سەرەکی » راپۆرت » ئامادەكردنی: دیاری سابیر » ئیدلب سەرلەنوێ برایەوە ئەنجومەنی ئاسایش

ئیدلب سەرلەنوێ برایەوە ئەنجومەنی ئاسایش

لە میانی كۆبوونەوەیەكی بە پەلە ‌و ناڕەسمیی ئەنجومەنی ئاسایش، ژمارەیەك ئەندامی ئەنجومەنی ئاسایش داوای راگرتنی بە پەلەی هێرشەكانی سوپای سوریایان كرد لە دەوروبەری شاری ئیدلب لە باكووری خۆرئاوای سوریا.

سەلامەتیی گیانی هاووڵاتیان مسۆگەر بكەن
هەریەك لە ئیستۆنیا، بەلجیكا ‌و ئەڵمانیا ئەندامانی كاتی ‌و فەرەنسای ئەندامی هەمیشەیی ‌و هەروەها پۆڵەندای ئەندامی پێشووی ئەنجومەنی ئاسایش، راگەیەنراوێكی هاوبەشیان ئیمزاكرد ‌و داوایان لە هەموو لایەنە شەڕكەرەكانی سوریا كرد تاكو شەڕ رابگرن، بەتایبەتیش داوایان لە سوپای سوریا ‌و هاوپەیمانەكانی كرد كە هێرشە سەربازییەكانیان بووەستێنن ‌و رێكەوتنێكی راستەقینە ‌و هەمیشەیی دەربارەی راگرتنی شەڕ بكەن ‌و سەلامەتیی گیانی هاووڵاتیانی مەدەنی مسۆگەر بكەن ‌و بە تەواوەتی پابەندی یاسای مرۆیی نێودەوڵەتیی ببن.

ئاوارەبوونی هەزاران مەدەنی
ئاژانسی دەنگوباسی فرانس پرێس لە زاری ژمارەیەك دیپلۆماتكارەوە بڵاویكردەوە: ئەو وڵاتانە هەوڵیان نەداوە بەیاننامەیەكی هاوبەش بۆ ئەنجومەنی ئاسایش بەرزبكەنەوە، چونكە دەزانن كە روسیا لە دژیان دەوەستێتەوە.
لای خۆیەوە، مارك بیكستین باڵیۆزی بەلجیكا لە نەتەوە یەكگرتووەكان ‌و سەرۆكی خولی ئێستای ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی رایگەیاند: بە نیگەرانییەوە دەڕوانێت لە ئاوارەبوونی هەزاران مەدەنی لە ئیدلب، بەهۆی هێرشە ئاسمانییەكانی سوپای سوریا ‌و هاوپەیمانەكانییەوە. هەروەها وێڕای دابەشبوونێكی ئاشكرای بۆچوونەكان دەربارەی ئەوەی لە ئیدلب لە سوریا دەگوزەرێت، بەڵام بە دووری نەزانی كە جارێكی تر دۆسێكە لە ئەنجومەنی ئاسایش بخاتەوە بەر باس ‌و گفتوگۆ.

سوریا هێرشەكانی چڕكرۆدتەوە
كۆبوونەوە بە پەلەكەی ئەنجومەنی ئاسایش لە كاتێكدایە، كە سوپای سوریا، هێرشە زەمینی ‌و ئاسمانییەكانی بۆ سەر ئیدلب ‌و دەوروبەری چڕكرۆدتەوە ‌و بە وتەی میدیاكانی ئەو وڵاتەش، سوپای سوریا رێگەی نێودەوڵەتیی دیمەشق – حەلەبی بەتەواوی كۆنترۆڵكردووە. روانگەی سوری بۆ مافەكانی مرۆڤیش باس لە كوژرانی چەندین هاووڵاتی مەدەنی ‌و ئاوارەبوونی هەزارانی دیكەش دەكات.

گەورەترین لێشاوی ئاوارەبوونە لە سوریا
بەگوێرەی ئاماری نەتەوە یەكگرتووەكانیش، لە مانگی 12ی ساڵی رابردووەوە، زیاتر لە 800 هەزار كەس لە ئیدلب ‌و ناوچەكانی دەوروبەری ئاوارە بوون بە وتەی بەرپرسانی سەر بە رێكخراوە نێودەوڵەتییەكە، ئەو ژمارەیەك كە ئامارێكی سەرەتاییە، بە گەورەترین لێشاوی ئاوارەبوونی هاووڵاتیان مەدەنی دادەنرێت لە سەرەتای سەرهەڵدانی ململانێكانەوە لە سوریا كە نزیكەی نۆ ساڵ دەبێت.

سەرچاوە، ئاژانسەكان

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*