سەرەکی » وتار » ئازاد ئیبراهیم ‌ » داعش و بۆشایی ئه‌منی گونده‌كان

وتەی ئەمجارە

داعش و بۆشایی ئه‌منی گونده‌كان

30

له‌دوای‌ ساڵی 2011 و ده‌ركه‌وتنی ڕێكخراوی تیرۆریستی داعش له‌ هه‌ر دوو وڵاتی‌ عیراق و سوریا، ئه‌وه‌ی‌ هه‌ستی پێده‌كرا له‌سه‌ره‌تادا ئه‌م ڕێخراوه‌ تیرۆریستییه‌ ناوچه‌ دووره‌ده‌ست و په‌ڕگیره‌كانی‌ كرده‌ جێگه‌ی‌ یه‌كه‌م و گه‌شه‌كردنی‌ خۆی تاكو گه‌یشته‌ ئه‌وه‌ی‌ ئه‌م ڕێخراوه‌ شانه‌ نوستووه‌كانی‌ له‌ گونده‌كانی هه‌ردوو وڵاتی‌ سوریاو عیراق گه‌شه‌یان كردو دابه‌زینه‌ناو شاره‌كانه‌وه‌. له‌سه‌ره‌تاوه‌ بۆ ئێستا كه‌ كۆتایی داعش ڕاگه‌یه‌نراوه‌ و هێزه‌كانی ده‌وڵه‌ت له‌ عیراق و سوریا سه‌ركه‌وتنیان به‌سه‌ر داعش ڕاگه‌یاندووه‌ كه‌چی داعش ناوه‌ناوه‌ هێشتا چالاكی هه‌یه‌ و نایه‌وێت ئه‌و ڕاستییه‌ قبوڵ بكات كه‌ جارێكی دیكه‌ داعش ناتوانێت وه‌ك جاران هێزی ڕه‌قی خۆی كۆبكاته‌وه‌ و خۆی ته‌یار بكات و وه‌ك جاران پانتاییه‌كی گه‌وره‌ له‌هه‌ردوو وڵات داگیربكات.
ئه‌وه‌ی‌ داعش له‌ ڕابردوودا و له‌ ئێستاشدا سودی لێوه‌رگرتووه‌ و یارمه‌تی‌ كرده‌وه‌ تیرۆریستیه‌كانی‌ داعش ده‌دات، بۆشایی ئه‌منی گونده‌كانه‌. بۆشایی ئه‌منی له‌ گونده‌كان و به‌تایبه‌ت ئێستا له‌ هه‌ندێك گوندی سه‌رسنوره‌كانی‌ هه‌رێم كه‌ له‌ ڕۆژانی ڕابردوودا بینیمان، وایكردووه‌ داعش به‌ ئاسانی بجوڵێت و كاری تیرۆریستی ئه‌نجام بدات، ئه‌م بۆشاییه‌ ئه‌منییه‌ تا ئه‌و ئه‌ندازه‌یه‌ سودی هه‌یه‌ بۆ تیرۆریستانی‌ داعش كه‌ داعش هاوڵاتیانی گونده‌كان و به‌رهه‌می گوندنشینان و موڵك و ماڵیشیان به‌كار بهێنێت.
ئه‌گه‌ر داعش له‌ ڕابردوودا به‌ هێزی سه‌ربازی تێكشكێنرا بێت و ته‌پڵی سه‌ركه‌وتن به‌سه‌ر داعشدا لێدرابێت، ئه‌وا ئێستا بۆ كۆتاییهێنان به‌ كرده‌وه‌ تیرۆریستییه‌كانیشی كه‌ ناوه‌ ناوه‌ پێیهه‌ڵده‌ستێت، باشترین هه‌نگاو دوو شته‌ كه‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێم و حكومه‌تی‌ عیراقیش له‌ بیری نه‌كه‌ن تاكو ئه‌م شه‌مشه‌مه‌ كوێرانه‌ چاویان كوێر ببێت و ڕووناكی كوێریان بكات. ئه‌وانیش: یه‌كه‌میان ئه‌وه‌یه‌ كه‌ حكومه‌ت گونده‌كان ئاوه‌دان بكاته‌وه‌ ، دووه‌میش حكومه‌ت كار بكات بۆ ئه‌وه‌ی‌ هاوڵاتیانی ناوچه‌كه‌ وه‌ك هێزی ئاماده‌كراو دژه‌ تیرۆر به‌كار بهێنن.
هه‌ر ئاوه‌دانییه‌ك ڕوو بكاته‌ گونده‌كان به‌ زیانی ئه‌و شه‌مشه‌مه‌ كوێرانه‌ ده‌شكێته‌وه‌، چونكه‌ ئه‌م تیرۆریستانه‌ چاویان به‌ ڕووناكی و ئاوه‌دانی‌ هه‌ڵنایه‌ت و ئه‌وان ته‌نها ده‌یانه‌وێت له‌ تاریكیدا بژین، تاریكی یارمه‌تیده‌ری‌ ئه‌و تیرۆریست و شه‌مشه‌مه‌ كوێرانه‌یه‌ كه‌ خه‌ونیان نه‌ك ئاوه‌دانی‌ نییه‌ به‌ڵكو خه‌ونیان تێكچوون و وێران بوون و چۆڵبوونی گونده‌كانه‌ و گه‌وره‌بوونی ئه‌و بۆشاییه‌ ئه‌منییه‌یه‌ كه‌ كه‌وتۆته‌ ناوچه‌كانی‌ كه‌ناره‌وه‌ به‌تایبه‌ت هه‌ندێك له‌و گوندانه‌ی‌ كه‌ داعش له‌ پێشوودا كرده‌وه‌ی‌ تیرۆریستی‌ تێدا ئه‌نجام داوه‌، یان كرابوونه‌ ناوه‌ندی خۆته‌یاركردن و زیندانیكردنی‌ ئه‌و كه‌سانه‌ی‌ له‌لای‌ داعشی زاڵم بوون.
حكومه‌تی‌ هه‌رێم و حكومه‌تی‌ عیراقیش هه‌ر چالاكییه‌كی ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ و ئاوه‌دانی‌ بباته‌ هه‌ر گوندێكی نێوانیان كه‌ له‌ ڕۆژانی ڕابردوودا داعش وه‌ك په‌ناگه‌ی‌ خۆی به‌كاری‌ هێنابوو، ئه‌وا به‌ یه‌ك ڕێگا دوو ئامانج ده‌پێكێت: یه‌كه‌م له‌ لایه‌ك حكومه‌ت ئاوه‌دانی‌ بۆ بۆشاییه‌كی چۆڵ و بێناز له‌ خزمه‌تگوزاری‌ و دوور له‌ ژیان ده‌گێڕێته‌وه‌، دووه‌م له‌ لایه‌كیتریشه‌وه‌ په‌ناگه‌ی‌ ئه‌و تیرۆریست و شه‌مشه‌مه‌ كوێرانه‌ ده‌كه‌وێته‌ مه‌ترسییه‌وه‌ و چیتر ناتوانن له‌ ڕوناكیدا مۆڵگه‌یان خۆش بكه‌ن و بمێننه‌وه‌ و گه‌وره‌ ببن.
به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ تاكو ئه‌و ناوچه‌ و گوندانه‌ی‌ كه‌ تیرۆریستانی‌ داعش ده‌ستیان پێیده‌گات و وه‌كو مۆڵگه‌ی‌ تیرۆری خۆیان به‌كاری دێنن به‌و بۆشاییه‌ ئه‌منییه‌ بمێنێته‌وه‌ و دووربێت له‌ ده‌ستی ئاوه‌دانی‌، ئه‌وا داعش زیاتر له‌سودی خۆی به‌كاری دێنێت بۆ كرده‌وه‌ تیرۆریستییه‌كانی‌ و زیاتریش وه‌ك مۆڵگه‌ و لانه‌ی‌ خۆی به‌هێزی ده‌كات. هه‌تا ئه‌و بۆشاییه‌ بچێته‌ خزمه‌ت تیرۆریستانی‌ داعش و پیاوه‌ پیس و گڵاوه‌كانی‌ داعشه‌وه‌، ئه‌وا گه‌را و ڤایرۆرسی پیسی خۆیان زیاتر ده‌پیتێنن و زیاتر ئاماده‌ ده‌بن بۆ كاری تێكدان و خوێنڕشتن، ته‌واوی‌ هاوڵاتیانی ناوچه‌كه‌یش له‌ به‌روبومی ساڵانه‌ و داهاتی‌ گونده‌كانیان بێبه‌ش ده‌بن و داعش ده‌یبات بۆ خۆی و به‌كاریده‌هێنێت بۆ به‌هێزبوونی خۆی.

print

 289 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*