سەرەکی » راپۆرت » ئامادەكردنی: دیاری سابیر » به‌هۆی كۆرۆناوه‌ 40 هه‌زار كه‌س ئیمارات جێده‌هێڵن

به‌هۆی كۆرۆناوه‌ 40 هه‌زار كه‌س ئیمارات جێده‌هێڵن

له‌گه‌ڵ ده‌ركه‌وتنی زیاتری لێكه‌وته‌ ئابوورییه‌كانی په‌تای ڤایرۆسی كۆرۆنا كه‌ به‌هۆیه‌وه‌ ملیۆنه‌ها كه‌س له‌ سه‌رتاسه‌ری جیهان كاره‌كانیان له‌ده‌ستداوه‌، ئیماراتیش یه‌كێكه‌ له‌و وڵاتانه‌ی كه‌ له‌ چوارچێوه‌ی پلانی حكومه‌ت بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ ‌و به‌رگرتن له‌ بڵاوبوونه‌وه‌ی زیاتری ڤایرۆسه‌كه‌، سه‌رجه‌م چالاكییه‌ ئابوورییه‌كانی هه‌ڵپه‌ساردووه‌، له‌ كاتێكدا له‌ رووی ئه‌نجامدانی پشكنینی پزیشكییه‌وه‌ بۆ دۆزینه‌وه‌ی تووشبووانی په‌تاكه‌، یه‌كێكه‌ له‌ پێشه‌نگی وڵاتان.

له‌ نوێترین نیشانه‌ی زه‌ره‌رمه‌ندانی هه‌ڵپه‌ساردنی سه‌رجه‌م چالاكییه‌ ئابوورییه‌كان، نزیكه‌ی 40 هه‌زار پاكستانی كه‌ له‌و وڵاته‌ كارده‌كه‌ن، ده‌یانه‌وێت ئیمارات جێبهێڵن.

ده‌ستپێكردنه‌وه‌ی گه‌شته‌ ئاسمانییه‌كان

ئه‌مجه‌د عه‌لی باڵیۆزی گشتیی پاكستان له‌ ئیمارات به‌ رۆژنامه‌ی (خلیج تایمز)ی راگه‌یاند: نزیكه‌ی 40 هه‌زار داواكاریی هاووڵاتیانی وڵاته‌كه‌یان پێگه‌یشتووه‌، به‌ مه‌به‌ستی جێهێشتنی ئیمارات ‌و گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ پاكستان. وتیشی: له‌ رۆژی شه‌ممه‌ی رابردووه‌وه‌ گه‌شته‌ ئاسمانییه‌كان به‌ره‌و پاكستان ده‌ستیانپێكردووه‌.

باڵیۆزی گشتیی پاكستان له‌ ئیمارات روونیشیكرده‌وه‌: پێویسته‌ هاووڵاتیان له‌وه‌ تێبگه‌ن كه‌ ته‌نها ژماره‌یه‌كی دیاریكراوی گه‌شته‌ ئاسمانییه‌كانیان هه‌یه‌ ‌و له‌ پاكستانیش ژماره‌یه‌كی سنوورداری كیت-یان هه‌یه‌ بۆ پشكنینی هاووڵاتیان بۆ دۆزینه‌وه‌ی تووشبووانی كۆرۆنا، هه‌روه‌ها شوێنی كه‌ره‌نتینه‌یان له‌ وڵات زۆر سنوورداره‌ ‌و ناتوانن به‌پێی پێویست تووشبووانی ڤایرۆسه‌كه‌ كه‌ره‌نتین بكه‌ن. وتیشی: ئه‌وانه‌ی ئاره‌زوو ده‌كه‌ن بگه‌ڕێنه‌وه‌ بۆ پاكستان، ئێمه‌ به‌پێی كات ‌و توانای خۆمان به‌رده‌وام ده‌بین له‌ ناردنه‌وه‌یان.

پێویستیان به‌ هاوكاریی ده‌بێت

باڵیۆزی گشتیی پاكستان له‌ ئیمارات ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد: له‌وه‌ته‌ی په‌تای ڤایرۆسی كۆرۆنا له‌ ئیمارات سه‌ریهه‌ڵداوه‌، باڵیۆزخانه‌كه‌یان هاوكاریی پێشكه‌ش به‌ نزیكه‌ی 8 هه‌زار ‌و 500 هاووڵاتی پاكستانی نیشته‌جێی ئه‌و وڵاته‌ كردووه‌، له‌ ماوه‌ی داهاتووشدا 11 هه‌زاری دیكه‌ پێویستیان به‌ هاوكاریی ده‌بێت، كه‌ زۆربه‌یان له‌و كه‌سانه‌ن به‌هۆی گرتنه‌به‌ری رێوشوێنه‌كانی به‌رگرتن له‌ بڵاوبوونه‌وه‌ی ڤایرۆسی كۆرۆناوه‌ كاره‌كانیان له‌ ده‌ستداوه‌ ‌و بێكار ماونه‌ته‌وه‌، یان ماوه‌ی نیشته‌جێبوونیان ته‌واوبووه‌.

باسی له‌وه‌شكرد: له‌ ئه‌نجامی ئه‌و دۆخه‌ی هاتۆته‌ ئاراوه‌، ئاسته‌نگ له‌به‌رده‌م گه‌یاندنی هاوكارییه‌كان دروستبووه‌، بۆیه‌ داوا له‌ هاووڵاتییه‌كان ده‌كه‌م دان به‌حۆیاندا بگرن، چونكه‌ ره‌نگه‌ گه‌یاندنه‌وه‌یان بۆ پاكستان دوا بكه‌وێت، به‌ڵام به‌ دڵنیاییه‌وه‌ ده‌یانگه‌ڕێنینه‌وه‌.

سه‌رچاوه‌، ئاژانسه‌كان

print

 149 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*