سەرەکی » وتار » د.ئه‌رسه‌لان بايز‌ » مام جەلال و زمانی عەرەبی

کـــۆڵـــەپـشـــــت

مام جەلال و زمانی عەرەبی

*جیا لەوەی (مام جەلال) خوێنەرو خوێندەوارو ڕووناكبیرو سیاسیەكی گەورە بوو، بە زمانەكانی فارسی‌و ئینگلیزیش قسەی دەكرد. قسەكردن و نووسینە عەرەبیەكەشی هێندە پاراو بوو هیچ كامێك لەسەركردەكانی عەرەب شانیان لە شانی نەدەدا. هەر بۆ بەرچاوڕوونیی خوێنەر، ئەم نموونەیە باس دەكەم:
*لەیەكێ‌ لە كۆنگرە باڵاكانی دەوڵەتانی عەرەب لە (ریاز)ی پایتەختی سعودیە. لەكاتی خوێندنەوەی ڕاگەیاندنی كۆتایی (بلاغ ختامی) كۆنگرەكە (مام جەلال) داوای قسەكردن دەكات. سەرۆكایەتی كۆنگرەكەش پێیان وایە (مام جەلال) تێبینی لەسەر هەندێ‌ لە خاڵەكانی بەیاننامەكە هەبێت، بەڵام (مام جەلال) سەرنجی هەموویان بەلای خۆیدا ڕادەكێشێت و دەڵێت:
بەپێی ڕێزمانی عەرەبی جۆری داڕشتنی هەندێ‌ لە ڕستەكانی ڕاگەیاندنەكە هەڵەیەو پێویستە ڕاست بكرێتەوە. جۆری ڕاستكردنەوەكەشیان بۆ دەستنیشان دەكات. لەو سەرەوە (حوسنی موبارەك)ی سەرۆكی ئەوسای میسر دەڵێ‌: جێی شانازییە كوردێك زمانی عەرەبی بۆ سەرجەم سەركردەكانی عەرەب راست بكاتەوە.
*یەكێ‌ لە جارەكان (مام جەلال) نامەیەكی داخراوی دامێ‌ بۆ (عزەت دوری) جێگری سەرۆك كۆماری ئەوسای عیراق، لە ڕاستیدا لە ڕووم نەهات ناوەڕۆكی نامەكەی لێ بپرسم، ئەویش هیچ باسێكی لە ناوەڕۆكی نامەكەی نەكرد. لەگەڵ كاك (دارای تۆفیق ئاغا) لەڕێگای كەركوكەوە، بە هاوكاری چەند ئەفسەرێكی عیراق بەرەو بەغدا بەڕێكەوتین، شەو لە یەكێ‌ لە خانووەكانی ئەوسای گەڕەكی (قادسیە) ماینەوە. بەیانیەكەی بە چەند ئۆتۆمبێلێكی مارسیدسی ڕەش چووینە ئۆفیسی (عزەت دوری). لەوێ‌ زۆر بە گەرمی پێشوازییان لێكردین و لە هەواڵی (مام جەلال) و سەركردایەتی «ی.ن.ك»یان پرسی، دواتر نامەكەم وەكو خۆی ڕادەستی كرد. ئەویش بەڕووێكی خۆش نامەكەی كردەوەو دەستی بە خوێندنەوەی كرد. لەگەڵ خوێندنەوەی نامەكە وردە وردە ڕەنگی دەم و چاوی تێكچوو و گرژبوو، نامەكەی دانایەوەو ڕووی لە (بەندە) كرد:
-ئەوە بۆچی (مام جەلال) نازانێ‌ نامە بنووسێ‌…؟
من حەپەسام…! چونكە هەر وەكو پێشتر باسم كرد نەمدەزانی نامەكە چی تێدایە. ئینجا بیریشم لەوە كردەوە چۆن وەڵامی بدەمەوە. دوای چەند چركەیەك بێدەنگی وتم:
-بڕوا ناكەم (مام جەلال) نەزانێ‌ نامە بنووسێ‌… ئینجا عەرەبیەكەی (مام جەلال) بێوێنەیە… زۆر دەمێكە هەردووكتان ئاشنای یەك و شارەزای یەكترن. پێموایە لە تێگەیشتنی ناوەڕۆكی نامەكە؛ لەیەك تێنەگەیشتنێك هەیە. دانیشتنەكە بە ساردو سڕی كۆتاییهات‌و من ماڵئاواییم لێكرد، بەڵام ماڵئاواییەكە وەكو پێشوازییەكە گەرم و گوڕ نەبوو.
دوای گەڕانەوەم بۆ سلێمانی و گەیاندنی گلەییەكە بە (مام)، دوای بەدواداچوون بۆمان دەركەوت. (عزەت دوری) بە هەڵە لە دێڕە شیعرەكەی شاعیری گەورەی عیراق (جواهری) گەیشتبوو، كە (مام جەلال) لە نامەكە بۆی نووسیبوو. پاش ماوەیەك عوزرخوایی بۆ (مام جەلال) ناردبوو.

print

 121 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*