سەرەکی » وتار » ستران عه‌بدوڵڵا » سەرۆک مام جەلال لە بیرەوەرییەکانی ئیریک رۆلودا « تەکتیکەکانی دەگۆڕان بەڵام ستراتیجەکەی وەفاداری بەرژەوەندی گەلەکەی بوو»

سەرۆک مام جەلال لە بیرەوەرییەکانی ئیریک رۆلودا « تەکتیکەکانی دەگۆڕان بەڵام ستراتیجەکەی وەفاداری بەرژەوەندی گەلەکەی بوو»

رۆژانی کەرەنتینەی ناچاری دەرفەتە بۆ خوێندنەوەی هەمەلایەنە.بەتایبەتی خوێندنەوەی ئەو کتێبانەی هەم پێداچوونەوەن بە رووداو و بەسەرهاتەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە سەردەمی رۆمانسی شۆڕشگێڕی و بەریەککەوتنی زلهێزەکان لەسەر گۆڕەپانی بەرژەوەندی و ماف و هەم ئەزموونی رۆژنامەوانی شایانی لێوەفێربوونە بۆ رۆژنامەنووسانی وەک ئێمە مانان.

بیرەوەرییەکانی ئەریک رولوی رۆژنامەوان و دیپلۆماتی فەرەنسی کە پێش وەفاتی بڵاویکردۆتەوە، یەکێکە لەو کتێبانەی بە تام و چێژ و زانیارییەکی زۆرەوە قەرەبووی رۆژانی پەلەپەلی کار و رۆژانی ئێستای خۆدابڕانی ناچاری کەرەنتینە دەکاتەوە.

کتێبی ( فی کوالیس الشرق الڕوسگ _ مژکرات ێحفی بجریدە لوموند) بە شێوازی گێڕانەوەی نەرم و رۆمانئامێز هەڵسەنگاندن بۆ پەنجا ساڵ ململانێکانی نەتەوە و وڵاتەکان و زلهێزەکان لە رۆژهەڵات دەکات.

لە روانگەی رۆژنامەنووسێکی شارەزا و دیپلۆماتێکی دیفاکتۆوە لەسەر کێشەکانی میسر لە ناوخۆ و لەگەڵ دەوروبەری. قسە لەسەر کێشەکانی هەناوی ئیسرائیل و دراوسێکانی، فەلەستین و بزووتنەوە رزگاریخوازی و چەپ و لیبرالییەکانی وڵاتانی ناوچەکە دەکات.

لە قاهیرەی سەردەمی شا فاروق و شەڕی فەلەستین و ئینجا دابەشکردنی و دوایی دەرکردنی جولەکە لە میسر کە ئەریک رولو خۆی یەکێک بوو لەوانە تا قاهیرەی سەردەمی سۆشیالیستەکەی عەبدولناسر و وەرگۆڕانە گەورەکانی دابەشکردنەوەی سەروەت و سامان بەسەر هەژار و عەشایەر، شۆڕشگێڕ و بیرۆکراتەکانی کۆماری عەرەبی میسر ، بە تانوپۆی رووداوەکاندا دەچێتە خوارەوە.

لە رووماڵی بەسەرهاتەکانەوە تا دانیشتنە دووقۆڵیەکانی لەگەڵ دەستەبژێری سیاسی رۆژهەڵات و ئینجا رەخنە قووڵەکانی لە دیدی مارکسییەکی دێرینەوە.

رۆژنامەوانی سەنگین و دێرینی رۆژنامەی سەنگین و دێرینی لۆمۆند هەگبەیەکی دەوڵەمەندی بەسەرهات و کارەسات و وردەکاری تەوزیف دەکات تا وەکو شایەتێکی بەشدار و چاودێر دۆسییەیەکی تێر و تەسەل لەسەر ئەو ئەزموونە دەوڵەمەندە بنووسێتەوە کە شایانی ناوی ئەریک رولو بێت.

ئەگەرچی لە دۆسێی کورد لە رۆژهەڵاتە قەرەباڵغەکەی نیوەی دووەمی سەدەی بیستدا لە تیمی رۆژنامەنووسانی دیپلۆماتدا زیاتر ناوی یەفگینی پریماکۆف دێت، بەڵام رولوی بە ئەسڵ جولەکەی میسری و بە بژاردەی ژیان فەرەنسی لە چەند گێڕانەوەیەکدا ناوی هاوشانی کورد و مەسەلەکەی دێت.

ئەریک بەقەدەر جیاوازی گێڕانەوەی فەرەنسی لە گێڕانەوەی سۆڤێتی شێوەی گێڕانەوەکەی چێژ بەخشترە.بە داڕشتنی مەحکەم و شرۆڤەی فیکری قوڵ رووداوەکان دەگێڕێتەوە
ئەو کە لە چەند دیداری تەلەفزیۆنیدا باسی کورد و شۆرش و سەرکردەکانی دەکات، لەم کتێبەشدا ئەگەرچی بە راگوزەریش بێت هەر دێتەوە سەر کورد، ئەوەی لەم سەفەرە دوور و درێژەیدا لەسەر کورد نووسیویەتی و بەشێکی جوانی رارەوی کتێبەکەیەتی باسی ناسینی سەرۆک مام جەلالە. ئەریک رولو لە سەردەمی ناسرێتی مام جەلال لە قاهیرە مامی بینیوە و هەڵسەنگاندنی بۆ دەکات.

پێدەچێ کاتەکەی دیداری لەگەڵ مام جەلال هی ساڵی 1963 بێت کە مام جەلال وەک سەرۆکی وەفدی کوردی لە دانوستانی شۆڕشی کورد و بەعسی یەکەمدا دەچێتە قاهیرە و دیدەنی سەرۆک عەبدولناسر دەکات بۆ ئەوەی بەهانەی بەعسییە ناسیۆنالیستەکان ببڕێت کە دەیانگوت لە ترسی عەبدولناسر ناوێرین مافەکانی کورد بدەین.
ئەوە بوو ناسر پشتیوانی ئۆتۆنۆمی بۆ کوردستان کرد و سیحری بەعسییەکانی بەتاڵ کردەوە.

ئەریک لەسەر دیداری مام جەلال لە میوانداری قاهیرەی ناسردا دەڵێت:

« هەرچی جەلال تاڵەبانیشە کە ئەوکاتە فەرماندەیەکی سەربازی بوو لای رابەری راپەڕینی کورد مەلا مستەفای بارزانی ، ئەوا سوێندی هەر بەسەری عەبدولناسر دەخوارد کە شەرەفی دیدەنی پێدابوو و پشتیوانی خەباتی گەلی کوردی لە پێناو بەدەستهێنانی ئۆتۆنۆمی بۆ دووپاتکردبۆوە. ئەو هەڵوێستەی سەرۆک ناسر هەڵوێستێکی بە جورئەت بوو لە رەوشێکدا کە یەکێتی عەرەبی زۆر بە ئاسانی تێکەڵ بە شۆفینیزم دەبوو.

هاوڕێیەتی لەگەڵ جەلال پەیوەستی کردم کە چەندین جار دیدەنیم لەگەڵی هەبوو ، لە راڕەوەکانی بەرخودانی کوردی لە عیراق ، هەروەها لە بەغدا، لە بەیروت، لە تاران و ئەنقەرە و پاریسیش.

قسەکردنی کەمەندکێش بوو. بە هەستە خۆش مەشرەبیەکەی و گیانی تەنز ئامێزی زۆر بە ئاسانی لایەنگیری، نەیاری و هاوپەیمانەکانی و بگرە ئایدەلۆژیای خۆی دەگۆڕی ، کە ماویست و رەوتی تر بوو. تەنانەت لەگەڵ سەددام حسێنیش گەیشتە لێکگەیشتن.

تەکنیکەکانی بەگوێرەی بارودۆخ دەگۆڕا، بەڵام ستراتیژەکەی جێگیر و پتەو بوو ، نەدەگۆڕا. چونکە هەر بە وەفاداری خواستەکانی گەلەکەی مایەوە، سەرەنجام گەیشتە لووتکەی رەوتی کار و کۆششی ساتێک دوای خستنی سەددام حسێن لە ساڵی 2003 بە سەرۆک کۆماری عیراق هەڵبژێردرا.

وەفاداری ئەو بۆ وڵاتە یەکگرتووەکان کە پێش گرتنی عیراق و دوای ئەوەش پارێزەری کوردەکان بوو، وەفادارییەکی نموونەیی بوو. .. لاپەڕە 44_45 کتێبەکەی ئەریک رۆلۆ.»

ئەمرۆ کە رۆژی مێژوویی ھەڵبژاردنی سەرۆک مام جەلالە وەک یەکەم پێشمەرگە و یەکەم کورد و یەکەم عێراقیش کە بە ھەڵبژاردن دەبێتە سەرۆک ، ھەڵسەنگاندنی کتێبی « لە پێچاوپێچەکانی رۆژھەڵاتی ناوەڕاست» بۆ کەسایەتی رابەر و سەرۆک مام جەلال فێنکاییە بۆ دڵی بزووتنەوەی رزگاریخوازی کوردستان و بژاردەی عێراقی فیدرالی و تەوافوقی کە خەریکە لەم زەمەنی کۆرۆنایەدا عیراقییەکان لە دەستی دەدەن.

ھەرەوەھا دەرفەتێکیشە بۆ ئەوەی ھیمەت بۆ پرۆژەیەکی روناکبیری و سیاسیی بکەین کە وا بێت ھەرچی لە کتێبی خەواجە و بێگانان، لە رۆژنامەوان و دیپلۆمات و سیاسەتکاران و نووسەران لەسەر مام وتویانە و تۆماریان کردووە گوڵبژێر بکەین بیکەینە دیاری بۆ رەفەکانی کتێبخانەی کوردی.

print

 129 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*