سەرەکی » زانست » سوودەكانی شۆردنی جلوبەرگ بە ئاوی سارد

سوودەكانی شۆردنی جلوبەرگ بە ئاوی سارد

تیمێكی توێژەرەوەی بەریتانیی ئاماژە بەوەدەكەن شۆردنی جلوبەرگ بە ئاوی سارد و بۆ ماوەیەكی كورت سودێكی گەورەی ئابووریی و ژینگەیی هەیە.
تیمێكی توێژەرەوەی زانكۆی (لیدز)ی بەریتانیا لە دوای تاقیكردنەوەیەكی زۆر، بۆیان دەركەوتووە شۆردنی جلوبەرگ بە ئاوی سارد و لە پلەیەكی گەرمیی كەمدا سوودێكی زۆری ئابووریی و ژینگەیی هەیە.
ئەو توێژەرەوانە دەڵێن» كاڵبوونەوەی جلوبەرگ هۆكارەكەی ئەوەیە كە زۆر كەس بە ئاوی گەرم و لە پلەیەكی گەرمیی زۆردا لە ناو جلشۆرە كارەباییەكاندا دەیانشۆن»
ئەوان دەڵێن»گەر ئامێرەكانی جلشۆر بخرێنە سەربەرنامەیەكی كورتخایەنتری شتن و پلەیەكی گەرمیی كەمتر، ئەوا رێژەی ئەو ریشاڵە وردەی كە لە رێگەی ئاوەڕۆكانەوە دەگەنە ئاوی دەریا و زەریاكان».
ئەو توێژەرەوانە ئاماژە بەوەش دەكەن كە كەمتركردنەوەی ماوەی شتن و شۆردن بە ئاوی سارد سوودی بۆ بەكاربەریش هەیە و وا دەكات جلوبەرگەكان زوو ڕەنگیان كاڵنەبنەوە و تێكنەچن، لە لایەكی تریشەوە ئەم جۆرە جلشۆردنە بەكارهێنانی وزەش كەمتر دەكاتەوە و بودجەیەكی باش بۆ خێزان دەگەڕێنێتەوە.
هەر لەم چوارچێوەیەدا (ریچارد بلاكبۆرن)ی گەورە توێژەرەوانی زانكۆی لیدز دەڵێت» لەكاتی هەر جل شۆردنێكدا بڕێكی زۆری ریشاڵی ورد لە جلوبەرگەكان دەبێتەوە و كە زۆربەیان ریشاڵی دەستكردن و لەگەڵ ئاوی ئاوەڕۆكاندا دەچنە دەریا‌و ڕوبار‌و ئۆقیانووسەكانەوە كە ئەمەش زیانێكی ژینگەیی گەورەی هەیە گەر هەموو كەس بزانێت كە یەك لەسەر سێی ریشاڵە دەستكردەكان لەگەڵ ئاوی ئاوەڕۆدا دەچنە ئاوی روبار و دەریا و دەریاچەكان و ئەمەش زیان بەسیستمی ژینگەی دەگەیەنێت».
هەر سەبارەت بەم پرسە (لوسی كوتون) خانمە توێژەری بەشدار لەو توێژینەوەیە دەڵێت» ئەو شتەی دیكە كە هەڕەشە لە ژینگە دەكات ئەوەیە كەسەكان بە هۆی كۆنبونی هەندێك جلوبەرگەوە ناچارن ئەو بەرگانەیان فڕێبدەنە سندوقی خاشاكەكانەوە و ئەمەش جارێكی تر و بە جۆرێكی تر زیان بە ژینگە دەگەیەنێت، بۆیە باشترە كەسەكان ڕێگەیەكی دروستتر بۆ شۆردنی جلوبەرگەكانیان بەكار بهێنن بۆ ئەوەی بتوانن زۆرترین ماوە سود لە جلەكانیان ببینن و ناچار نەبن زوو زوو جلوبەرگەكانیان فڕیبدەن كە ئەمە جگە لەوەی بە فیڕۆدانی پارەیەكی زۆرە زیانێكی ژینگەیی گەورەشی هەیە».
لە بارەی ئەوەشی پەیوەندیی بەپلەی گەرمای جلشۆردنەوە هەیە، ئەوا توێژەرەوەكان دەڵێن»تا پلەی گەرمای ئامێرەكانی جلشۆرین بەرز بێت ڕەنگی جلوبەرگەكان كالتر دەبنەوە».
ئەو توێژەرەوانە بە مەبەستی سەلماندنی قسەكانیان تاقیكردنەوەیان لەسەر چەند پارچە جلوبەرگێك كرد و بۆیان دەركەوت، ئەو كراسەی (16) جار هەر جارەی لە پلەی گەرمیی(40) دا و بۆ ماوەی (85) خوولەك شووشتیان دوو هێندەی ئەو كراسە كاڵ بووەوە كە 16 جار و هەر جارەی لە پلەی گەرمیی (25) و بۆ ماوەی 30 خوولەك شۆردنیان.
ئەو توێژەرەوانە ئەوەشیان ڕاگەیاند كە جلوبەرگی لۆكەیی زووتر ڕەنگیی كاڵ دەبێتەوە وەك لەو جلوبەرگانەی قوماشەكەیان پۆلیستەرە، هەروەها یەك كیلۆگرام جلوبەرگی تۆخ لەیەكەمین شووشتنیدا گەر لە پلەی گەرمیی 40 و ماوەی 85 خوولەك بشۆرێت نزیكەی (140) میلیگرام ریشاڵی وردی لێدەبێتەوە، بەڵام هەمان بڕی جل گەر لە پلەی گەرمیی(30) بۆ ماوەی 25 یان 30 خوولەك بشۆردرێت ئەو ڕیشاڵە وردەی لێیدەبێتەوە كەمدەبێتەوە بۆ 104 ملیگرام .
توێژەرەوەكان دەڵێن» بە تەنها جلوبەرگی نوێ ئەو ریشاڵە وردەیان لێنابێتەوە، بەڵكو جلوبەرگی كۆنیش هەمان ریشاڵیان لێدەبێتەوە ئەگەر لە ئامێری جل شۆردا بە ئاوی زۆر گەرم و بۆ ماوەی زۆر بشۆردرێن واتە ماوەی شۆردنەكەیان لە ئامێرەكەدا زۆر بێت، ئەمەش وا دەكات ئەو جلوبەرگە بە درێژایی ماوەی بەكارهێنانیان دەبنە هۆی پیسكردنی ژینگە بە پلەی یەكەم و دواتریش زیانی دارایی زۆر دەگەیەنن بە بەكارهێنەر».

سەرچاوە:DW

print

 35 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*