سەرەکی » راپۆرت » ئامادەكردنی: دیاری سابیر » زورفی کشایەوە و کازمی راسپێردرا

زورفی کشایەوە و کازمی راسپێردرا

عه‌دنان زورفی كاندیدی راسپێردراو بۆ پێكهێنانی حكومه‌تی نوێی عیراق کشایەوەو هەر ئەمڕۆ مسته‌فا كازمی بۆ ئەو ئەرکە راسپێردرا.

زورفی داوای لێبووردنی كرد

ئاژانسه‌كانی هه‌واڵ له‌ عیراق بڵاویانكرده‌وه‌: ئه‌مڕۆ 9/4/2020، عه‌دنان زورفی كاندیدی راسپێردراو بۆ پێكهێنانی حكومه‌تی نوێ، كشانه‌وه‌ی خۆی له‌ پێكهێنانی حكومه‌ت راگه‌یاند.

ئه‌و سه‌رچاوانه‌ له‌ زاری زورفی-یه‌وه‌ بڵاویانكرده‌وه‌: ئامانجی كشانه‌وه‌ی له‌ پێكهێنانی حكومه‌ت، پاراستنی یه‌كپارچه‌ی خاكی عیراق بووه‌، وتیشی: په‌یامه‌ نیشتمانییه‌كه‌م گه‌یشت، كه‌ له‌ دوو توێیدا مێژووی پرشنگداری سیاسی ‌و پیشه‌ییمی هه‌ڵگرتووه‌.

سوننه‌ پشتیوانی كازمی-یه‌
هاوپه‌یمانیی هێزه‌ عیراقییه‌كان پشتیوانیی له‌ سازانی كوتله‌ سیاسییه‌ شیعه‌كان ده‌کەن له‌سه‌ر كاندیدكردنی مسته‌فا كازمی سه‌رۆكی ده‌زگای هه‌واڵگریی عیراق بۆ سه‌رۆكایه‌تیی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران له‌ شوێنی عه‌دنان زورفی.

هاوپه‌یمانیی هێزه‌ عیراقییه‌كان كه‌ محه‌مه‌د حه‌لبوسی سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران، سه‌رۆكایه‌تیی ده‌كات، له‌ به‌یاننامه‌یه‌كدا رایگه‌یاند: گرنگیی به‌وه‌ ده‌ده‌ن كه‌ كاندیدی سه‌رۆكایه‌تیی حكومه‌ت له‌لایه‌ن پێكهاته‌ی سیاسیی به‌رپرسیار له‌ كاندیدكردنه‌كه‌ په‌سه‌ندكراو بێت ‌و له‌سه‌ر ئاستی نیشتمانیشدا مایه‌ی ره‌زامه‌ندیی بێت.

ئاماژه‌یان به‌وه‌شداوه‌، كه‌ پابه‌ندبوونیان به‌ پاراستنی یەکڕیزیی سیاسییه‌وه‌، له‌پێناوی تێپه‌ڕاندنی ئه‌م قۆناغه‌ سه‌خته‌ ‌و مه‌ترسییه‌كاندایه‌ كه‌ وڵات له‌سه‌ر ئاسته‌كانی ته‌ندروستی ‌و ئه‌منی ‌و ئابووری ‌و سیاسی به‌ده‌ستیانه‌وه‌ ده‌ناڵێنێت.

سه‌رۆكایه‌تیی هه‌رێمی كوردستانیش پێشوازیی لێ ده‌كات
لای خۆشیه‌وه‌، سه‌رۆكایه‌تیی هه‌رێمی كوردستان له‌ به‌یاننامه‌یه‌كدا پێشوازیی له‌ كاندیدكردنی مسته‌فا كازمی كرد بۆ پۆستی سه‌رۆك وه‌زیرانی عیراق.

ئه‌مریكا ئاماده‌ی گفتوگۆیه‌
هه‌روه‌ها مایك پۆمپیۆ وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریكا له‌ كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیدا له‌ واشنتۆن، رایگه‌یاند: ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كان ئاره‌زوو ده‌كات سه‌ركرده‌یه‌كی عیراقی ببینێت، كه‌ پڕۆسه‌ی چاكسازیی جێبه‌جێ بكات ‌و وڵات له‌ گه‌نده‌ڵی سیستمی تائیفی بپارێزێت ‌و نوێنه‌ری هه‌موو ئه‌و عیراقییانه‌ بێت كه‌ خۆپیشاندانیان بۆ چاكسازیی ده‌كرد. هه‌روه‌ك ئاماده‌یی وڵاته‌كه‌شی ده‌ربڕی بۆ گفتوگۆ له‌گه‌ڵ هه‌ر سه‌رۆك وه‌زیرانێكی عیراق كه‌ نوێنه‌رایه‌تیی ئیراده‌ی گه‌لی عیراق بكات.

پێنج كوتله‌ی شیعه‌كان
رۆژی یه‌كشه‌ممه‌ی رابردوو، پێنج كوتله‌ی شیعه‌كان كه‌ بریتین له‌، هاوپه‌یمانیی فه‌تح، ده‌وڵه‌تی یاسا، ره‌وتی حیكمه‌، كوتله‌ی نه‌هجی نیشتمانی ‌و كوتله‌ی فه‌زیله‌، رێكه‌وتنێكیان راگه‌یاند له‌سه‌ر كاندیدكردنی مسته‌فا كازمی له‌ جێی عه‌دنان زورفی بۆ پێكهێنانی حكومه‌ت.

وه‌ك سه‌رچاوه‌كان باسی ده‌كه‌ن، مسته‌فا كازمی كه‌سایه‌تییه‌كی سه‌ربه‌خۆیه‌ ‌و ئینتیمای بۆ هیچ حزبێكی سیاسی نییه‌. مانگی حوزه‌یرانی 2016 كه‌ ئه‌و كاته‌ حه‌یده‌ر عه‌بادی سه‌رۆك وه‌زیران بوو، پۆستی سه‌رۆكی ده‌زگای هه‌واڵگریی عیراقی وه‌رگرت.

سه‌رچاوه‌، ئاژانسه‌كان

print

 15 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*