سەرەکی » راپۆرت » پارێزەرەکەی:هێمن مامەند لەسەر سکاڵای سەرۆکی حکومەت دەستگیرکراوەتەوەپەڕە 24

پارێزەرەکەی:هێمن مامەند لەسەر سکاڵای سەرۆکی حکومەت دەستگیرکراوەتەوە

دوای ئەوەی لەسەر پۆستێکی فەیسبوک بە ناونیشانی (ئەگەر حكومەت مووچەی دابەشنەكرد با خەڵك كەرەنتینە بشكێنێت و بێتە سەرشەقام) رۆژنامەنوس هێمن مامەند لەلایەن هێزێکی دەمامکدارەوە لەسەر سكاڵای مەتین بارزانی بە فەرمانی دادوەری لێكۆڵینەوە دەستگیر دەکرێت و چەند جارێک بە کەفالەت ئازاد دەکرێت، دواتر ئەمشەو ٢٦-٤-٢٠٢٠ بۆ جاری سێیەم دەستگیردەکرێتەوەو ئەمەش ناڕەزایی لێدەکەوێتەوەو ٥٤٤ کەسایەتی و لایەن بۆ ئەو کەیسە کەمپینێک رادەگەیەنن و تیمی پارێزەرانی خۆبەخشی هێمن مامەندیش رایدەگەیەنن کەبەردەوام دەبن لە بەدواداچون هەتا چارەنوسی ئەو رۆژنامەنوسە یەکلایی دەبێتەوەو یەکێک لە پارێزەرەکانیشی دەڵێت، ئەم کەیسە دەستی لە پشتە.

کەیسی هێمن مامەند، دەستی لە پشتە……

هەر لەسەر ئەو پرسە PUKmedia پەیوەندی کرد بە بەشدار حەسەن یەکێک لە پارێزەرانی خۆبەخشی هێمن مامەند و لەبارەی کەیسەکەوە وتی: هێمن مامەند رۆژنامەنوسێکی چالاک و بویری شاری هەولێرە کە هەتا ئێستا ٦ دۆسیەی لەسەر کراوەتەوە کەهەموو دۆسیەکانی دەکرێت بە کەفالەت ئازاد بکرێت و کەفالەتی بۆ کراوەو دووبارە دەستگیر کراوەتەوە.

وتیشی: هێمن مامەند دەبێت بەپێی یاسای رۆژنامەگەری سزا بدرێت لەبەر ئەوەی ئەندامێکی کارای سەندیکای رۆژنامەنوسانە، بەڵام بەپێی یاسای سزادانی عیراقی مامەڵەی لەگەڵ دەکرێت و ئەمەش دەستی لە پشتە، چونکە یاسای رۆژنامەگەری توندوتیژی تێدا نیە و نایانەویت بە ئاسانی ئازادی بکەن.

ئاماژەی بەوەشکرد: دوێنێ کە دەستگیرکراوە بەپێی مادەی ٤٣٣ سزادانی عیراقی بوەو دوێنی بە کەفالەتی ٦ ملیۆن لەلایەن دادوەری لێکۆڵینەوەوە ئازادکرا بەڵام، لەلایەن پۆلیسەوە پێیان راگەیاندین لەلایەن سەرۆکی حکومەتەوە سکاڵایەکی تری لێکراوەو دەبێت دەستگیربکرێتەوە، وتیشی، ئێمە بۆ ئەمڕۆش داواکاریمان پێشکەش کردوە بۆ دوبارە ئازادکردنەوەی و لەسەعات ٩ی ئەمشەو دەردەکەوێت ئایا ئازاد دەکرێت یاخود نا.

لەبارەی کەمپینەکەشەوە وتی، ئەم کەمپینانە بۆ ڕای گشتی زۆر پیویستە و بۆ کەیسەکەی هێمن مامەندیش کاریگەری گەورەی دەبێت.

تیمی پارێزەرانی خۆبەخش…..

تیمی پارێزەرای خۆبەخشی رۆژنامەنوس هێمن مامەند دوای دەستگیرکردنی بۆ جاری سێیەم رایدەگەیەنن: تا ئێستا لە چاوەروانی هێنانەوەی ڕۆژنامەنوس هێمن مامند دا بوین لە بەردەم بنکەی پۆلیسی ئازادی کە لە گرتوخانە بیهێننەوە کە بە بریاری دادوەری دادگای لێکۆڵینەوەی هەولێر بە کەفالەی 6 ملیۆن دینار ئازاد کرابو ، بەلام ئەمجارەیان بە هۆی سکالایەکیتر کە لە لایەن سەرۆکایەتی حکومەتی هەرێم کە لە ڕێگای داواکاری گشتی تۆمارکراوە لەدژی بۆیە جارێکیتر ڕاگیرایەوە و چارەنوسی دواخرا،

لە بەیانییەوە لە گەڵ تیمی پارێزەران لە هەوڵەکانمان بەردەوام دەبین لە بەدوا داچوون .

کەمپینێکی ٥٤٤ کەسی……

لە کەمپینێکیشدا کە ٥٤٤ کەس و لایەن بەشدارییان تێدا کردوە داوای ئازادکردنی ئەو رۆژنامەنوس و چالاکوانە دەکرێت و رایدەگەیەنن: پێویستە ئەو کەسانەی هێمن مامەند دەستگیردەکەن خۆیان بناسێنن و مۆڵەتی یاسایی نیشان بدەن لە کاتی ئەنجامدانی ئەرکەکانیاندا. ڕێکاری نائاسایی، هەڵکوتانەسەر و ده‌سگیرکردنی هه‌ر که‌سێک کۆتایی پێبهێندرێت. هەربۆیە پێویسته‌ هێمن مامه‌ند تا رۆژی دادگاییکردنی به‌ که‌فاله‌ت ئازادبکرێت. ته‌نانه‌ت ئه‌وسکاڵا نوێیه‌‌شی که‌ له‌سه‌ری تۆمارکراوه‌، دۆسییەیەکی ناوزڕاندنه‌ و به‌ پێی مادده‌ی ٤٣٣ ـی یاسای سزادانی عێراقی که‌فاله‌ت ده‌یگرێته‌وه‌.

هێمن و ئه‌و رۆژنامه‌نوس و چالاکوانانه‌ی دادگایی ده‌کرێن، پێویسته‌ به‌ پێی یاسای رۆژنامه‌گه‌ریی ژماره‌ ٣٥ ـی ساڵی ٢٠٠٧ دادگایی بکرێن، نه‌ك وه‌ك تۆڵه‌یه‌کی سیاسی، مادده‌ و دۆسییه‌کانیان بۆ بگۆڕدرێن.

پێویسته‌ جیاوازیی جیاکاری له‌ مامه‌ڵه‌کردن له‌گه‌ڵ زیندانییه‌کاندا نه‌‌کرێت، ده‌زگاکانی پۆلیس و ئاسایش وەکویەك هه‌ڵسوکه‌وتیان لەگەڵدا بکه‌‌ن.

داواکارین به‌ چاوی دوژمنایه‌تی و نامۆیی سه‌یری ده‌نگه‌ ناڕازی و ره‌‌خنه‌گره‌کان نه‌کرێت، لەبەرئەوەی‌ زۆربه‌یان که‌سانی پێشینه‌ پاک، دڵسۆز و به‌رپرسیارن.

له کاتی بەڕێوەچوونی پرۆسه‌ی دادگاییشدا ده‌بێت به‌ پێی یاسا، دوور له مه‌رامی سیاسی و به‌دادوه‌رییانه‌ دادگایی بکرێن.

هه‌ر لێره‌شه‌وه رایده‌گه‌یه‌نین، که له‌ ئه‌گه‌ری درێژکردنه‌وه‌ی ماوه‌‌ی راگرتن و ئازادنه‌کردنی هێمن مامه‌ند ئه‌م که‌مپینه‌ به‌رده‌وامی ده‌بێت، له‌ سه‌ر ئاستی نێوده‌‌وڵه‌تیش رێکخراوه‌ جیهانییه‌کانی لێ ئاگادارده‌‌که‌ینه‌وه‌، بۆ فشاری زیاتر بۆ ئازادکردنی ناوبراو.

سه‌رچاوه‌ : PUKmedia 

print

 161 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*