سەرەکی » ئابووری » ئایا چارێتی خێر و سەدەقە چارەسەری کێشەی هەژاری دەکات؟

ئایا چارێتی خێر و سەدەقە چارەسەری کێشەی هەژاری دەکات؟

رزگار عەبدولکەریم عەبدولعەزیز
دکتۆرا لە ئابووری

(ئەگەر بتوانین بە هەوڵ و تێکۆشانێکی کەم، کە هیچ باجێکی ئەخلاقی لەسەرمان نەبیت، رێگری لە روودانی کارەساتیکی گەورە بکەین، ئەوا لە رووی ئەخلاقییەوە لەسەرمان پێوست دەبێت ئەو کارە ئەنجام بدەین، بۆ نموونە بە کەناری زۆنگاوێک یان گۆماوێکدا دەڕۆییت و دەبینی منداڵیك لە زۆنگاوەکەدا خەریکە دەخنکێت، دەستبەجێ پیویستە بچیتە گۆماوەکە و منداڵەکە رزگار بکەیت، باجی ئەمەش تەنها پیسبوونی جلوبەرگ، یان پێلاوە تازەکەت دەبێت، لە کاتێکدا مردنی منداڵێک کارەساتێکی گەورەیە و لە رووی ئەخلاقیشەوە هیچ جیاوازیی نییە ئەگەر ئەو منداڵی دراوسێکەتان یان منداڵێکی بەنگالی بێت کە هەزاران میل لێتەوە دوور بن).

لە وتارە بەناوبانگەکەی کە بەناوی (برسێتی، دەوڵەمەندی، ئەخلاق)ەوە، کە ساڵی ١٩٧٢ بڵاوی کردەوە، فەیلەسوفی ئوستورالیایی پیتەر سینگەر، بەم شێوەیەی سەرەوە ئارگومێنتی خۆی بۆ مەسەلەی چاریتی و یارمەتیدانی هەژاران دەخاتەڕوو.

بەپێی تێزەکەی سینگەر، بە دەستهەڵگرتن لە بەشێکی خۆشی و عەیش و نۆشی خۆت و وەلانان و تەرخانکردنی بەشێکی سامانەکەت بۆ چارێتی دەتوانیت ژیانی کەسێک رزگار بکەیت. بۆ نموونە ئەگەر تۆ هەفتانە قاوە نەخۆیتەوە و لەبری ئەوە پارەکەی بۆ یارمەتی هەژاران دابێیت ئەوا لە ماوەی ساڵێکدا نزیکەی زیاتر لە ٢٠٠ دۆلار کۆدەکەیتەوە و دەتوانیت بەمەش ژیانی کەسێک رزگار بکەیت، بە پێی بۆچوونی سینگەر خواردنەوەی قاوە لەدۆخێکدا کە خەڵک هەژارو نەدارن کارێکی نائەخلاقیە و گوناهێکە دەرهەق بە بەشێکی زۆری مرۆڤایەتی.

هیچ گومانێک لەوەدا نییە یارمەتیدان و دەستگیرۆیی هەژاران، لە کاتێکی دیاریکراودا، بۆ دۆخێکی دیاریکراو، دەتوانێت بەشێکی گرفت و مەینەتییەکانی ئەوان چارەسەربکات. لە هەمانکاتیشدا ئارامیێکی رۆحی و مەعنەوی بە کەسی یارمەتیدراو دەبەخشێ و جۆرێک لە ئاسایشی رۆحیشی بۆ فەراهەم دەکات، بەڵام ئارگومێنتی سینگەر لە سێ رووەوە عەیبی هەیە:

یەکەم: سینگەر، بەکارهێنان و بەکاربردنی شمەکی خۆشگوزەرانی (luxury goods ) لە ژیانی ئێمەدا وەک کارێکی نائەخلاقی تەماشا دەکات، بەڵام ئایا ئەمە راستە؟ ئایا دەکرێت بە شێوەیەکی گشتی مرۆڤ بخرێتە ژێر ئاوا بەرپرسیارێتییەکی ئەخلاقییەوە؟ ئەگەر بەکاربردنی شمەکی خۆشگوزەرانی (رەفاهیەت) هۆکاری رزگارکردنی کەسێک بێت، ئەوا لەڕووی ئەخلاقییەوە دەبێت بەتەواوی دەستهەڵگرین و هیچ خۆشی و عەیش و نۆشێکمان لە ژیانی خۆماندا نەمێنێ، چونکە لە ژێر بەندێکی ئەخلاقیداین.

دووەم: هەژاری کێشەیەکی ئاڵۆزی جیهانییە، بەو شێوەیە سادە نییە کە لە نموونەکەی ئەودا هاتووە.

بە پێی راپۆرتی بانکی جیهانی، ئێستا نزیکەی ٧٠٠ میلیۆن مرۆڤ لە هەژاریی رەهادا extreme poverty دەژین، واتە بە کەمتر لە ٢ دۆلار هەموو پێداویستییەکانی رۆژانەیان دابین دەکەن. دەبێ ئەوە بزانین ئەم پێوەرەی بانکی جیهانی زۆر کۆنە، ئەگەر بە پێوەری دروست هەژاری بپێوین – کە لێرەدا بواری باسکردنی نییە- ئەوا ژمارەکە زۆر لەوە زیاترە.

پرسیارەکە ئەوەیە، ئایا چارەسەرکردنی هەژاری مەسەلەیەکی وا سادەیە؟ ئایا ئێمە دەتوانین چەند منداڵ لە زۆنگاوەکە دەربهێنین، یەک، دوو،سەد هەزار، ملیار؟

سەرەڕای ئەوەی دەبێت بەتەواوی رێزو بایەخەوە بۆ هەوڵ و ماندووبونی سینگەر و هاوشێوەکانی لە هەموو شوێنێکی دونیا بڕوانین، بەڵام گرفتی تێزەکەی لەوەدایە لە بری ئەوەی جەخت لە هۆکارەکانی هەژاری بکاتەوە، پێداگری لە سەرنیشانەکانی هەژاری دەکات. لەبری ئەوەی رەگی دەردەکە بدۆزێتەوە و چارەسەری ریشەیی بکات، ئازارشکێنی پێ دەدات. لەبری ئەوەی پێشنیاری پڕکردنەوەی گۆماوەکە بکات و جەخت لەسەر ئەوە بکا دەبێ شارەوانی ئاگادار بکەینەوە کە زۆنگاوێکی وەها لە ژیانی ئێمەدا پشتگوێ ناخات، پێشنیاری ئەوەمان بۆ داکا کە دەبێت بە دیار گۆماوەکە ئێشک بگرین و بەردەوام چاودێریی بکەین. هەڵبەت ئەم کارەش لە واقیعدا زۆر ئەستەمە، چونکە لە هەر چرکەیەکدا ئەگەری هەیە منداڵێک بکەوێتەوە ناو زۆنگاو و زۆنگاوەکانیش زۆرن و بەردەوامیش زۆنگاویتر دروست دەبن، تەنانەت ئەو کەسەی خەریکی رزگارکردنی منداڵەکەیە خۆشی لە هەر چرکەیەکدا ئەگەر هەیە ببێت بە قوربانی و بکەوێتە زۆنگاوەکەوە، وەک جۆزیف ستیگلتز، خاوەنی خەڵاتی نۆبلی ئابووری دەڵێت ٤٠٪ی خەڵکی ئەمریکا بەرگەی بارێکی لەناکاوی وەک زریان یان ئۆتۆمبیل شکانێک ناگرن و دەبێت لە دۆخێکی وادا پەنا بۆ قەرزی بانکی ببەن. لە قەیرانی ئابووریی ٢٠٠٨ دا، دەیان میلیۆن، لەسەر ئاستی دنیا و نزیکەی ملیۆنێک ئەمریکایی بێ حاڵ و ماڵ و بێکار بوون، سەدان هەزار هاوسەرگیری هەڵوەشانەوە …هتد.

وەک جیسۆن سۆرنس، مامۆستای زانستە سیاسییەکانی زانکۆی ییڵ دەڵێت پێویستە جەخت لە سەرچاوەی گرفتەکە بکەینەوە، کێشەکە لە ڕەگەوە چارەسەر بکەین، کە ئەویش گەندەڵیی سیستەم و حکومەتە. ئەو دەڵێت ئەگەر چاریتی ببێت بەهۆکاری بە‌هێزبوونی ئەو جۆرە حکومەت و سیستەمانەی هۆکاری هەژارکردنی خەڵکن، ئەوا خودی چاریتی بەشدار دەبێت لەهەژارکردنی خەڵک. نزیکەی سەدەیەک دەبێت یارمەتی دارایی رەوانەی کیشوەری رەش دەکرێت، بەڵام ئەمڕۆ ئێمە بەچاوی خۆمان دۆخی خراپی ئەو کیشوەرە دەبینین.

سەرنج بدەن، ساڵانە، هەر خودی سەرمایەدارانی جیهانی و کاردارە ناودارەکان چەند پارە دەبەخشن.

بۆ نموونە:

لە ٢٠١٨، جێف بیزۆسی خاوەنی ئەمازۆن نزیکەی ٢ ملیار دۆلاری بەخشی، کە نزیکەی ٢٪ ی تێکڕای سامانەکەی دەکات.

میشیال بلوومبێرگ نزیکە ٦ ملیاری بەخشی، کە زیاد لە ٧٪ سامانەکەیەتی.

بیل گەیتس نزیکەی ٣٥ ملیاری سامانەکەی بۆ گەیتس فاوەندەیشن تەرخانکرد.

سەدان بزنسمانیتر بەردەوامن لە دەبەخشن.

بەڵام گرفتەکە لێرەدا نییە، وەک ئیبهیجت بانرجی Abhijit Banerjee و دیفلۆی Esther Duflo خێزانی( کە ساڵی پار لەبەر ئەو بەشدارییە گەورەیەی لە بواری ئابووریی هەژاراندا هەیانبوو، خەڵاتی نوبڵیان وەرگرت) دەڵێن گرنگ ئەوە نییە بڕی پارەکە چەندە و لە کوێوە دێت، گرنگ ئەوەیە بۆ کوێ دەچێت، چۆن خەرج دەکرێت، بە چ میکانیزمێک خەرج دەکرێت. بۆ نموونە( چیمان کرد کاتێک منداڵەکەمان لە زۆنگاوەکە دەرهێناو جێمانهێشت و دواتر ئەو کەوتەوە ناوی)! هەر بۆیە بانرجی و دیفلۆ لە شوێنێکی دیکەی کتێبەکەیاندا ( ئابووریی هەژاران ) دەڵێن (هەژاری تەنها کەمیی پارە نییە)، وەک ئەمارتیا سین دەڵیت هەژاری لە کەمیی چانس و هەلی یەکسانەوە دروست دەبێت، کاتێک ماشینێکی گەورە خەریکی بەرهەمهێنانی نادادپەروەری و هەژارییە، کاتێک کەمینەیەکی کەمی دانیشتوان ١٪، نزیکەی ٩٩٪ ی خێرو بێری زەوی دەبەن و دەخۆن، چالاکییەکی بچووکی وەک چارێتی چۆن دەرەقەتی ئەو ماشێنە زەبەلاحە دێت؟ بۆیە ئەرکی سەرەکی، لەکارخستن یان بەلایەنی کەمەوە گۆڕینی ئەو ماشێنەیە.

مرۆڤایەتی لە دۆخێکی شەق و شڕدایە بەدەست نیولیبرالیزم و میکانیزمەکانی کوڕانی شیکاگۆوە. ئەوەی ئێستا هەیە شایانی مرۆڤی هاوچەرخ نییە.

سێیەم: کەموکورتیی ئارگومێنتی سینگەر، بە کەسیکردنی بابەتی هەژارییە. داماڵینی چەمکی هەژارییە لە فەزا سیاسی و ئایدۆلۆژییەکەی، ئەمەش هەمان ئەو سیاسەتەیە کە نیولیبرالیزم کاری لەسەردەکات، بەمانایەکی دیکە، عەیبی ئەم روانگەیە لەوەدایە سایکۆلۆژییەکی وامان بۆ دروست دەکات، کە کەمتەرخەمی من و تۆی هاوڵاتییە هەژاری هەیە! ئەگینا هیچ عەیبێک لە سیستەمەکەدا نییە . سیستەم بە جوانی کاری خۆی کردووە و دەیکات، ئەوە من و تۆین خەریکی عەیش و نۆشی خۆمانین و خەڵکمان لە بیر کردووە! نیولیبرالیزم بەم ئایدۆلۆژیایە لە زۆر بواری دیکەشدا کار دەکات. بۆ نموونە ژینگە. نیولیبرالیزم لە رێگەی بەتاککردنی و بە کەسیکردنی کێشە ئاڵۆزەکانی وەک هەژاری و ژینگە ….هتد، دەیەوێت خۆی لە بەرچاو وون بکات، ئۆباڵی گوناحەکەش بخاتەئەستۆی تاکەکانی کۆمەڵگا، لەمەشدا بەجوانی سەرکەوت، وەک چۆن کۆنتڕۆڵی بازاڕی کردوە، هەر بەو شێوەیەش کۆنتڕۆڵی سایکۆلۆژیای زۆرینەی خەڵکی کردووە.

وەک پاوڵ گومبێرگ دەڵێت: (ئارگومێنتی سینگەر سکهەڵگوشین (زوهد)ی سیاسی، یان بێدەنگیی سیاسی دروست دەکات، بەوەی تەرکیزمان لەسەر گرفتە سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتییەکان دەباتە سەر بابەتێکی فەلسەفیی رووت، بەمەش بێدەنگیی سیاسیی زیاتر دەخوڵقێنیت، لەوەش خراپتر زۆر جار ئەمە وەک بەدیلی کەرتی گشتی لە زیهن و سایکۆلۆژیای ئێمەدا خۆی مانیفێست دەکات، کاتێک کەرتەکانی تەندروستی و خوێندن و کارەبا …هتد، بە تایبەت بکرێن و تەواوی دانیشتوان و تەنانەت خودی حکومەتیش ببن بە خزمەتکاری کۆمپانیاکان، ئیدی چارێتی دەرەقەتی چی دێت؟! لە دۆخێکی ئاوادا ئێمە دەبێت خەبات بکەین بۆ بەدەستهێنانی مافی خۆمان لە کەرتی گشتی.

سەرنج بدەن لە سەر ئاستی رۆژهەڵات و جیهانی ئیسلامیش، بە درێژایی مێژووی ئاینەکان، چارێتی و سەدەقە و خێر بە چڕی لە ژیانی کۆمەڵایەتیدا هەبووە و هەیە، بەڵام هیچ کات نەیتوانیوە بەقەد ئەو چرکە مێژووییە زۆر کەمانە رۆڵی جدیی هەبێت کە سیستمی سیاسیی باش ودادپەروەر هەیبووە. بەمانایەکی دیکە، کە سەستمی دادپەروەر نەبوو، هەبوونی چارێتی و خێر وسەدەقە، پۆینتێکی بچووکە و چارەی دەردی هەژاری ناکات! لە سایەی دەسەڵات و سیستەمی نادادپەروەردا، بە جۆرێک لە جۆرەکان، هەر خودی چارێتی، ئاو بە ئاشداکردنی سیستەمەکەیە. لەم بارەشەوە نموونەی زۆر لەم دنیایەماندا هەن.
بۆیە وەک پاول گومبێرگ دەڵێت دەبێت تەواوی توانای خۆمان بخەینەگەڕ تا مافە گشتییەکانی خۆمان لە کەرتی حکومی بەدەستبهێنین و بۆ ئەمە خەبات بکەین، چونکە هیچ کەرتێک ناتوانێت بەدیلی کەرتی گشتی بێت.

تێبینی : ئەم نووسینە بەو مانایە نییە کە مرۆڤ دەبێت دەست لە خێر وسەدەقە و چارێتی هەڵبگرێت و دەستبەرداری چاکە ببێت. نا، هەرگیز، بەڵکو بەو مانایەیە تێبگەین گرفتەکە لەوە گەورەترە و رەگ و ریشەکەی لە شوێنێکی دیکەیە.

print

 709 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*