سەرەکی » وتار » لەتیف فاتیح فەرەج‌ » شێخ ئەحمەد شاكەلیپەڕە 3

خورجە

شێخ ئەحمەد شاكەلی

1
شێخ ئەحمەدی شاكەلی یەكێكە لە شاعیرەكانی گەرمە سێر، شاعیرێكی نیشتمان پەروەرو نەتەوەیی بووە و خەونی بە سەربەخۆی كوردستانەوە بینیوە، من دەمێكە لە خەیاڵی ئەوەدام لە سەر كوردایەتی و شێخ ئەحمەدی شاكەلی بابەتێك بنووسم، بەڵام بە رێكەوت ئەو لاپەڕەیەم دۆزیەوە كە بەشێك لە شیعرەكانی شاكەلیم بۆ ئەو مەبەستە تیا نووسیبوو، بۆیە بڕیام دا ئەم خورجەیە تایبەت بكەم بەو شاعیرەو تەمەنیش بواری دا جاری تر لە بارەیەوە قسە بكەین، شاكەلی شاعیر هەشتا ساڵ ژیاوە، ئەو ساڵی 1902 لە دایك بووەو لە ساڵی 1982كۆچی دوای كردووە، بەردەوام لە خەمی نیشتمانەكەیدا بووە و هەردەم هانیكوڕو دۆست و كەسەكانی داوە نیشتمان بخەنە سەرو بەرژەوەندی كەسی و گیرفانەوە، وەك خۆیشی لە سەر هەمان رێبازو رەوتار بووە.

ئەی وەتەن قوربانی شێوەی شیوی سەوزو شینی تۆم
دڕك و داڵت گوێزو مۆزە من ئەوا پەرژینی تۆم

2
ئەو هەمیشە لە خەمی نەتەوەكەو هاوزمانەكانی خۆیدا بووە، بارو دۆخی خەراپی ئەوان ئازاری داوەو پرزەی لە بەر بڕیووە، ئەو لە رۆژگارێكی ناخۆش و لیپ لە ستەم و نادادیدا ژیاو نەگبەتی زۆری میلەتەكەی بە چاوی خۆی بینی، لە هەڕەتی لاویدا نیشتمانەكەی بە زۆر لكێترا بە عیراقی عەرەبیەوەو خەونی خۆخاوەنی نەتەوەكەی لە بار برا، ناجۆری و شەڕو ململانێی 1959ی كەركوك وكوشت و بڕی حەرەس قەومیەكانی 1963بە چاوی خۆی بینی، هەموو ئەو روداوانەش كاریان تێكردووەو ئازاریان داوە بۆیە روودەكاتە هەمووان و دەڵێت:

كاتی خوێندنەو وادەی خەو نەما
روناكی رۆژە رەشی شەو نەما
هەروەها پێش روداوەكان لە شوێنێكا دەڵێت :
ئەو كەسە شێری ژیانە كە بژێ‌ بۆ نیشتمان
خاك و ئاوی ئێمە ئەمڕۆ چاوەڕوانی هیمەتە

3
شاعیر لە بەشێكی زۆری شیعرەكانیدا هەمان رێگەی حاجی قادرو خانی و شاعیرانی وەك قانع و بێكەس و موفتی دەگرێتە بەرو بەردەوام ئامۆژگاری گەلەكەی دەكات كە هیمەت بكەن و وەك گەلانی تر ببنە خاوەن تاج و تەخت و بەختی خۆیان، ئەوەتا دەڵێت:
كاتی تێكۆشان و هەوڵە بۆ ژیانی یەكتری
دەست و داوێنی هەموو لاوێكی كوردم فرسەتە
دەركەون بادەركەون بێبەش مەبن لەم فرسەتە
هەركەسێ‌ فرسەت نەناسێ‌ ئاخری هەر حەسرەتە
بەو جۆرە داوا لە لاوان دەكات هەلەكان لە دەست نەدەن و چی تر رازی نەبن لە ژێر چەكمەو ستەمی ئەوانی تردا بن، چوون ئەگەر هەلەكان لە دەست بدەن، جگە لە پەشیمانی هیچی تریان بۆ نامێنێتەوە .

 472 جار بینراوە