سەرەکی » مانشێت » کازمی یان زورفی کامیان دەبنە سەرۆک وەزیران؟

شرۆڤەی رۆژ

کازمی یان زورفی کامیان دەبنە سەرۆک وەزیران؟

خۆپیشاندانەکانی عیراق بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە بێدەنگ و خامۆشن، بەڵام گفتوگۆی لایەنە سیاسییەکان و پێکهاتەکان لە سەر دیاریکردنی شوێنگرەوەی عادل عەبدولمەهدی بەردەوامە و هەمان تین و تاوی خۆی ماوە. رەنگە خۆپیشاندەران دوای کۆرۆناش بەهەمان هێز و کاریگەریی رابردوو نەتوانن بێنەوە سەرشەقامەکان، هیچ نەبێت ئەگەری ئەوە بەهێزە کە تا ئەو کات سەرۆک وەزیرانی نوێ کلیلی ژوورەکەی عەبدولمەهدی وەرگرتبێت.

عەدنان زورفی، سەرەتای ئەم هەفتەیە کارنامەی حکومەتەکەی دایە ئەنجومەنی نوێنەران، ئەو ئێستا چاوەڕێی دیاریکردنی کاتی کۆبوونەوەی ئەنجومەنەکەیە، بەڵام ئەگەری ئەوە بەهێزە کە زورفی بەر لەوەی بچێتە ئەو کۆبوونەوەیەوە هەموو شتێک لە زیانی ئەو کۆتایی هاتبێت و رکابەرەکەی واتە “مستەفا کازمی” یارییەکەی لێبباتەوە.

گفتوگۆکانی راسپاردنی سەرۆک وەزیرانی نوێ، توندتر بوونەتەوە، بەپێی سەرچاوە سیاسی و میدیا عیراقییەکان، گرفتێکی ئەو تۆ لە بارەی رێکەوتن و راگەیاندنی مستەفا کازمی بۆ پۆستی سەرۆک وەزیران نەماوە، بەو پێیەی سەرجەم لایەنە شیعەکانی عیراق، ئێستا تەنها گفتوگۆ لە بارەی یەک ناو دەکەن ئەویش “کازمییە”.

کازمی و زورفی، دوو یاری جیاواز دەکەن بۆ ئەوەی یەکێکیان بەسەر ئەوی تریان سەر بکەوێت، کازمی تا ئاستێک کۆنتڕۆڵی رەزامەندیی سەرکردە شیعەکانی کردووە، بە هاوپەیمانیی سائیرونیشەوە، بەڵام زورفی، لە ئەنجومەنی نوێنەران ئەگەر کۆبوونەوەکە کرا، پشتی بە دەنگی زۆرێک لە ئەندامانی ئەنجومەنەکە بەستووە، کە بەجۆرێک لە جۆرەکان وەک باسدەکرێت ناڕازین لە سەرکردەکانیان.

بەپێی بەدواداچوونێکی رۆژنامەی شەرق ئەوسەت، زورفی کەلێنی نێوان نوێنەران و سەرکردە شیعەکانی زیاتر کردووە، بۆیە ئەگەر کۆبوونەوەی ئەنجومەنی نوێنەران بکرێت، ئەگەری ئەوە بەهێزە زورفی دەنگی پێویست بهێنێت، بۆیە سەرکردە شیعەکان هەموو هەوڵێک دەدەن بۆ ئەوەی ئەو کۆبوونەوەیە نەکرێت.

لەگەڵ ئەوەشدا ئێستا دەنگۆی یەکلایی بوونەوەی کازمی بۆ پۆستی سەرۆک وەزیران بەهێزترە و بەدوای رێگەیەکی یاساییدا دەگەڕێن بۆ ئەوەی کازمی رابسپێرن.

یەکێک لە سەرکردەکانی بەرەی سەدر رایگەیاندووە، ئەوان کێشەیان لەگەڵ هیچ یەک لەو دوو کاندیدە نییە، هەر کامیان بێنە ئەنجومەنی نوێنەران ئەوان دەنگی پێدەدەن.

زورفی ئێستا لە کێشەدایە، پێناچێت دەنگی کورد و سوننەشی لەگەڵدا بێت، ئەگەرچی هێشتا کورد، واتە تەواوی هێزە سیاسییەکان هەڵوێستی خۆیان لەوبارەیەوە رانەگەیاندووە، بەڵام هاوپەیمانیی عیراقییە لە سەر ئەوە یەکلایی بوونەتەوە و پشتیوانی لە مستەفا کازمی بۆ پۆستی سەرۆک وەزیران دەکەن.

ئەو هەڵوێستەی سوننەکان دوای ئەوە دێت کە پێشووتر محەمەد حەلبوسی بە زورفی راگەیاندبوو بۆ ئەوەی پشتیوانی پێکهاتەی سوننە بەدەست بهێنیت، گرنگە بڕۆیت 90 ئیمزای ئەندامانی ئەنجومەنی نوێنەران، کە سەر بە لایەنە شیعەکانن کۆبکاتەوە. ئەمەش تەواو زورفی بێ ئومێد کردووە.

چەند سەعاتی داهاتوو، رەنگە کازمی یارییەکە لە زورفی بباتەوە، بەمەش دووەم سەرۆک وەزیرانی راسپێردراو شکست دەهێنێت لە پێکهێنانی حکومەتی نوێدا.

print

 109 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*