سەرەکی » راپۆرت » نانۆتەکنۆلۆجی لە شەڕی لەناوبردنی کۆرۆنادا

نانۆتەکنۆلۆجی لە شەڕی لەناوبردنی کۆرۆنادا

نامیق حەمەعەلی*

(Nanotechnology) نانۆتەکنۆلۆجی کە زانستێکی بەشدارە لە بواری زانستەکاندا، یەکێکە لەو مەیدانانەی کە گرنگیی زۆری پێدراوە بۆ دۆزینەوەی چارەسەری لەناوبردنی ڤایرۆسی کۆرۆنا. دوای بڵاوبوونەوەی بۆ یەکەمجار لەشاری وۆهانی چین لە ٣١ ی کانونی یەکەمی٢٠١٩ .

ئەم ڤایرۆسە کە بە (SARS-CoV-2)ناسراوە، دەبێتە هۆی نەخۆشیی(KOVID-19) لە مرۆڤدا. زۆریی ئەو توێژینەوانەی کە کراون لەلایەن لێکۆڵەرەوەکانەوە بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئەم ڤایرۆسە لەم بوارەدا بووە.

لەکۆی (٩٢١٧) داهێنان نامە (Patents) (٤٧٨) نامەیان لەبواری نانۆتەکنۆلۆجیا بووە لە وڵاتە جیاجیاکانی جیهان.

بۆ باسکردنی ئەم بابەتە سەرەتا لە پێناسەیەکی نانۆتەکنۆلۆجی-یەوە دەستپێدەکەین:

نانۆتەکنۆلۆجی بریتییە لە کۆنترۆڵکردنی شێوە و قەبارەی مادە لە پلەی نانۆمەتری ( یەک نانۆمەتر١٠-٩ مەترە)، ئەنجامدانی توێژینەوە و گەشەپێدانی تەکنۆلۆجییە لە مەودای گەردیلە و گەردەکانی مادەدا، لە پێوەری ئاسایی ژێر ١٠٠ نانۆمەتر، بۆ دروستکردنی ئەو ئامێرو سیستمانەی کە تایبەتمەندیی نوێیان هەیە لەبەر بچووکیی قەبارەکەیان.

پێکهاتەی ڤایرۆسیش پێوەرەکەی دەکەوێتە ئەو مەودایەوە، کە قەبارەکەی (١٠ بۆ١٠٠ نانۆمەترە).

ئەگەر بەراوردی قەبارەی ڤایرۆس بکەین بە قەبارەی بەکتریا، دەبینین قەبارەی بەکتریا بەنزیکەی ١٠ بۆ ١٢ جار لە قەبارەی ڤایرۆس گەورەترە. ئەمە ئەوەمان پێدەڵێت کە ناتوانیین ڤایرۆس بە مایکرۆسکۆپی ئۆپتیکی ببینین، تەنها بە پشکنینی مایکرۆسکۆپی ئەلەکترۆنی Scanning Electron Microscope (SEM) دەبێت. لەبەرئەوە کارێکی ئاسان نییە توێژینەوە لەم بوارەدا، بەڵام چین و ئەمریکا پێشکەوتنی گەورەیان بەدەستهێناوە.

ئەو پێشکەوتنانەی کە لەم بوارەدا لە شەڕی لەناوبردنی ڤایرۆسی کۆرۆنادا کراوە، نانۆمەتیریال بەکارهاتووە لەلایەن لێکۆڵەرەوە چینییەکانەوە لەگەڵ ئەنزیم کە کاریگەرییەکی باشی لەسەر پەکخستنی ڤایرۆسەکە هەبووە، هەروەها تەکنۆلۆجیای ئاڕ ئێن ئەی، نانۆفایبەر، نانۆپارتیکەڵ، کوانتەم دۆت و زۆر بواری تری نانۆ. ئەوەی شایانی باسبێت زۆری زاناکان پێیانوایە نانۆپارتیکڵ (Nanoparticles) ببێتە هۆی چارەسەر بۆ شەڕی ئەم ڤایرۆسە.

وەک دەزانین هێشتا هیچ ڤاکسێن و چارەسەرێکی دیاریکراو نییە کە بتوانێت ئەم ڤایرۆسە لەناوببات، تەنها بەرگریی لەشی خودی مرۆڤەکان نەبێت. بیرۆکەی بەکارهێنانی نانۆپارتیکڵ (گەردی نانۆی) چانسی زیاتری هەیە بۆ لەناوبردنی ئەم ڤایرۆسە، چونکە ئەو پێکهاتەیەی ئەم ڤایرۆسە هەیەتی، هەمان ئەو قەبارەیەی هەیە کە نانۆپارتیکڵەکان هەیانە (بەنزیکەیی ٦٠- ١٤٠ نانۆمەتر). کە بە ئەندازەیەک بچووکە کە ئەگەر بەراوردی بکەین بە پانیی تاڵێ مووی سەر دە هەزار جار قەبارەیان لە تیرەی ئەو تاڵە مووە بچووکترە.

بەپێی ئەو توێژینەوانەی کە لە تاقیگەی وێبستەر نانۆمێدسین(Webster Nanomedicine Laboratory) لە زانکۆی نۆرسئێسترن Northeastern University لەشاری بۆستن لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا ئەنجامدراوە، ئەو نانۆپارتیکڵانەی کە بۆ ئەم مەبەستە دروستکراون، هەمان قەبارەی ڤایرۆسی کۆرۆنایان هەیە، کاتێک پێکهاتەی ئەم نانۆپارتیکڵانە بەکاردەهێنن بۆ چارەسەرکردن، پێکهاتەی ڤایرۆسەکە لەگەڵ پێکهاتەی ڤایرۆسی کۆرۆنا یەكدەگرن کە تیشکی ژێرسوور(Infrared) تێکدەشکێنێت، بەپێی ئەو لێکۆڵینەوانەی تاقیگەی وێبستەر ئەم رێگەیە دەکەوێتە سەر پێکهاتەی ئەم ڤایرۆسە کە تاچەند دەتوانێت شێوە و قەبارەکەی بگۆڕێت بەرامبەر بە شێوە و قەبارەی نانۆپارتیکڵەکان دوای بەکارهێنانیان لەناو لەشی تووشبووەکان.

ئەم رێگەیە گونجاوە بۆ لەناوبردنی ئەم ڤایرۆسە لەبەر بچووکی قەبارەی نانۆپارتیکڵەکان کە دەتوانێت بە شێوەیەکی ئاسان بەناو لەشی مرۆڤدا بڵاوببێتەوە، بەبێ ئەوەی کاریگەریی لەسەر زیندەچالاکییەکانی تری ناو لەشی مرۆڤ هەبێت وەکو سیستمی بەرگریی لەش دەتوانێت بەشێوەیەکی بەربڵاو رووپێوی تەواوی خوێنی ناو دەمارەکانی لەش بگات بەئاسانی بۆ هەوڵدان بۆ دۆزینەوەی ڤایرۆسەکە بەکاربهێنن بۆ دروستکردنی نانۆپارتیکڵەکان بۆ ئەم مەبەستەش بیریان لەوە کردۆتەوە کە مادەی ئۆکسیدی ئاسنIron Oxide کە بە شێوەیەکی ئاسان دەتوانرێت بەرهەم بهێنرێت لە تاقیگە نانۆیەکاندا، چونکە ئەم مادەیە بەشێوەیەکی سروشتی لەناو لەشی مرۆڤ و خواردندا هەیە، کە مەترسی لەسەر لەشی مرۆڤ دروست ناکات لەکاتی بڵاوبوونەوەی بەلەشدا.
دەتوانرێت گەردی نانۆی ئۆکسیدی ئاسن ئاراستەی هەر ئەندامێکی لەشی مرۆڤ بکرێت بە بەکارهێنانی بواری موگناتیسی وەكو سییەکان کە ڤایرۆسەکە کاریگەرییەکی زۆری لەسەر کۆئەندامی هەناسەی مرۆڤ هەیە.

ئەوەی پێویستە بۆ دەرەنجامی کۆتایی شەڕی ئەم ڤایرۆسە ئەو مادەیەیە کە ئامادەبکرێت بۆ ناو نانۆپارتیکڵەکان بۆئەوەی ڤایرۆسەکە رابکێشێت و بەتەواوی لەناو لەشی تووشبووەکان نەیهێڵێت.

ئەم وێنەیە وێنەی ڤایرۆسی کۆرۆنایە کە بەپشکنینی ماکرۆسکۆپی ئەلەکترۆنی وێنە کراوە بەشێوەی دەنکۆڵەی ئاڵتونی پیشاندراوە .

سەرچاوەکان:

1-https://www.phys.sinica.edu.tw/TIGPNANO/Course/2011_Spring/classnotes/ NanoA_Week1.pdf

2-https://statnano.com/news/67513/An-Overview-of-Nanotechnology-Patents-Focusing-on-Coronaviruses

3-https://news.northeastern.edu/2020/03/04/heres-how-nanoparticles-could-help-us-get-closer-to-a-treatment-for-covid-19/

4- https://statnano.com/en/page/5129

*مامۆستا لە بەشی فیزیا

print

 369 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*