سەرەکی » دۆسێ » هاتوچۆی بازرگانی له‌ سێمالكا هه‌یه‌و سه‌دان بارهه‌ڵگر له‌وێ‌ ده‌بینی

خاكی ره‌ش

هاتوچۆی بازرگانی له‌ سێمالكا هه‌یه‌و سه‌دان بارهه‌ڵگر له‌وێ‌ ده‌بینی

به‌شی یه‌كه‌م

له‌ رۆژانی سه‌ره‌تای 2016 سه‌ردانی رۆژئاوای كوردستانم كرد، ئه‌وكاته‌ تازه‌ كۆبانیی رزگاركرابوو. زستانی ئه‌و ساڵه‌ زۆر ساردبوو، هه‌فته‌یه‌ك له‌وێ‌ مامه‌وه‌و تۆماری مێژوویه‌كی نوێی‌ رۆژئاوای كوردستانم كرد. ده‌كرێ بڵێین تۆماری‌ ساته‌وه‌ختێكی مێژوویی بوو.
تۆماركردنی راستیی رووداوه‌كان له‌ قۆناغێكی وه‌كو ئه‌وكاته‌ گرنگییه‌كی زۆری هه‌بوو، له‌لایه‌ك سه‌ره‌تای‌ رزگاركردنی ناوچه‌كان و دروستبونی ئیداره‌ی‌ رۆژئاوای كوردستان بوو، له‌لایه‌كی دیكه‌ پێویست بوو ئه‌و مێژووه‌ بابه‌تیانه‌و دوور له‌ململانێی‌ سیاسی و حزبیی تۆماربكرێت، نه‌خاسمه‌ ئه‌وكاته‌ ململانێی‌ نێوان په‌یه‌ده‌و پارتی دیموكراتی كوردستان له‌هه‌ڕه‌تی بوو، بۆیه‌ نوسینه‌وه‌ی‌ مێژوو یان رووداوه‌كان له‌لایه‌ن هه‌ریه‌ك له‌و دوو لایه‌نه‌وه‌ ده‌كه‌وته‌ ژێر كاریگه‌ریی و باندۆری سیاسی وململانێی‌ حزبیی.
هه‌موو كاتێك هه‌وڵمداوه‌ به‌شێك نه‌بم له‌ململانێی و تێگه‌یشتنی سیاسی بۆ رووداوه‌كان، هه‌روه‌ك هه‌وڵده‌ده‌م قه‌ڵه‌م بكه‌مه‌ كامێرا بۆ نوسینه‌وه‌ی‌ مێژوو، بۆ پێشاندانی رووداوه‌كان وه‌كوخۆی، به‌ڵام ئه‌وه‌ مانای ئه‌وه‌نییه‌ ناكه‌ومه‌ ژێر كاریگه‌ری‌ هه‌ندێ بارودۆخ! ئه‌وه‌ی‌ گرنگه‌، بتوانین مێژوو به‌شێك له‌و مێژووه‌ وه‌كوخۆی تۆماربكه‌ین، كه‌ ده‌كرێت ئیستا بنوسرێته‌وه‌و دوارۆژیش سودی لی وه‌ربگیرێت، نه‌خاسمه‌ ئه‌و میدیایه‌ی‌ ئێستا له‌رۆژئاوای كوردستان كارده‌كات و رووداوه‌كان ده‌گوێزێته‌وه‌، میدیایه‌كی حزبییه‌و له‌بری ئه‌ركه‌ پیشه‌ییه‌كه‌ی‌، زیاتر رۆڵی داموده‌زگای حزبیی ده‌گێڕێت! واته‌ داموده‌زگاكان و میدیاكاره‌كان حزبیین، بۆیه‌ ئه‌وه‌ی‌ ده‌بینرێت هه‌موو رووداوه‌كان نین، یان ره‌هه‌ندوو دیوی رووداوه‌كان نییه‌، به‌ڵكو ئه‌و رووانه‌یه‌ كه‌ هه‌ڵده‌بژێردرێن.
ئه‌وكاته‌ی من چووم سه‌ره‌تایی قۆناغی رزگاركردنی شوێنه‌ جیاوازه‌كانی رۆژئاوای كوردستان بوو، هێشتا ته‌واوی ناوچه‌كان رزگارنه‌كرابوون، له‌لایه‌ك تیرۆرستانی داعش و له‌لایه‌كی دیكه‌ گروپه‌ تیرۆرخوازه‌كانی چوارچێوه‌ی‌ به‌ناو ئۆپۆزسیۆنی سوریا به‌تایبه‌ت له‌ناوچه‌كانی شێخ مه‌قسودو ئه‌شره‌فییه‌ له‌ حه‌له‌ب.
چیرۆكێكی رۆژنامه‌وانیم به‌ناوی (سه‌فه‌رێك له‌ وڵاتی خۆمه‌وه‌ بۆ وڵاتی خۆم) نوسی، كه‌ تێیدا هه‌وڵمدا تۆماری‌ وێنه‌ی‌ ئه‌وكاته‌ی‌ ژیانی سیاسی و ئابوریی و كۆمه‌ڵایه‌تی رۆژئاوای كوردستان بكه‌م. زنجیره‌ چیرۆكه‌كه‌م له‌دووتۆی كتێبێكدا چاپكرد. دوای چوار ساڵ و زنجیره‌ گۆڕانێكی یه‌ك له‌دوای‌ یه‌كی رۆژئاوای كوردستان و سوریا به‌گشتیی گرنگ و پێویست بوو ئه‌و گۆڕانانه‌ی‌ دروستبوون ببینم و وێنه‌ی‌ راسته‌قینه‌ی‌ ئه‌وێ‌ به‌هه‌موو سه‌رنجه‌كانه‌وه‌ دوباره‌ بخه‌مه‌ڕوو.
وه‌ك جاری پێشوو له‌ڕێی‌ مه‌كته‌بی په‌یوه‌ندییه‌كانی یه‌كێتی نیشتیمانیی كوردستان داوای رێپێدانی په‌ڕینه‌وه‌ی ده‌روازه‌ی‌ سێمالكام كرد، خێرا لێپرسراوانی پارتی دیموكراتی كوردستان وڵامی ئه‌رێنیان دایه‌وه‌، ئیدی كه‌وتمه‌خۆو په‌یوه‌ندیی و پلانی كاركردن و مانه‌وه‌و كاروباره‌كانی دیكه‌م رێكخست.
من نازانم چ رێككه‌وتێك بوو دوای‌ چوارساڵ جارێكی دیكه‌ له‌ هه‌مان رۆژ له‌ 17ی كانونی دووه‌می 2020 دوباره‌ سه‌ردانی رۆژئاوای كوردستانم بكه‌مه‌وه‌. ئه‌مه‌ وایكرد ته‌شویقم بۆ سه‌ردان و نوسین له‌سه‌ر دوایین پێشهات و گۆڕانه‌كانی ئه‌وێ‌ زایاتر ببێت.
ده‌مێك بوو ده‌مویست دوباره‌ سه‌ردانی رۆژئاوای كوردستان بكه‌مه‌وه‌، به‌ڵام ده‌رفه‌تی له‌بار نه‌بوو. پێشتر په‌یوه‌ندیم له‌گه‌ڵ ژماره‌یه‌كی زۆر نوسه‌رو رۆژنامه‌نوس و كاربه‌ده‌ستی رۆژئاوا كردبوو، بۆئه‌وه‌ی‌ پلانی نوسین و تیشكخستنه‌ سه‌ر ژیانی ئه‌وێ‌ باشتر دابڕێژم، هه‌روه‌ك هاوكاریم بكه‌ن له‌گه‌یشتن به‌ زانیاریی و نوسین له‌سه‌ر ژیان له‌ رۆژئاوای كوردستان به‌گشتیی‌.
به‌یانیه‌كی تاریك و رۆن و باراناویی و سارد له‌ماڵ هاتمه‌ ده‌ره‌وه‌، تا گه‌یشتمه‌ سنور كه‌میك له‌ناو ئۆتۆمبێلدا خه‌وتم، چونكه‌ ده‌مزانی رێگاكه‌ دووره‌و لانیكه‌م 6 بۆ 7 سه‌عات پێویسته‌ تا ده‌گه‌مه‌ شوێنی مانه‌وه‌. گه‌یشتمه‌ سنور، تاكه‌ كه‌س بووم خه‌ڵكی باشوری كوردستان بووم، یان به‌قه‌ولی ئه‌وانه‌ی‌ سه‌رسنور ته‌نها ئه‌من عیراقیی بووم و له‌ئاوی دیجله‌ ده‌په‌ڕیمه‌وه‌ به‌ره‌و رۆژئاوای كوردستان.
له‌ده‌روازه‌ی‌ سێمالكا خۆم ناساند، به‌ڕێزه‌وه‌ پێشوازییان كردم و دوای‌ ته‌واوكردنی كاروباری‌ په‌ڕینه‌وه‌، هه‌ر له‌سنوری باشور ئۆتۆمبێلێكی ئیداره‌ی‌ رۆژئاوای كوردستان چاوه‌ڕێی‌ ده‌كردم، په‌ڕینه‌وه‌ی‌ ئه‌مجاره‌ به‌سه‌ر پردێكی كاتیی بوو كه‌ بارهه‌ڵگریشی به‌سه‌ردا ده‌په‌ڕیه‌وه‌.
به‌ر له‌چوارساڵ كاتێك به‌ به‌له‌مێكی چكۆلانه‌ په‌ڕیمه‌وه‌، شپرزه‌ییه‌كی زۆر به‌ده‌روازه‌كه‌وه‌ دیاربوو، ئه‌وانه‌ی‌ ده‌په‌ڕینه‌وه‌ له‌دۆخێكی ده‌رونیی زۆر شێواودا بوون، به‌ڵام ئه‌مجاره‌ زۆر باشتر بوو، دۆخێكی ئارام و سه‌قامگیر هه‌بوو، كاروباری په‌ڕینه‌وه‌و هاتن و چوون رێكخراوترو زۆرباشتر بوو.
له‌ودیو سنور، به‌ڕێوبه‌ری‌ ده‌روازه‌ی‌ سێمالكا له‌ئیداره‌ی‌ خۆسه‌ری‌ رۆژئاوای كوردستان هه‌ڤاڵ خه‌بات چاوه‌ڕێی‌ ده‌كردم، كورێكی له‌سه‌رخۆو هێمن بوو، پێشتر په‌یوه‌ندیمان كردبوو، ئه‌و شاره‌زای باشوری كوردستان بوو، قاوه‌یه‌كی كوردانه‌مان به‌یه‌كه‌وه‌ خوارده‌وه‌و ئیدی به‌ڕێككه‌وتم به‌ره‌و عامودا.
ده‌روازه‌ی‌ سنوره‌كه‌ زۆر به‌رفراوانكرابوو، كاروباره‌كانی ئیداره‌كه‌ زۆر رێكوپێك بوو، به‌خێرایی ئیشه‌كانیان بۆ ته‌واوكردم. وه‌ك 2016 دیسان بارانێكی زۆر هه‌بوو، له‌بارانه‌كه‌ بگه‌ڕێین من زۆر ترسم له‌سه‌رمای ئه‌وێ‌ هه‌بوو، چونكه‌ سه‌رمای ئه‌وێ‌ زۆر وشكه‌، ده‌ره‌قه‌تی نایه‌یت.
هه‌ر له‌ده‌روازه‌ی‌ سێمالكا له‌هه‌ردوو دیوی باشورو رۆژئاوای كوردستان گه‌راجی زۆر گه‌وره‌ی‌ وه‌ستانی بارهه‌ڵگر دروستكراوه‌ سه‌دان بارهه‌ڵگر له‌و سنوره‌ به‌به‌رده‌وامیی بونیان هه‌یه‌، ئه‌مه‌ش ئه‌وه‌ ده‌گه‌ینێت كه‌ هاتن و چوونی بازرگانیی له‌نێوان هه‌ردوولادا هه‌یه‌، له‌كاتێكدا به‌رله‌ 4 ساڵ به‌ئاشكرا رێگه‌ له‌هاتن و چوونی بازرگانیی ده‌گیرا. ئه‌مه‌ له‌كاتێكدا به‌قسه‌ی‌ لێپرسراوانی رۆژئاوای كوردستان هێشتا وه‌كو پێویست ئه‌و ده‌روازه‌یه‌ له‌رووی بازرگانییه‌وه‌ به‌رووی رۆژئاوادا كراوه‌ نییه‌.
كاكی شۆفێر راسپێردرابوو بمگه‌ینێته‌ عامودا، له‌وێ‌ مێوانخانه‌یه‌كی لێیه‌ بۆ رۆژنامه‌نوس و ئه‌وانه‌ی‌ له‌رۆژئاوا بۆماوه‌یه‌كی كورت ده‌مێننه‌وه‌. پێشتر مێوانخانه‌كه‌م بینیبوو، شوێنێكی رێكوپێكه‌ بۆ مانه‌وه‌، به‌ڵام له‌ترسی باری ئه‌منی بڕیارمدابوو ته‌نها شه‌وێك له‌وێ‌ بمێنمه‌وه‌، كه‌ دواتر دێمه‌ سه‌رباسكردنی.
به‌ده‌م قسه‌كردن له‌گه‌ڵ كاكی شۆفێرو لێزمه‌ی‌ بارانه‌وه‌ رێمان ده‌كرد، من پێموابوو ته‌نها دوو سه‌عاتێكمان پێویستده‌بێت تا ده‌گه‌ینه‌ شوێنی مانه‌وه‌، به‌ڵام زۆر له‌وه‌ زیاتری برد. ده‌فته‌ری تیانوسی سه‌رنج و تێبینیه‌كانم به‌ده‌سته‌وه‌ بوو، ورده‌ ورده‌ ده‌منوسین.
تاكه‌ رێگه‌یه‌كی سه‌ره‌كی هه‌یه‌ شاره‌ كوردستانییه‌كان به‌یه‌كه‌وه‌ ده‌به‌ستێته‌وه‌و له‌كۆبانیی تا ده‌گاته‌ سنوری‌ سێمالكا به‌درێژایی سنورشاره‌ كوردستانییه‌كان وه‌ك توله‌ رێ ده‌بڕێت، ئه‌و رێگه‌یه‌ ته‌نها یه‌ك سایده‌ نه‌ك جووت ساید. به‌درێژایی مێژووی سوریا رژێمه‌ یه‌ك له‌دوای یه‌كه‌كانی ئه‌و وڵاته‌ هیچ گرنگییه‌كیان به‌شاره‌وانیی و رێگاوبانی ئه‌و هه‌رێمه‌ نه‌داوه‌، له‌گرتن و سڕینه‌وه‌ی‌ شوێنه‌واریی نه‌ته‌وه‌یی كوردو به‌عه‌ره‌بكردن ئه‌جێندای دیكه‌یان نه‌بووه‌، بۆیه‌ له‌رۆژئاوای كوردستانیش ئه‌و رێگاوبانانه‌ی‌ هه‌ن زۆر كۆنن و له‌ئاست پێویستی ناوچه‌كه‌و پێشكه‌وتنی ژیان و زۆربونی ژماره‌ی‌ دانیشتوان نییه‌. ئه‌و رێگه‌یه‌ی‌ باسی ده‌كه‌م پێشتر زۆر خراپ بوو، به‌ڵام دیاره‌ ریڤه‌به‌ری‌ خۆسه‌ر له‌ماوه‌ی‌ ساڵی رابردوو چه‌ندین شوێنی جیاوازی ئه‌و رێگه‌یه‌ی‌ نوژه‌ن كردبویه‌وه‌و كاره‌كانی نوژه‌نكردنه‌وه‌ گه‌یشتبووه‌ نزیك ده‌روازه‌ی‌ سێمالكا، به‌ڵام به‌فروباران كاره‌كه‌ی‌ وه‌ستاندبوون.
ئه‌و نوێكردنه‌وه‌یه‌ كه‌ له‌چه‌ندین شوێنی جیاوازی رۆژئاوای كوردستان بینیم، بۆنمونه‌ رێگه‌ی‌ نێوان عامودا و قامیشلۆ، یان رێگه‌یه‌كی نوێ‌ كه‌ له‌نێوان قامیشلۆو عاموداوه‌ ده‌چویه‌وه‌ سه‌ر رێگه‌ی‌ سه‌ره‌كی M4 ئه‌وه‌ مانای ئه‌وه‌بوو كه‌ هه‌وڵێك هه‌یه‌ له‌لایه‌ن رێڤه‌به‌ری‌ خۆسه‌ر بۆ چاككردنی رێگاوبان و فه‌رمانگه‌ حكومییه‌كان، به‌ڵام توانای دارایی ئه‌و رێڤه‌به‌رییه‌ زۆر سنورداره‌ بۆیه‌ ره‌نگه‌ نوژه‌نكردنه‌وه‌ یان جێبه‌جێكردنی پرۆژه‌ زۆر سنوردار بێت.
مه‌به‌ستم بوو له‌و رێگه‌یه‌ سه‌رنج بده‌مه‌ بیره‌ نه‌وته‌كانی ئه‌و سه‌ر رێگایانه‌و پێشكه‌وتنه‌كانی له‌وباره‌یه‌وه‌ هاتوونه‌ته‌ دی، چونكه‌ سه‌ره‌تای‌ 2016 كاتێك ئه‌و ناوچه‌یه‌م بینی به‌شێك له‌بیره‌ نه‌وته‌كانی ئه‌و سه‌ر رێگایانه‌ به‌رێگه‌یه‌كی زۆر كۆن نه‌وتیان لێ ده‌رده‌كرا، به‌ڵام ئه‌مجاره‌ بینیم زۆربه‌ی‌ ئه‌و بیره‌نه‌وتانه‌ كاریان ده‌كرد، به‌ڵام هه‌ر به‌شێوازه‌ كۆنه‌كه‌ نه‌وتیان لێ ده‌رده‌هێنرا.
له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا هه‌واڵ و زانیاریی نوێ‌ له‌باره‌ی‌ نه‌وتی رۆژئاوای كوردستان ئێستا هه‌یه‌ كه‌ جیاوازه‌ له‌و سه‌رده‌مه‌ی‌ من سه‌ردانی ئه‌وێم كرد، ئه‌وكاته‌ من چووم ئه‌و نه‌وته‌ی‌ ده‌رده‌هێنرا ته‌نها به‌شێ پێداویستیه‌كانی ناوخۆی ده‌كرد، ده‌كرێت بڵێین ئه‌وه‌ی‌ لێی‌ پاڵفته‌ ده‌كرا له‌رووی چۆنایه‌تیه‌وه‌ باش نه‌بوو، به‌ڵام ناچار نه‌وت و به‌نزین و گازۆیله‌كه‌ی‌ بۆ ناوخۆ به‌كارده‌هێنرا، به‌ڵام ئێستا به‌شێك له‌و نه‌وته‌ به‌دیمه‌شق و هه‌رێمی كوردستان ده‌فرۆشرێت، ئه‌گه‌رچی رێژه‌كه‌ی‌ كه‌مه‌، به‌ڵام له‌دۆخێكی ئاوهادا بۆ رۆژئاوای كوردستان سودی زۆری هه‌یه‌، كه‌ ده‌كرێت وورده‌كاریی ئه‌و پرسه‌ وه‌كوخۆی بخه‌ینه‌ڕوو.
به‌لای شاخی قه‌ره‌چوخدا تێپه‌ڕین كه‌ ده‌كه‌وێته‌ نزیك شارۆچكه‌ی‌ دێریك، ته‌مومژێكی زۆر ده‌وری شاخه‌كه‌ی‌ گرتبوو، دیمه‌نێكی زۆرجوان له‌دووره‌وه‌ له‌گوندی نایف پاشا ده‌بینرا، كه‌ نزیك بوینه‌وه‌ كابرای شۆفێر ئاماژه‌ی‌ كرد به‌ باره‌گایه‌كی هێزه‌كانی یه‌په‌گه‌ كه‌ له‌ كۆتایی نیسانی 2017 له‌لایه‌ن فرۆكه‌كانی توركیاوه‌ بۆمبارانكراو له‌ئه‌نجامدا زیاتر له‌ 20 شه‌ڕڤان له‌وێدا شه‌هید بوون! ده‌توانین بڵێین ئه‌و بۆمبارانكردنه‌ بووه‌ سه‌ره‌تایه‌كی نوێ‌ له‌گرژی نێوان رۆژئاوای كوردستان و توركیا، چونكه‌ دواتر چه‌ندین باره‌گای دیكه‌ی‌ یه‌په‌گه‌ له‌لایه‌ن فرۆكه‌كانی توركیاوه‌ بۆمباران كران.
له‌دوای‌ ئه‌و روداوانه‌ هێزێكی تایبه‌تی ئه‌مریكا به‌ئاشكراو به‌ئاڵای ئه‌مریكاوه‌ سه‌ردانی ناوچه‌كه‌ی‌ كرد، هاوكات هێزێكی گه‌ڕۆكیان پێكهێنا بۆ چاودێریكردنی ئه‌و سنورانه‌و پاراستنی‌ ناوچه‌كه‌، ئه‌مه‌ش سه‌ره‌تایه‌كی نوێ‌ بوو كه‌ ئه‌مریكا به‌ئاشكرا باس له‌پاراستنی رۆژئاوا بكات. ئه‌گه‌رچی دواتر له‌ 2019 ناوچه‌یه‌كی به‌رفراوانی رۆژئاوای كوردستانی له‌چوارچێوه‌ی‌ رێككه‌وتنێكی دووقۆڵی ته‌سلیم به‌ توركیا كرد.
له‌و رێگه‌یه‌ به‌ده‌م گفتوگۆو لیزمه‌ی‌ بارانه‌وه‌ رێمان ده‌كرد، له‌دێرك تێپه‌ڕین و ده‌مانویست نزیك ببینه‌وه‌ له‌ رمێلان، له‌ناوه‌ڕاستی گوندێك به‌ناوی (گر قه‌حفك) بینیمان رێگامان به‌ته‌واوی به‌سه‌ردا داخراوه‌! ژماره‌یه‌كی زۆر هێزی روسیا به‌زرێپۆش و گوله‌نه‌بڕی تایبه‌ت ناوه‌ڕاستی رێگه‌یان گرتووه‌! ژماره‌یه‌ك سه‌ربازیشیان له‌به‌ر باران وه‌ستاون! له‌كۆتایی گونده‌كه‌ش هێزێكی گه‌وره‌تری ئه‌مریكا كه‌ پێكهاتبوو له‌ژماره‌یه‌ك زرێپۆشی زۆر به‌رزو گوله‌نه‌بڕی تایبه‌ت ئه‌وانیش رێگه‌كه‌یان به‌ته‌واوی داخستبوو! هه‌ردوو هێز به‌ئاشكراو به‌ئاڵای وڵاته‌كانیان ناوه‌ڕاستی ئه‌و جاده‌یان گرتبوو، پێده‌چوو چه‌ند خوله‌كێك بوو هه‌ردوولا گه‌یشتبوونه‌ به‌رامبه‌ر یه‌كتری. هێزه‌كه‌ی‌ روسیا له‌ سێمالكا ده‌گه‌ڕایه‌وه‌و گه‌ڕێكی ناوچه‌كه‌یان كردبوو، هێزه‌كه‌ی‌ ئه‌مریكاش به‌ریان له‌و هێزه‌ گرتبوو نه‌یانده‌هێشت بگه‌ڕێنه‌وه‌، ئێمه‌ش له‌و نێوانه‌دا به‌و بارانه‌ زۆره‌وه‌ رێگه‌كه‌مان لێگیرابوو به‌جۆرێك ده‌ربازبوون زۆر زه‌حمه‌ت بوو، چونكه‌ جگه‌ له‌ رێگه‌ی‌ سه‌ره‌كی، ئۆتۆمبێل نه‌یده‌توانی به‌هیچ شێوه‌یه‌ك بچێته‌ سه‌ر گل و له‌قوڕدا گیرخواردوو ده‌بوو. لێره‌وه‌ به‌بینینی ئه‌و دیمه‌نه‌ ناونیشانی ئه‌و زنجیره‌ چیرۆكه‌ رۆژنامه‌وانیه‌م بۆهات و بڕیارمدا ناوی بنێم خاكی ره‌ش كه‌ له‌ئه‌لقه‌ی‌ داهاتوو به‌ووردی باسی ده‌كه‌ین.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*