سەرەکی » ئابووری » هۆكاره‌ سه‌ره‌كییه‌كانی پشت دابه‌زینی نرخی نه‌وت

هۆكاره‌ سه‌ره‌كییه‌كانی پشت دابه‌زینی نرخی نه‌وت

ئامادەکردنی: ئه‌كره‌م ئه‌مین

چی روویدا كاتێك كۆمه‌ڵێك لایه‌ن بڕیاریاندا به ‌زیادكردنی به‌رهه‌مه‌كانیان له‌گه‌ڵ ژماره‌یه‌كی كه‌می خواست له‌سه‌ر نه‌وت؟ ده‌رئه‌نجامه‌كه‌ی دیاره‌ له‌ بنه‌مای ئابووریدا خواست و خستنه‌ڕوو نرخ دیاری ده‌كه‌ن، به‌ڵام پرسیارێكی تر كه‌ زۆرتر ترسی له‌سه‌ره‌ ئەوەیە کە كێ هۆكارە له‌و دۆخه‌ و كێ به‌رپرسه‌ له‌ دابه‌زاندنی نرخی نه‌وت له‌ جیهاندا؟

راپۆرته‌ رۆژنامه‌وانییه‌ ئه‌مریكییه‌كان وه‌ڵامی ئه‌و پرسیاره‌ ده‌ده‌نه‌وه‌ و پێنج هۆكاریان لەوبارەیەوە ده‌ستنیشان کردووە:

1- سعودیه‌
2 – روسیا
3- ئه‌مریكا
4- كۆرونا
5-هه‌موو هۆكاره‌كان بەسەر‌یه‌كه‌وه‌.

وه‌ڵامه‌كه‌ ئه‌وه‌ی كۆتاییانه‌, ئه‌گه‌ر به‌شێوه‌یه‌كی بێلایه‌نانه‌ له‌ كێشه‌كه‌ بكۆڵینه‌وه‌، ئه‌وا هه‌موو لایه‌نه‌كان پشكیان له‌ كێشه‌كه‌ به‌رده‌كه‌وێت.

– سعودیه‌ گه‌وره‌ترین به‌رهه‌مهێنه‌ری نه‌وته‌ له‌ جیهاندا. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا كه‌مترین تێچوو ده‌كه‌وێته‌سه‌ری له‌كاتی ده‌رهێنانی نه‌وته‌كه‌یدا, بۆیه‌ زۆرترین ده‌سه‌ڵات و هه‌ژموونی به‌سه‌ر نرخی نه‌وتدا هه‌یه‌ و به‌پێی ئاره‌زووی خۆی به‌رزو نزمیی به ‌نرخه‌كه‌وه‌ ده‌كات به‌پێی زیاد و كه‌مكردنی رێژه‌ی به‌رهه‌مێنانی نه‌وت.
دوایین خۆده‌رخستنی سعودیه‌ له‌ ساڵی 2014 بوو كاتێك ئه‌مریكا كاریگه‌رییه‌كی گه‌وره‌ی له‌سه‌ر بازاڕی نه‌وتی جیهان دروستكرد، سعودیه‌ بۆ ئه‌وه‌ی له‌و پێگه‌ و پله‌ی یه‌كه‌مه‌ بمێنێته‌وه‌، كێبڕكیی له‌گه‌ڵ ئه‌مریكا بكات ده‌ستی كرد به‌ زیادكردنی نه‌وت كه‌ بووه‌ هۆی دابه‌زینی نرخی نه‌وت له‌ نزیکەی 120 دۆلاره‌وه‌ بۆ 30 دۆلار.

سعودیه‌ و روسیا

له‌م ماوەیە‌ی رابردوودا، سعودیه‌ بڕیاریدا به‌ زیادكردنی به‌رهه‌مهێنانی نه‌وت كه‌ ئه‌مجاره‌ ئامانجی ته‌مبێكردنی روسیا بوو كه‌ ده‌یویست هه‌ژموونی به‌سه‌ر نرخی نه‌وتدا بسه‌پێنێت. هۆكاره‌كه‌ به‌وه‌ داده‌نرێت كه‌ روسیا رازی نه‌بوو به ‌كه‌مكردنه‌وه‌ی بڕی به‌رهه‌مهێنانی نه‌وت, به‌ڵام چاودێران ده‌ڵێن هۆكاری دووه‌می سعودیه‌ له‌و بڕیاری زیادكردنه‌، زیانگه‌یاندن بوو به‌ ده‌رهێنانی نه‌وتی به‌ردینی ئه‌مریكایی.

سعودیه‌ رێوشوێنی زیادكردنی گرته‌به‌ر له‌10 ملیۆن بۆ 12.3 ملیۆن به‌رمیل نه‌وتی رۆژانه،‌ ئه‌ویش دوای رێكنه‌كه‌وتنی كۆبوونه‌ی وڵاتانی ئۆپێك پله‌س له‌سه‌ر كه‌مكردنه‌وه‌ی ئاستی رێژه‌ی به‌رهه‌م, كه ‌تێیدا روسیا بێلایه‌نیی هه‌ڵبژاردبوو.

دوای ئه‌وه‌ روسیا بڕیاریدا كه‌ بگه‌ڕێته‌وه‌ بۆ ئاستی به‌رهه‌مهێنانی پێش كه‌مكردنه‌وه‌ی رێژه‌ی به‌رهه‌مهێنان، واته‌ زیادكردنی به‌رهه‌م به‌ بڕی 300 بۆ 500 هه‌زار به‌رمیل رۆژانه‌.

ئه‌م بڕیاره‌ی روسیا ره‌تكردنه‌وه‌ی هاوئاهه‌نگیی بوو له‌گه‌ڵ وڵاتانی ئۆپیك پڵه‌س كه‌ بڕی به‌رهه‌م كه‌مبكه‌نه‌وه‌.
ئه‌م هۆكاره‌بوو پاڵی به ‌سعودیه‌وه‌ نا كه ‌به‌بڕی زیاده‌ی 3 ملیۆن به‌رمیل رۆژانه‌ ئاستی به‌رهه‌م هێنان زیادبكات.
چاودێران روسیا له‌م هه‌نگاوه‌ به‌دوور ناگرن ‌ كه‌ بووه‌ مایەی هاندانی سعودیه‌ به‌زیادكردنی به‌رهه‌م و ده‌ره‌نجام زیانگه‌یاندنی به‌ به‌رهه‌مێنانی نه‌وتی به‌ردینی ئه‌مریكایی.

نه‌وتی به‌ردینی ئه‌مریكی

به‌رهه‌مهێنانی نه‌وتی به‌ردینی ئه‌مریكایی له‌ ماوه‌ی ئه‌م چه‌ند ساڵه‌ی دواییدا هێزێكی كاریگه‌ربووه‌ له‌ تەرازووی نه‌وتی جیهاندا به‌وه‌ی كه‌ توانیوێتی به‌ بڕی 13 ملیۆن به‌رمیل نه‌وتی رۆژانه‌ به‌رهه‌م بهێنیت.
ئه‌م بڕەش‌ وا له‌ ئه‌مریكا ده‌كات که‌ ببێت به‌ گه‌وره‌ترین به‌رهه‌مهێنی نه‌وت له‌ جیهاندا و ده‌ركردنی به‌ڕه‌كه‌ له‌ژێر پێی هه‌ریه‌ك له‌ سعودیه‌ و روسیا. كه‌ كێشمه‌كیشەکە‌ی دروستكردووه‌.

ئه‌مریكا به‌م هه‌نگاوه‌ی توانیوێ‌تی كاریگه‌ریی له‌سه‌ر بازاڕه‌كانی جیهان دابنێت. دوای ئه‌وه‌ی وڵاتانی ئۆپێك پڵه‌س له‌ چه‌ند بۆنه‌یه‌كدا بڕیاریان له‌سه‌ر كه‌مكردنه‌وه‌ی نه‌وت دا، به‌ڵام ئه‌م بڕیاره‌ نه‌بووه‌ هۆی به‌رزبوونه‌وه‌ی نرخی نه‌وت له‌ جیهاندا و ئه‌مه‌ش به‌ هۆكاری كه‌می خواست نه‌بوو له‌سه‌ر نه‌وت، به‌ڵكو هۆكاره‌كه‌ به‌رزبوونه‌وه‌ی ئاستی به‌رهه‌مهێنانی نه‌وتی به‌ردینی ئه‌مریكایی بوو.

شه‌ڕی نرخ له‌ نێوان وڵاتان و هه‌روه‌ها ڤایرۆسی كۆرۆنا له‌ جیهاندا، هه‌موو ئه‌مانه‌ وایان كرد كه‌ نرخی نه‌وت داببه‌زێت و نزیك ببێته‌وه‌ له‌ 10 دۆلار.

به‌ڵام لایه‌نی دروشاوه‌شی هه‌بوو ئه‌م دابه‌زینه‌، به‌تایبه‌تی بۆ وڵاته‌ به‌كاربه‌ره‌كانی نه‌وت كه‌ توانیان بڕێکی زۆر نه‌وت له‌ كۆگاكانیاندا عه‌مبار بكه‌ن، ئه‌مه‌ش واده‌كات تا ماوه‌یه‌كی زۆر پێویستیان به‌ كڕینی نه‌وت نه‌بێت له‌حاڵه‌تی به‌رزبوونه‌وه‌ی نرخەکەشیدا. بۆیه‌ ئه‌گه‌ر نرخی نه‌وت به‌رزیش ببێته‌وه‌، ئه‌وا به‌شێوه‌یه‌كی هێواش ده‌بێت و به‌ دره‌نگیش ده‌گاته‌وه‌ به‌و ئاسته‌ی كه‌ پێش دابه‌زینه‌كه‌ تێیدا جێگیرببوو.

print

 231 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*