سەرەکی » وتار » دێوزمه‌ی کۆرۆنا

دێوزمه‌ی کۆرۆنا

کنێر عه‌بدوڵڵا

له‌ناکاودا بێده‌نگی باڵی کێشا به‌سه‌ر هه‌موو جیهاندا، ئارامیی گشت وڵات و شارو دێهاتیکی گرته‌وه‌، هه‌موو شتێک بێده‌نگ و کپ بوو، قه‌ڵه‌باڵغی و ژاوه‌ژاوی بۆنه‌کان، خۆشییه‌کان، کۆڕو کۆبوونه‌وه‌ و چالاکییه‌کان، شوێنە‌کانی وەک بازاڕ و مارکێت و دوکان و یانه‌ و رابواردنه‌کان، گه‌شتکردن، سه‌رقاڵییه‌کان، خۆهه‌ڵکێشان و لافوگه‌زاف، فیزلێدان و پۆز و ده‌رکه‌وتنه‌ هه‌ڵخه‌ڵتێنه‌ره‌کان، قاووقیژی خۆبه‌لزانین و پیاهه‌ڵدان و خۆهه‌ڵکێشان، هه‌مووی له‌ چرکه‌ساتێکدا خامۆش بوو؛ وه‌ک ئه‌وه‌ی‌ ئاسمان و زه‌وی بێزاربووبن له‌و هاوارکردن و ژاوه‌ژاوانه‌‌‌، وه‌ک ئه‌وه‌ی ده‌بوو بۆ ماوه‌یه‌ک ئارامی و بێده‌نگی باڵی به‌سه‌ر ژیاندا‌ بکێشێت، وه‌ک ئه‌وه‌ی ده‌بوو مرۆڤه‌کان راچه‌ڵه‌کاندنێکیان به‌خۆوه‌ بدیایه‌ و ده‌سه‌ڵاتداره‌کانیش ستۆپێکیان پێ بکرایه‌؛ بۆیه‌ کتوپڕ و له‌ناکاو زه‌نگێکی تۆقێنه‌ر وه‌ک کابوس که‌وته ‌نێو هه‌موو جیهانه‌وه‌؛ سه‌ره‌تا له‌ چین و دواتر ئیتاڵیا و ئێران و سه‌رتاپای ئه‌وروپا و خۆرهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست تا گه‌یشته‌ کوردستان و هه‌موو جیهانی هه‌ژاند و راچڵه‌کاند.

ده‌ستبه‌جێ په‌یام و نامه‌یه‌کی بچووکی نه‌بینراو هات و وایکرد جیهان بێده‌نگی به‌خۆوه ‌ببینێت، به‌ گشت پێکهاته‌ جیاجیاکانه‌وه‌ وه‌ک یه‌کبوون زه‌مین وه‌ک خه‌مێکی هاوبه‌ش و وه‌ک تاکه‌ کوتله‌یه‌ک کۆیکردنه‌وه‌ و هه‌موویانی له‌ چاوه‌ڕوانیدا هێشته‌وه‌‌؛ هه‌ژار و ده‌وڵه‌مه‌ند، ژن و پیاو، رۆشنبیرو دواکه‌وتوو، کارکردوو و بێکار، خوێنده‌وار و نه‌خوێنده‌وار، پیر و گه‌نج، سیاسیی و هاووڵاتیی ئاسایی و گشت مرۆڤه‌کان بەبێ جیاوازیی ئایین و ئایدیۆلۆجیا و مه‌زهه‌ب و ره‌گه‌ز و شوێنه‌ جوگرافییه‌کانیان.

به‌ په‌یامێک بیر‌مان ده‌خاته‌وه‌ به‌وه‌ی سوپاسگوزاربین و ئارام بگرین، بگه‌ڕێینه‌وه‌ بۆ خۆمان و به‌خۆدابچینه‌وه‌، بیرمان ده‌خاته‌وه‌ که‌ چه‌ند گه‌وره‌بین و چه‌ند بگه‌ینه‌ مه‌نزڵگه‌ی خۆمان، هیچ نین و بیرمان ده‌خاته‌وه‌ که‌ وێڕای هه‌مووشتێک لاوازین.

له‌و نێوه‌نده‌دا کوردستانیش به‌ده‌ر نه‌بوو، له‌‌ 14/3 ەوە ‌که‌ره‌نتینه‌کردن له‌ماڵه‌کاندا ده‌ستیپێکرد، له‌ناکاو شار ، کۆڵان و لانه‌ ، باخچه‌ و شه‌قامه‌کان چۆڵ بوون، له‌ تیڤییه‌کانه‌وه‌ له‌ ئاست جیهاندا رۆژانه‌ هه‌واڵی تووش بوو و نه‌خۆش و به‌ کۆچکردنی مرۆڤه‌کان ئاشنایان ده‌کردین، به‌شێوه‌یه‌ک ترس و دڵه‌ڕاوکی و خۆدزینه‌وه‌ له‌یه‌کتریی که‌وته‌ نێوان مرۆڤه‌کانه‌وه‌، هه‌ریه‌ک له‌ویتر. یار له‌یار ده‌ترسا، عاشق له‌ بێداری، منداڵ له‌ دایک و‌ باوک و…هتد، په‌نجه‌ی موزیک ژه‌نه‌کان له‌ ئامێری موزیکه‌کانیان، رێبواره‌کان له‌ کوچه‌ و کۆڵان و شه‌قامه‌ چۆڵه‌کان، پزیشک له‌ نه‌خۆش و هاوڕێ و که‌سوکاریش له‌یه‌کتریی ترس دایگرتبوون. ئیدی ژیان هاوشێوه‌ی کابوسێکی لێهات؛ کاتێک شه‌و ده‌چیته‌ پێخه‌فه‌وه‌، ئومێدی به‌یانی و رۆژێکی جیاوازتر ده‌که‌یت که‌ خۆرێکی هیوابه‌خش هه‌ڵبێت و ده‌نگی کۆتایی هاتنی کابوسه‌که‌ت پێ رابگه‌یه‌نێت تا به‌فێربوون و ئه‌زموونێکی نوێوه‌ ده‌ستپێبکه‌ینه‌وه‌.

print

 25 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*