سەرەکی » ئابووری » دەرفەتی كاركردن لە باڵیۆزخانە و كونسوڵخانەكانی عیراق دەكرێتەوە

دەرچووانی ئەم بەشانە دەتوانن فۆرم پـڕ بكەنەوە

دەرفەتی كاركردن لە باڵیۆزخانە و كونسوڵخانەكانی عیراق دەكرێتەوە

وەزارەتی دەرەوەی عیراق لەڕێگەی پەیمانگای دیبلۆماسییەوە، دەرفەتی كاركردن بۆ دەرچووانی ژمارەیەك بەشی زانستی دەكاتەوەو دەرچووانی كوردیش دەتوانن فۆرم پڕ بكەنەوە، بۆ ئەوەی دواتر لە باڵیۆزخانەو كونسوڵخانەكانی عیراق لە دەرەوەی وڵات دابمەزرێن.
عەمیدی مافپەروەر سالار عەبدوڵڵا محەمەد بەڕێوەبەری پاسپۆرتی پارێزگای سلێمانی، بە كەناڵی ئاسمانیی گەلی كوردستانی راگەیاندوە، ئێستا لە وەزارەتی دەرەوەی عیراق دەرفەتێك هەیە كە گەنجان‌و دەرچووانی زانكۆكان دەتوانن سوودی لێ ببینن، بەمەبەستی دامەزراندن و كاركردن لە باڵێۆزخانەو كونسوڵخانەكانی عیراق لە دەرەوەی وڵات.
بەڕێوەبەری پاسپۆرتی پارێزگای سلێمانی وتیشی: «دەرفەتی كاركردنەكە ئەوەیە كە چەند ساڵ جارێك بە سەرپەرشتی وەزارەتی دەرەوەی عیراق پەیمانگای دیبلۆماسی لە بەغدا دەكرێتەوەو دەرگای پێشكەشكردن بۆ هەموو دەرچووان، بۆ ئەوانەی دەرچووی بەشە زانستیەكانی (یاسا، زانستی سیاسی، راگەیاندن، زمانی ئینگلیزی، فەرەنسی، رووسی، ئیسپانی، پەروەردە، ئاداب، ئابووری، كارگێڕی‌و ئامار)ن، دەشبێت تەمەنیان لەنێوان (22 – 35) ساڵدا بێت.
ئاماژە بەوەشدەكات، بۆ ماوەی هەفتەیەك دەرگای پێشكەشكردن بەردەوام دەبێت، كە لە پەیمانگای دیبلۆماسی وەربگیرێن لە بەغدا، فۆرم‌و ماڵپەڕێك هەیە كە هەر خوازیارێك دەتوانێت سەردانمان بكات لە بەڕێوەبەرایەتی پاسپۆرتی پارێزگای سلێمانی‌و هاوكارییان دەكەین‌و فۆرمەكەیان پێشكەش دەكەین‌و بەرچاو روونی زیاتریان پێدەدەین.
بەڕێوەبەری پاسپۆرتی پارێزگای سلێمانی ئاشكراشیدەكات، هەر خوازیارێك لەو پەیمانگایە وەربگیرێت، ئەوكات بۆ ماوەیەكی دیاریكراو لە وەزارەتی دەرەوە كار دەكات و رایدەهێنن كە چۆن لە باڵیۆزخانە و كونسوڵخانەكانی عیراق لە دەرەوە كار بكات و دواتر لە وڵاتانی ئەوروپا و ئەمریكا دادەمەزرێن.
بەڕێوەبەری پاسپۆرتی پارێزگای سلێمانی وتیشی: «داوا لە هەموو دەرچووانی زانكۆكان دەكەین سەردانمان بكەن‌و ئەو فۆرمە پڕ بكەنەوە، چونكە ویستمان هەیە زۆرترین كورد لەو پەیمانگایە وەربگیرێت‌و لە باڵیۆزخانەو كونسوڵخانەكانی عیراق لە دەرەوە دابمەزرێن».

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*