سەرەکی » راپۆرت » توێژینەوەی زانستی بنەمایەكی سەرەكییە بۆ پێشكەوتنپەڕە 3

وەزیری پلاندانان:

توێژینەوەی زانستی بنەمایەكی سەرەكییە بۆ پێشكەوتن

د.دارا رەشید وەزیری پلاندانانی هەرێم رایگەیاند: توێژینەوەی زانستی بنەمایەكی سەرەكییە بۆ پێشكەوتنی كۆمەڵ و كۆمەڵگە، سەرۆكی دەستەی كوردستانی بۆ دراساتی ستراتیجی و توێژینەوەی زانستیش بە پێویستی دەزانێت «لە هەرێمی كوردستان بودجەی تایبەت بۆ توێژینەوەی زانستی تەرخان بكرێت».
رۆژی 2/2/2020، د.دارا رەشید وەزیری پلاندانانی هەرێم بە هاوڕێیەتیی د.مەجید حەمەد ئەمین وەزیری پێشووتری تەندروستیی عیراقی فیدراڵ، سەردانی دەستەی كوردستانی بۆ دراساتی ستراتیجی و توێژینەوەی زانستی كرد و لەلایەن پرۆفیسۆر پۆڵا ئازاد خانەقا سەرۆكی دەستەی كوردستانی بۆ دراساتی ستراتیجی و توێژینەوەی زانستی، پ.د.خالید مەحمود ئیسماعیل بەڕێوەبەری گشتی لە دەستەی كوردستانی و ژمارەیەك لە مامۆستایان و توێژەران و پسپۆڕان و لێپرسراو و كارمەندانی تاقیگەكان و كارمەندانی دەستەی كوردستانی-یەوە، پێشوازییانلێكرا.

پێویستمان بەوەیە پلانی ستراتیجی بۆ هەموو بوارەكان دابڕێژین
لە دیداری نێوان وەزیری پلاندانان و سەرۆكی دەستەی كوردستانی و وەفدی هەردوولادا، تەئكید لە پەرەپێدانی بوارەكانی دراساتی ستراتیجی و توێژینەوەی زانستی كرایەوە و لەوبارەیەوە وەزیری پلاندانان، پشتیوانی خۆی بۆ دەستەی كوردستانی دووپاتكردەوە و وتیشی: پێویستمان بەوەیە پلانی ستراتیجی بۆ هەموو بوارەكان دابڕێژین، راشیگەیاند: توێژینەوەی زانستی بنەمایەكی سەرەكییە بۆ پێشكەوتنی كۆمەڵ و كۆمەڵگە، ئاماژەی بەوەشدا «دەستەی كوردستانی بۆ دراساتی ستراتیجی و توێژینەوەی زانستی كە خاوەنی ستافێكی ئەكادیمی زۆرباش و چەندین تاقیگە و ئامێری پێشكەوتووە، ناوەندێكی گرنگە كە دەتوانێت هاوكارێكی باشی وەزارەتی پلاندانان بێت بۆ داڕشتنی پلانی ستراتیجی بۆ هەرێمی كوردستان».

بایەخی زیاتر بە توێژینەوەی زانستی و دراساتی ستراتیجی بدرێت
لە بەشێكی دیكەی دیدارەكەدا پرۆفیسۆر پۆڵا ئازاد خانەقا سەرۆكی دەستەی كوردستانی، كورتەیەكی لەبارەی ئامانج و كار و چالاكییەكانی دەستەی كوردستانی بۆ دراساتی ستراتیجی و توێژینەوەی زانستی پێشكەشكرد و رایگەیاند: دەستەی كوردستانی بۆ دراساتی ستراتیجی ‌و توێژینەوەی زانستی سەر بە ‌وەزارەتی خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستیی حكومەتی هەرێمی كوردستانە، لە كۆتایی ساڵی 2005، لەسەر فەرمانی سەرۆك مام جەلال دامەزراوە. وتیشی: دەستەی كوردستانی نزیكەی 400 توێژینەوەی زانستی ‌و دەیان راپۆرتی زانستی لەبوارە جیاوازەكاندا ئامادەكردووە و لەڕێگەی مامۆستاو پسپۆڕی زانستی لەبوارە جیاوازەكان ‌و 22 تاقیگەی پێشكەوتووەوە، بەردەوام لە خزمەت زانست و زانستخوازان و خوێندكاراندایە و تائێستاش نزیكەی 200 خوێندكاری ماستەرو دكتۆرا لەهەموو ناوچەكانی كوردستانەوە، تاقیكردنەوەی كارەكانیان بەسەرپەرشتی پسپۆڕەكانی دەستەی كوردستانی، لەتاقیگەكانی دەستەی كوردستانی تەواو كردووە، لەئاستی جیهانیشدا دەستەی كوردستانی پەیوەندییەكی پتەوی لەگەڵ 131 زانكۆ و ناوەندو دەزگای زانستیدا هەیە.
سەرۆكی دەستەی كوردستانی بەپێویستیشی زانی لە هەرێمی كوردستان بایەخی زیاتر بە توێژینەوەی زانستی و دراساتی ستراتیجی بدرێت، تەئكیدی لەوەشكردەوە «پێویستە لە هەرێمی كوردستان بودجەی تایبەت بۆ توێژینەوەی زانستی تەرخان بكرێت». لەوبارەیەشەوە بە ئامار ئاستی گرنگیپێدانی وڵاتانی پێشكەوتووی بە بواری توێژینەوەی زانستی خستەڕوو. وتیشی: د.ئارام محەمەد قادر وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی، كاری جددی بۆ پەرەپێدانی توێژینەوەی زانستی و تەرخانكردنی بودجەی تایبەت بۆ توێژینەوەی زانستی دەكات.
سەرۆكی دەستەی كوردستانی باسیشی لە هەنگاو و ئامادەكارییەكان بۆ كردنەوەی زانكۆی ئەڵمانی-كوردستانی كرد و كورتەیەكیشی لەبارەی زانكۆكەوە خستەڕوو.
پاشان وەزیری پلاندانان و وەفدی هاوڕێی، تاقیگە و سەنتەرە زانستییەكان و بەشەجیاجیاكان و ئۆفیسی پەیوەندییە ناوخۆیی و جیهانییەكانی دەستەی كوردستانی، ئۆفیسی زانكۆی گوتنگنی ئەڵمانی لە دەستەی كوردستانی، جیۆپاركی دەستەی كوردستانی، پیشانگەی بەرد و بەبەردبووەكان، گەورەترین پەیكەری دایناسۆر، پیشانگەی وێنەیی شێوازەكانی دەركەوتنی ژیان لەسەر گۆی زەوی، ئەشكەوتی كلتووری لە دەستەی كوردستانی بۆ دراساتی ستراتیجی و توێژینەوەی زانستی-یان، بەسەركردەوە.

دەستەی كوردستانی ناوەندێكی گرنگە
د.دارا رەشید وەزیری پلاندانان لە لێدوانێكدا بۆ كەناڵەكانی راگەیاندن، ئامانجی سەردانەكەی روونكردەوە و وتی: یەكێك لە كارە سەرەكییەكانی وەزارەتی پلاندانان، دانانی پلانی ستراتیجییە بۆ هەرێمی كوردستان، بەڕاستی دەستەی كوردستانی بۆ دراساتی ستراتیجی و توێژینەوەی زانستی، ناوەندێكی گرنگە كە دەتوانێت هاوكارێكی باشمان بێت لە وەزارەتی پلاندانان، وتیشی: وەك وەزارەتی پلاندانان بەرنامەمان هەیەو دەستیشمان پێكردووە بۆ ئەوەی روئیای 10 ساڵی داهاتوو دابنێین، كە پێی دەڵێن 20-30 واتە لەئێستاوە تا 2030، بەدڵنیاییەوە دەستەی كوردستانی دەتوانێت لەوبارەیەوە هاوكارمان بێت و بۆ ئەو مەبەستە پێویستمان بەوە نابێت خەڵك لە دەرەوەی وڵاتەوە بهێنین، ئاماژەی بەوەشدا «لێرەوە رایدەگەیەنین خۆشبەختانە خۆمان دەستەیەكی لەوجۆرەمان هەیە و ستافێكی زۆرباشی هەیەو ئێستا لە نزیكەوە دانیشتنێكی كورتمان كرد، بەڵام كۆبوونەوەی زیاتر دەكەین بۆ ئەوەی لە داڕشتنی پلانی ستراتیجی بۆ هەرێمی كوردستان، دەستەی كوردستانی بۆ دراساتی ستراتیجی و توێژینەوەی زانستی كە لە هەموو سێكتەرەكان وەكو تەندروستی، كشتوكاڵ، پەروەردە، پیشەسازی، ژینگە، چەندین تاقیگە و ئامێری پێشكەوتوویان هەیە، هاوكارمان بن و پلانێكی باش بۆ چەند ساڵی داهاتووی هەرێمی كوردستان دابڕێژین.
هەروەها پرۆفیسۆر پۆڵا ئازاد خانەقا سەرۆكی دەستەی كوردستانی بۆ دراساتی ستراتیجی و توێژینەوەی زانستی رایگەیاند: ئێمە وەكو وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی و دەستەی كوردستانی بۆ دراساتی ستراتیجی و توێژینەوەی زانستی، لەگەڵ وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی قسەمان كردووە، هەموو پشتیوانییەكی خۆمان دەخەینەگەڕ بۆ ئەوەی پەرە بە وەزارەتەكانی حكومەتی هەرێم بدرێت، وتیشی: ئێمە ئامادەین پڕۆژەمان هەبێت و پڕۆژە پێشكەش بكەین و بەشداربین لە پرۆسەی پەرەپێدانی وەزارەتی پلاندانان و پەرەپێدانی توێژینەوەی زانستی لە هەرێمی كوردستاندا.

www.kissr.edu.krd

print

 79 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*