سەرەکی » راپۆرت » راپۆرتی، عەلی كاشان‌ » کێبڕکێی جیهان لەسەر دۆزینەوەی ڤاکسینی دژی کۆرۆنا

کێبڕکێی جیهان لەسەر دۆزینەوەی ڤاکسینی دژی کۆرۆنا

بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا بۆتە قەیرانێکی جیهانی و زیاتر لە ١٥٠ وڵاتانی گرتۆتەوە، لە ئێستاشدا ژمارەی توشبووانی بەو ڤایرۆسە ٢٠٠ هەزاری تێپەڕاندووە و زیاتر لە هەشت هەزار کەسیش بەهۆی ڤایرۆسەکەوە گیانیان لەدەستداوە، زیاتر لە ٨٠ هەزاریش لەسەرتاسەری جیهان چاکبوونەتەوە کە پشکی شێری ئەم ژمارەیە لە چینە سەرەڕای ئەوەی بە سەرچاوەی نەخۆشییەکەش لە جیهاندا سەیری دەکرێت.
ڤایرۆسەکە کاریگەری گەورەی لەسەر رەوشی ژیانی جیهان هەبووەو زۆربەی سنوری نێوان وڵاتان داخراوەوباری نائاسای لە وڵاتان راگەیەندراوەو نرخی نەوت و ئاڵتون بەشێوەیەکی بەرچاو دابەزیوەو مەترسی لەسەر ئابوری جیهان هەیە.
لە ئێستاشدا ناوەندە تەندروستییەكان وكۆمپانیاكانی دەرمانسازی، لەچەندین وڵاتی جیهان كەوتوونەتە پێشبڕكێی یەكتر بۆ دۆزینەوەی ڤاكسینی ڤایرۆسی كۆرۆنا، لەچەند وڵاتێكیش تاقیكردنەوەی ئەزمونی ڤایرۆسەكە دەستیپێكردوەو چاوەڕێی دەرئەنجامەكانی دەكرێت.

ئەمریکا
ژمارەیەک لە کۆمپانیاکانی دەرمان لە ئەمریکا لە هەوڵی پێشخستنی ڤاکسینێكن بۆ کۆرۆنا، لە چەند رۆژی رابردوو دەستیان بە دۆزینەوەی ڤاکسینەکە کردو نمونەیەکی ڤایرۆسەکە لەسەر ٤٥ خۆبەخش بڵاوکرایەوە کە چاوەڕێ دەکرێت ئەنجامەکان مانگی داهاتوو رابگەیەندرێت.
دۆناڵد ترامپی سەرۆکی ئەو وڵاتەش لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا لە کۆشکی سپی رایگەیاند، حکومەت و پسپۆڕانی وڵاتەکەی کارێکی زۆر باشیان کردووە بۆ رێگەگرتن لە بڵاوبوونەوەی زیاتری ڤایرۆسی کۆرۆنا و هەوڵەکان بۆ دۆزینەوەی ڤاکسینێک بۆ ڤایرۆسەکە بەردەوامن. هەروەها پێشبینی ئەوەش دەکات لە مانگەکانی تەموزو ئابدا ڤایرۆسەکە لە ئەمریکا بنەبڕ بکرێت.

ئوسترالیا
ئوسترالیا مێژویەکی باشی هەیە لەگەڵ دۆزینەوەی چارەسەر، بەوپێیەی پێشتر لەم وڵاتەدا چارەسەری مەلاریا دۆزراوەتەوە، چارەسەری پێویستی ئایدزیش هەر لەم وڵاتە پەرەی پێدرا، لە ئێستاشدا هەوڵەکان لە تاقیگەکان بۆ چارەسی کۆرۆنا دەستیان پێکردووەو بەپێی پێشبینی زاناکی ئەو وڵاتەش لەماوەی سێ مانگدا ڤاکسینەکە ئامادە بکەن، راشیانگەیاندووە کە دۆزینەوەی ڤاکسینەکە تێچوویەکی زۆری دەوێت.

ئەوروپا و ئەڵمانیا
ئورسولا ڤۆن دێر لاین سەرۆكی كۆمسیۆنی ئەوروپا رایگەیاند، بەرهەمهێنانی پێكوتەی ئەوروپی لەدژی ڤایرۆسەكە لە وەرزی پایزدا بەردەست دەبێت. رونیشیكردۆتەوە، رەزامەندی لەسەر داهێنانی كۆمپانیای (cure vac)ی ئەڵمانی پیشاندراوەو سەرجەم رێوشوێنە پێوستییەكانی تێپەڕاندوە.

ئەڵمانیا ئاشكرایکرد تەواوی هێزو توانای تاقیگەکانیان بۆ دۆزینەوەی چارەسەرێک دەخەنەگەڕ، کۆمپانیای کیورڤاکی ئەڵمانی کە تایبەتە بە بواری تەکنەلۆجیای دەرمان و لەماوەی ڕابردوودا چارەسەری زۆربەی ڤایرۆسەکانی دۆزیوەتەوە، ڕایگەیاندبوو بەمزووانە ڤاکسینێک بۆ کۆرۆناش دەدۆزێتەوە.

بەریتانیا
لەلایەكی ترەوە پاتریك ڤالانس راوێژكاری زانستی حكومەتی بەریتانیا رایگەیاندوە، وڵاتەكەی بەرەوپێشچوونی گەورەی بەدەستهێناوە لە دروستكردنی پێكهاتەیەكی دژ بە ڤایرۆسی كۆرۆنا، چاوەڕوان دەكەن لە بەهاری ساڵی داهاتوو ئامادەبێت بۆ بەكارهێنان.
لەبەرامبەردا ئیدارەی کۆشکی سپی پێشنیازی بۆ کۆمپانیاکە کرد ئەو چارەسەرەی دەیدۆزێتەوە بە ئەمریکای بفرۆشێت، بەڵام حکومەتی ئەڵمانیا رەتیکردەوەو چەندین رەخنەی ئاراستەی ترامپ و ئیدارەکەی کرد و بەوە تۆمەتباری دەکەن کە دەیەوێت دەستکەوتەکانی ئەڵمانیا بۆخۆی ببات.

ئیتاڵیا و فەرەنسا
لە شاری لیۆنی فەرەنساش تاقیگەی ڤیر پاس ڕایگەیاند بە هەموو توانای خۆیەوە لەهەوڵی دۆزینەوەی چارەسەرێکن بۆ ڤایرۆسی کۆرۆنا، لە کاتێکدا ئێستا هەزارو ٥٠٠ چارەسەی بۆ نەخۆشییە جۆراو جۆرەکان خستووەتە بازاڕەوە.
لەناو ئیتاڵیاش کە بەسەرچاوەی ڤایرۆسەکە هەژماردەکرێت لە ئەوروپاو زۆرترین زیانی بەرکەوتووە بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە، هەریەک لە کۆمپانیای تاکیس و ئیفیڤاکس کە تایبەتن بە پێشخستنی بواری بیناسازی و ڤاکسین، بڕیاریاندا پێکەوە پلانێکی هاوبەش دابڕێژن بۆ دۆزینەوەی ڤاکسینێکی دژە کۆرۆناو لەوچوارچێوەیەشدا ئێستا لە هەوڵدان بە سوود وەرگرتن لە پلازمای ناو خوێنی چاکبووانی کۆرۆنا ڤاکسینێک بدۆزنەوە.
لە هەریەک لە وڵاتانی کەنەدا و ئسرائیلیش هەوڵەکان دەستیان پێکردووە، لە ئیسرائیل ٥٠ زانا پێکەوە دەستیان بە دۆزینەوە پێکوتەیەک کردووە، بەڵام دیار نییە هەموو ئەو هەوڵانە لەماوەی چەندی تردا دەگەنە ئەنجام.

چین و هندستان
لە چین سەرەڕای كەمبوونەوەی بەرچاوی ژمارەی توشبووانی كۆرۆناو تێپەڕاندنی قۆناغی مەترسیداری ڤایرۆسەكە، تێمێكی توێژینەوە لە ئەكادیمیایی پزیشكی سەربازی توانیویانە پەرە بە ڤاکسینێک بدەن و لەسەر توشبووانی ڤایرۆسەكە تاقیكراوەتەوەو ئەنجامی ئەرێنی هەبووە، چاوەڕوان دەكرێت لەمساڵدا بكەوێتە بازاڕەوە.
هەروەها پزیشكانی وڵاتی هندستان سەركەوتوو بوون لە دۆزینەوەی چارەسەرێك بۆ ڤایرۆسەكە، بەبەكارهێنانی تێكەڵەی چەند دەرمانێك.
توێژەرانی سەنتەری ئیراسمۆس پزیشكی لە هندستان رایانگەیاندوە، ماددەی دژە ڤایرۆسەكەیان دۆزیوەتەوە.

روسیا
لەروسیاش هەوڵەكان بۆ دۆزینەوەی ڤاكسینی دژە ڤایرۆسەكە دەستیپێكردوەو سەرۆكی بەشی زانستی ڤایرۆسەكان لە كۆلێژی بایۆلۆژیا لە زانكۆی مۆسكۆ ئاشكرایكردوە،زانایانی روس داهێنانێكی تەكنەلۆژییان كردوە بۆ بەرهەمهێنانی بەشەكانی خڕۆكەیەك كە پشت دەبەستێت بە ڤایرۆسی فسیفسا كە زیانی بۆ مرۆڤ نیەو دەتوانێت بلكێت بە هەر پرۆتینێكی وەك پرۆتینی ڤایرۆسی سارس و ڤایرۆسی كۆرۆنا.
رونیشیكردۆتەوە، تەنە بەرهەمهاتووەكە بۆ بەهێزكردنی بەرگریی جەستەیەو كاریگەرییەكی بەهێزی لە جەستەی مرۆڤدا هەبووە بەبێ‌ بەكارهێنانی ماددەی تر .

ئێران
دەسەڵاتدارانی ئێرانیش گەیشتنیان بە پێكهاتەیەك لەدژی ڤایرۆسەكە راگەیاندوە، كە وەك چارەسەر بۆ هەوكردنی سییەكان بەكاردەهێنرێت و چەند توشبوویەكی ڤایرۆسی كۆرۆناش بەو پێكهاتەیە چاكبوونەتەوە.

print

 177 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*