سەرەکی » مانشێت » رونكردنەوەیەك لەوەزارەتی رۆشنبیری‌و لاوانەوە بۆ كەناڵی كوردستان24

رونكردنەوەیەك لەوەزارەتی رۆشنبیری‌و لاوانەوە بۆ كەناڵی كوردستان24

 بەرنامەی (دەروون‌و دیاردە) كە لە كەناڵی (كوردستان 24) پێشكەش دەكرێت، ئەوە دوو جارە ئەو بەرنامەیە بەناڕەواو ناڕاست باسی وەزارەتی رۆشنبیری و لاوان دەکات و دەڵێ گوایە وەزارەتمان، لەئاست بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنادا كەمتەرخەم بووە‌و بەئەركی خۆی هەڵنەساوە. بۆ راستكردنەوەی ئەو قسانە، ئەم رونكردنەوەیەمان بۆ رای گشتی پێویست زانی. بۆ بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا‌و رێنماییكردنی هاووڵاتیانی هەرێمی كوردستان بۆ خۆپاراستن، لەسەر بڕیاری ئەنجومەنی وەزیران، لیژنەی باڵای بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا پێكهات، بەڕێز وەزیری رۆشنبیری‌و لاوان ئەندامی ئەو لیژنە باڵایەیە، لەچوارچێوەی ئەو لیژنە باڵایەدا، چ ئەركێك بەوەزارەتمان سپێردراوە جیبَەجێمان كردووە. هەر بۆ زانیاریی بەرنامەكەی كوردستان24، ئەو كارانەی لەو بارەیەوە كردوومانە دەخەینەروو، كە لەكاتی خۆیدا لەپەیجی رەسمیی وەزارەتمان بڵاو كراونەتەوە‌و كەناڵی (كوردستان24) خۆشی هەندێكیانی رووماڵ كردووە.

1-بەمەبەستی خۆپاراستن لەو ڤایرۆسە، وەزارەتمان هەموو كارو چالاكییەكی رۆشنبیری‌و ئەدەبی‌و هونەری‌و وەرزشی راگرت.

2- بەرێز وەزیری‌و رۆشنبیری‌ولاوان‌و وتەبێژی حكومەتی هەرێمی كوردستان لەگەڵ سەرجەم كەناڵەكانی راگەیاندن لەدیوانی وەزارەتمان كۆبوونەوە، لەو كۆبوونەوەیەدا داوا لە كەناڵەكانی راگەیاندن كرا،كە رێنماییەكانی لیژنەی باڵای بەرەنگار بوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا بڵاو بكەنەوە، زانیاری‌و هەواڵی راست‌و دروست بەهاووڵاتیان بگەیەنن، وەك ئەركێكی نیشتمانی‌و پیشەیی، لەزانیاری‌و هەواڵی ناڕاست خۆیان بەدوور بگرن.

3- وەزارەتمان پەیامێكی ئاراستەی سەرجەم رۆشنبیران‌و نووسەران‌و هونەرمەندان‌و وەرزشوانان كرد، كەهەڵمەتێكی نیشتمانی دەست پێبكەن بۆ رووبەرووبونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا، هەریەكەیان لەپسپۆڕی خۆیاندا لەرێی كەناڵەكانی میدیاوە، داوا لەهاوڵاتیان بكەن كە خۆیان لەو ڤایرۆسە بپارێزن، زۆربەیان بەدەنگ ئەو پەیامەوە هاتن‌و وەك ئەركێكی نیشتمانیی مرۆڤدۆستانە ئەو ئەركەیان بەجێهێنا.

4- بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی راگەیاندن‌و چاپ‌و بڵاوكردنەوەی سەر بەوەزارەتمان، پەیامێكی ئاراستەی هەموو كەناڵەكانی میدیا كرد، كە لەم دۆخەدا بۆ ئارامكردنەوەی رۆح‌و دەروونی هاووڵاتیان بەرنامە‌و درامای بەسوود‌و تەرفیهی پێشكەش بكەن‌و بایەخیش بەرنامەی تایبەت بە منداڵان‌و خوێندكاران بدەن.

5-بەرێز وەزیری‌و رۆشنبیری‌و لاوان،دوو پەیامی سەبارەت بەیادەكانی كیمیابارانی هەڵەبجە‌و جەژنی نەورۆز نووسی‌و بڵاو كرانەوە،لەهەردوو پەیامەكەدا جەختی لەوە كردەوە كە چالاكی‌و گردبوونەوە ئەنجام نەدرێ‌‌و بۆ خۆپاراستن لەو ڤایرۆسە، هاووڵاتیان لەماڵەكانیان بمێننەوە‌و پابەندی رێنماییەكان بن.

6-راوێژكارێكی وەزارەتمان ئەندامی لیژنەی بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنایە لەوەزارەتی تەندروستی، ئەو ئەركەی لەرێی ئەو لیژنەیەوە خراوەتە سەر وەزارەتمان جێبەجێ‌ كراوە.

7-بەرێوەبەرایەتییە گشتییەكانی وەزارەتمان لەهەولێر‌و پارێزگاكانی تری هەرێم بەئەركی خۆیان لەو بارەیەوە هەستاون‌و پابەندی بڕیار‌و رێنماییەكان بوون. وەزارەتمان بەپێی رێنماییەكانی لیژنەی باڵای بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا‌و دەسەڵاتەكانی وەزارەت‌و جەنابی وەزیر، ئەوكارانەی ئەنجام داوە‌و كەمتەرخەم نەبووە، لەبەر ئەوە ئەو روونكردنەوەمان بۆ رای گشتی‌و وەك وەڵامێك بۆ كەناڵی كوردستان24 بەپێویستزانی.

وتەبێژی وەزارەتی رۆشنبیری‌و لاوان

23ی ئازاری 2020

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*