەنی پیران زۆرینەی كورسییەكانیان هەیە، بەرپەرچی دیموكراتەكان دەدەنەوە و پشتی ترەمپ دەگرن، چونكە ئەندامی خۆیانە و پشتیوانی لێدەكەن. سێ ڕۆژ لەمەوبەر، سیناتۆرەكانی ئەمریكا لەبەردەم «جۆن رپبێرتس» سەرۆكی دادگای باڵای وڵات سوێندی یاساییان خوارد و بڕیارە 21ی ئەم مانگە پرۆسەی لێپرسینەوەكە بەڕێوەبچێت.

تۆمەتەكان چین؟
دۆناڵد ترەمپ سێیەمین سەرۆكی ئەمریكایە كە دادگایی لەم جۆرە دەكرێ و هەوڵ دەدرێت متمانەی لێبسەندرێتەوە، سەرۆك لەلایەن «نانسی پیلوسی» سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمریكاوە، بە خراپ بەكارهێنانی دەسەڵات و سەرپێچی یاسایی و پێشێلكاریی لە نووسینگەی كارگێڕی و بودجەی كۆشكی سپی تۆمەتبارە و لە گەورەترین تۆمەتەكانیش، هەوڵدانی بووە تا بەشێوەیەكی نایاسایی پشتیوانیی ئۆكرانیا بەدەستبهێنێت لە پرۆسەی دووبارە هەڵبژاردنەوەی بە سەرۆكی وڵات و بێبەشكردنی ئەو وڵاتەش لە هاوكارییەكانی ئەمریكایە، ئەمەش لە دوای ئەوە دێت كە ترەمپ لە پەیوەندییەكی تەلەفۆنیدا لەگەڵ سەرۆكی ئۆكرانیا، داوای لێكردبوو لێكۆڵینەوە لە كارە بازرگانییەكانی كوڕەكەی «جۆ بایدن» جێگری سەرۆكی پێشووی ئەمریكا و یەكێك لە كاندیدە هەرە بەهێزەكانی دیموكراتەكان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆكایەتیی ئەمریكا لە ساڵی 2020 دا بكات، تاوەكو ركابەرەكەی لەناو رای گشتیدا بشكێنێ و خۆی پێ بەرز بكاتەوە.

ترەمپ هاتە دەنگ
لە دوای رەوانەكردنی فایلەكەی بۆ ئەنجومەنی پیران و بڵاوبوونەوەی وادەی رۆژی یەكەمی دانیشتنەكانی دادگاییكردنەكەی، سەرۆكی ئەمریكا لە تویتێكیدا نووسیویەتی: تەنها لەسەر ئەنجامدانی پەیوەندییەكی تەلەفۆنی باش بۆ خزمەتی وڵات، بڕیاری لێپرسینەوەی دراوە، نیشانەی پرسیاریشی لە كۆتایی پۆستەكەیدا داناوە ‌و سەرسوڕمانی خۆی لەو هەڵوێستە نیشانداوە.

چارەنووسێكی نادیار
بەو پێیەی ئەو بڕیارەش وەك هەموو ئەوانەی تر بە فلتەری ئەنجومەنی پیراندا دەڕوا و لەوێش كۆمارییەكان زۆرینەن كە لە كۆی 100 كورسیدا، خاوەنی 53 كورسین ‌و لە دیموكراتەكان زیاترن، لادانی سەرۆك پێویستی بە سێ لەسەر چواری دەنگەكان هەیە و دەبێت لەگەڵ دیموكراتەكاندا 20 سیناتۆری كۆمارییەكانیش دەنگ لە دژی ترەمپ بدەن، بۆیە زەحمەتە سەربگرێت، بەڵام بڕیارێكی سیاسییە نەك یاسایی و رەخنە و پلارێكی توندە لە سیاسەتی دەرەوەی ترەمپ و كۆمارییەكان، بە تایبەتیش وا هەڵبژاردنی سەرۆكایەتیی ئەمریكا نزیك دەبێتەوە و هەردوولا لە دژی یەكتر و بۆ راكێشانی رای گشتی كار دەكەن.

سەرچاوە: DW ، شپیگل ئۆنلاین، شەرقولئەوسەت

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*