سەرەکی » ئاراستە » حەمەمینی خەیاتەبەرزە

حەمەمینی خەیاتەبەرزە

لە تەوقە سەری چوارتاوە تەماشاكە هەر گردوو گەوەو لوتكەیە لە بەر چاوی تەماشاتدا لەنجە دەكات، هەر دارو درەخت و گوڵە خونچە دەكات، هەر درەختە دەشنێتەوە، هەر جۆگەو كانی و جۆبارە دەژێتەوە، هەر گیایە كەروێشكە دەكات، هەر چنارو شۆڕەبیە بە پەنجەی با پەرچەمی دادەهێنێت و شانە دەكات، تەماشاكە بە تەوقەسەری چوارتاوە هەر گابەردە راكشاوە هەر دانە بەردی گەورەیە لێكئاڵاوە، گۆڕستانێك لە ڕۆحی نەمرانی چوارتا بە وێنەی مێزەری خەمێك لە سەری چوارتا پێچراوە.
ڕێكخستنەكانی كۆمەڵە لە حەفتاو شەش، لە یەكەوە دەستیان پێكرد لە سەر دەستی تۆ زیاد بوون و لە سەرەتادا بوونە شەش، دواتر بوونە پوورەی هەنگ و ژمارەیان تێپەڕیكرد لە چەند جار پەنجەكانی دەست، لە ژماردنیش سەریكرد، تا بوونە هێلانەی هەڵۆ، لە چوارتاوە باڵیان لێك دەداو دەڕۆشتن، تا بە لوتكەی هەرە بەرزی پێشمەرگە و شۆڕش دەگەیشتن، لەوێ‌ دەبوونە هاوەڵی چەك و تفەنگ و جامانە، ئەو شاخە سەربەرزانەیان دەكردە ماڵ و هێلانە.
كە ئێواران شار خامۆش دەبوو بێدەنگی باڵی دەكێشا بە شارا، كە دەست و پەنجەت نەرمەكرد لە گەڵ خەم و شەوی تارا، گوێت هەڵدەخست بۆ چرپەیەك بۆ گڤەیەك، بۆ دەنگی پێ‌، هەر هێندەی بڵێی یەك و دوو، مامە خولە، هاوڕێ‌ سۆران، بەكری حەسەن قادر دەگەیشتنە لات، دەگەیشتنە جێ‌، سەرتان سەری نیشتمان بوو دڵتان بێشكەی كۆرپەی شۆڕش، نامەی چكلێتی و هەڵوێست و ڕاسپاردەتان بەیەكەوە دەخستە ناو یەك ڕستەوە، دوای پشوویەك، هەناسەیەك، چۆن هاتبوون ئاواش یەك یەك ماڵاواییان دەكردوو لە تاریكیدا ون دەبوون، دوای ماوەیەك، یەكێكیان دەبوو بە قەندیل، یەكێك گمۆ، ئەویتریش پیرەمەگرون.
پیاوێك لە پێخەفی خەودا، پێشمەرگەیەك لە قوڵایی شیرین خەودا، بە گوللەی شەرمی خۆفرۆشان گیان دەسپێرێ‌ و شەهید دەبێ‌، دەبێتە ئەستێرەیەك و ڕادەخوشێ‌، هەتا ساڵیادی زۆرتر بێ‌ ئەو زیاتر دەدرەوشێتەوە، ڕووناكی زیاتر دەدات و گەورە دەبێ‌، ئەستێرەیەك لە ئاسمانی پاكیزەیی شەهیداندا نە كز دەبێ‌ و نە ون دەبێ‌، هەندێك شەوان دەچێتە باوەشی مانگ و هەندێك شەویش لە قوڵایی ئاسماندا سەر دەردێنێ‌ و بێدەنگ دەبێ‌.
حەمەمینی خەیاتە بەرزە لە مێژە بووەتە مەشخەڵێك لە ئاگرو داگیرساوە، بە سەر سەری چوارتاوە دەگەشێتەوەو لە وەڕازدا كڵپەی داوە، ئەو ئێستاكەش، فێرگەیە، قوتابخانەیە، بیرو باوەڕە تفەنگی، تێكۆشانە، بیری چەپ و پێشكەوتنخواز بووەتە كلتورو فەرهەنگی، ئەگەر وێنەو ڕووخساری مات و شێواوی لە بەر چاوان بیر چێتەوە، یان ڕەنگ و سیمای كەمێكیش كاڵ بێتەوە، بەڵام فكرو بیری زیندووی وەك كانیاوەكانی چوارتا دەژێتەوە.
هەڵەت و یاڵی شارباژێڕ سوورە بە خوێنی ڕژاوت، ئەم وڵاتە بست بە بستی پڕە لە ڕۆحی كوژراوت، هەر كوێ‌ دەچی هەر كوێ‌ دەڕۆی ئاشنایە بە مەرگت، ناوت، بە هەگبەی پڕ لە زانیاریت بە بەرگی سوور بوو بە خوێن و بە ڕەنگی ڕەش هەڵگەڕاوت.
لە دوای مەرگی تۆوە تەمەن زۆر هەورازی هاتۆتە بەر، زۆر نشێوی تەی كردووە، زۆر هەڵسانەوەو گلان و نووچدانی بە خۆوە دیوە، زۆر هاتن و تێپەڕین و لە چاو ون بوون، زۆر بوون بەڵام كەم بوون وەك تۆ، ئەو ڕێبوارانەی لە دڵی نیشتماندا بوونە پشكۆ.
هەر ئێمە نا، هەتا چرپە و خشەو گەڵا، تریفەی مانگە شەوێ‌ دێ‌، زامێك كە لە دایك دەبێ‌، گوڵێك كە هەڵدەوەرێت و گوڵێك كە تازە دەپشكوێ‌، جوتیارانی دەست قڵیشاو، گوێسەوانەی جریوەو تاو، دایكان و خوشكانی ڕەشپۆش، تا مناڵێكی گوڵ فرۆش، بیریان ناچی، هەرگیز لە یادیان دەرناچی.

زۆر ڕۆیشتن جێیان نەهێشت ناونیشانێ‌
ئاخر كێ‌ وەك تۆ دەبێتە خەم و ژانی نیشتمانێ‌

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*