سەرەکی » وتار » ئاشتی‌ عه‌بدوڵڵا‌ » دایكێك، ژنە پێشمەرگەیەك لە دووزەوەپەڕە 3

وته‌ی‌ ژنۆرناڵ

دایكێك، ژنە پێشمەرگەیەك لە دووزەوە

تەمەنێكی زۆری نەبوو، بەڵام دایكی شەش مناڵا بوو، هاوسەرەكەی پێشمەرگەیە، لەو كاتەی قەرەباڵغیەكەمان جێهێشت و هاتە تەنیشتم پێش ئەوەی قسە بكات ، ماچێكی مناڵەكەی باوەشی كرد، وەك ئەوەی وزەی لێ‌ وەرگرێت تابتوانێت، دەڕبڕینەكانی بێ‌ گریان بێت، بەڵام ئازارەكانی قووڵتربوو وەك لەگەرمی روومەتی مناڵەكەی، فرمێسك چاوەكانی تەنی، پێش ئەوەی هیچ بڵێت بەدڵی ئەو خاتوونە گەیشتم توند دەستیم گرت، وتم لەسەرخۆ چی هەیە پێم بڵێ‌ ئەمڕۆ لێرە كارێكیتر ناكەم، جگە لەگوێگرتنی تۆ، هاوڕێكانم كارەكان تەواو دەكەن بێ‌ خەم و لە سەرخۆ بدوێ‌، منیش لەگەڵت دەگریم و ئازارەكەی تۆ لە رۆحی منیشدایە تەنها رەنگی ئازارەكانمان جیاوازە بزەیكم بۆ كرد و وتم وەك جلەكانمان ئەوەی تۆ مۆرو جلەكەی من رەشە، كەمێ‌ هێوربوەوە، وتی شەش مناڵم هەیە هاوسەرەكەم پێشمەرگەیەو لە واجبە، كە لەدووز هاتین هیچمان نەهێنا خۆی هەر هیچی واشمان نەبوو كە بەكەڵكی هێنان بێت، جگە لەكەلوپەلی ماڵەكەمان واتە پارەیەكی وامان نەبوو، ئێستا لێرە لەم ئاوارەیە خرابترە گوزەرانمان.
سروە بەردەوام بوو وتی: مامۆستا بەخوا پارەی شیرم پێنیە ئەمشەو ماستم كردە مەمەكەیەوە بەمناڵكەممدا، بەم جۆرە چیرۆكێكی كورتی پڕ نەهامەتی گێڕایەوە و منیش گوێگرم و راماوم لەچاوی مناڵەكەی و ئاهە ساردەكانی ئەو دایكە و ئەو ئازارەشی پێمئەگات سڕترم ئەكات.
پێش رۆشتن وتم سروە گیان مامۆستا نیم، قبوڵم ئەكەی هاوڕێتبم و تەنها گوێگرێكی چیرۆكەكەت نەبم، هیچم نەدایە لەو ساتەدا تەنها پێشنیاری هاوڕێتییەك نەبێ‌، بەڵام گەشایەوە وەك ئەوەی دەمێك بێ‌ تەنها بێت و ویستبێتی قسە بكات، باش لەو ئازارە ئەگەم، كە ژن بێ‌ دەنگ ئەبێت و ئازارەكانی ئەخواتەوە ئەو كاتەی دەروازەیەكی متمانە پێكراو بەدی ئەكات خۆی هەڵئەڕێت و ئەگەشێتەوە.
لەگەڵ ماڵئاوایی بەڵێنی یەكتربینینەوەم پێدا، ئێستا سروە لەچاوەڕوانی دایە، بە دڵنیایی دەچمەوە بۆ لای، بەڵام دەبێت هەگبەیەكی پڕ لەدیاری و خۆشبەختیم پێبێت،  منیش وەك سروە چاوەڕێم بەهەگبەیەكی پڕ لەدەرگای بدەم، تا لەم سەرمایەدا شەوان ماڵەكەی ئەم دایكەش ئەم ژنە پێشمەرگەیە لەئاوارەیدا كەمێك گەرم بێتەوە.

 124 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*