سەرەکی » وتار » لەتیف فاتیح فەرەج‌ » چەخماخەی ئازارەكانپەڕە 27

خورجە

چەخماخەی ئازارەكان

1
ئەو هەموو لاوە نەمامن نێژران لەو باخچەیە
ریشەیی كوردایەتی بوو یانی بۆمان نێژران
روداوەكەی چەخماخە ناكرێت وەك روداوێكی ئاسایی سەیر بكرێت و چاوەڕوانی ئەوە بین چی بە دوای خۆیدا دێنێت، لە بارودۆخێكا كە كورد لە هەموو روویەكەوە پرش و بڵاوە و لەوەشدا كۆك نیە كە چۆن مامەڵە لەتەك كابینەكەی عەلاویدا بكات، لە دەمەو ئێوارەیەكی زوودا چەكدارێكی ناسنامە نادیار و گومان بەوەی داعشە لە دوكانێكا لە گوندی چەخماخە 7 گەنج خەڵتانی خوێن دەكات كە دوانیان تاقانەی خانەوادەكانیانن و دواتر چواریان شەهید دەبن.
ئێوارەی هەژدەی شوبات بۆ چەخماخە و بۆ كوردی كەركوك و دووبز ئێوارەیەكی خوێناوی و بە ئازار بوو، روداوەكە ئەوەندە ئازار بەخش بوو تا رادەی ئەوەی رۆژە تاریكەكانی 1963 بیری كورد بخاتەوە، هەر لەبەر ئەوەشە دەبێت حكومەتی كوردستان و لایەنە كوردیەكان، داوای لێكۆڵینەوەو بە دواداچوونی ورد بكەن، ئەمەش بۆ دوو بارە نەبوونەوەی ئەو مەرگە ساتە .
2
مەرگی كوڕەكان لە كاتێكدایە چەند ساڵێكە پێشمەرگە ئەو ناوچەیەی بە جێهێشتووەو عەرەبی عەرەباندنیش وەك جاران چاو لەو خێزانە كوردانە زەق دەكەنەوە كە تا ئێستا بەرگەی ئەو نادادی و ستەمەیان گرتوەو نایانەوێت بۆ جارێكی تر ناوچەو شوێنەكانی خۆیان بە جێبهێڵن، چەخماخە یەكێكە لەو گوندانەی سنوری دووبز كورد بۆ زەوی و زارەكانی تاپۆی عوسمانی هەیەو من وێنەی تاپۆی رەشی عوسمانی گوندی چەخماخەم لایە، بەڵام لە گەڵ ئەوەشدا بەردەوام هەڕەشە لە خەڵكەكەی كراوە بە جێیبهێڵن و لە رابردوودا لە سەر دەستی بەعس روخێنراوەو خەڵكەكەی دەركراوە، ئێستاش وێنەی یەكێك لەو تاوانبارانەی بەعسم لایە كە بە زۆر خەڵكی ئەو گوندانەی دەردەكرد و زەویەكانی داگیر دەكردن، نەدادگای فیدراڵی و نەدادگای تاوانەكانی رژێم و نەكەس لەوانەی نەپرسیەوە .
3
ئەم دەنگە هەموو ناڵەی كوردانە لە دەست غەیر
ئەم شۆڕە سەدای شیوەنی كوردانە لە دەست غەیر
ئەم نركە هەموو سوزش كوردانە لە دەست غەیر
ئەم خوێنە گەشە خوێنی شەهیدانە لە دەست غەیر
ئەم نەعرە هەموو نەعرەی كوردانە لە سەر دار
قسەی حسابی ئەوەیە ئاخۆ دەسەڵاتدارانی كورد خەڵكی ئەو ناوچانە بە خەڵكی خۆیان دەزانن و پرسی ناوچە دابڕێنراوەكان پرسی دڵ و قودس و چاوی كوردستانەو كەس ئامادە نیە دەست بەرداری بێت، یان ئەو قسانە هەر بۆ بە ڕێكردنی رۆژەو هیچی دیكە، ئاخۆ سەرانی كورد ئامادەن بۆ چەند چركەیەك خۆیان بخەنە جێی باوكی ئەو كوڕە زیت و گەنج و جوانانەی چەخماخە، كە ئیدی كەس تریقەی پێخەنینیان لە گوندا نابیسێ‌ .

 360 جار بینراوە