سەرەکی » زانست » كۆڤید- 19 و رۆژی جیهانیی سەلامەتی و…

كۆڤید- 19 و رۆژی جیهانیی سەلامەتی و…

كۆڤید- 19 و رۆژی جیهانیی سەلامەتی و تەندروستیی شوێنی كار

ئامادەكردنی: د. دیاری ئیبراهیم تۆفیق*

لە زانكۆی سلێمانی لە ساڵی 2010ەوە خۆشبەختانە لەگەڵ هاوڕێیانم لە لیژنە سەرەتاییەكانی سەلامەتی و تەندروستیی زانكۆی سلێمانی كارمان كردووە بۆ بڵاوكردنەوەی هۆشیاریی و زانیاریی لەسەر سیستمی بەڕێوەبردنی سەلامەتی و تەندروستی لە شوێنی كاردا و بە بەردەوامی هەوڵمانداوە چەمكەكانی ئەم سیستمە بە خوێندكاران و فەرمانبەران و مامۆستایان بگەیەنین، ئەوەش لە رێگەی وۆرك شۆپ و سیمینار و فێستیڤاڵ و چەندین جۆر چالاكیی دیكەوە و هەمیشەش گروپی خوێندكاران و مامۆستایانی خۆبەخش و دڵسۆز و چالاك هەوێنی كار و چالاكییەكانی زانكۆ بوون و ئێستا خۆشبەختانە هەموو كۆلیجێك لیژنەی خۆی هەیە و بەڕێوەبەرایەتییەك سەرپەرشتییان دەكات كە چوار هۆبە و سەنتەرێكی راهێنان لەخۆ دەگرێت و ئومێد دەكەین كە لەداهاتوودا هەموو كۆلێجەكان یەكەیەكی تایبەتییان هەبێت بە راهێنان و سەلامەتیی و تەندروستی.

دروشمی رۆژی 28/4
ساڵانە لەم رۆژەدا یادی قوربانییانی شوێنی كار بەرز رادەگیرێت و لە هەموو جیهاندا كەمپینێكی گەورە رادەگەیەندرێت لەلایەن هەردوو رێكخراوی كرێكارانی جیهان (ILO) و رێكخراوی تەندروستیی جیهان (WHO) ەوە كە لەساڵی 2003وە ئەم رێكخراوانە ساڵانە دروشمێكی تایبەتیشیان بۆ ئەو رۆژە داناوە.

دروشمەكانی ئەم رۆژە هەمیشە رەنگدانەوەی مەترسییەكانی شوێنی كاركردن و ئەو بابەتانەن كە جیهانیان سەرقاڵكردووە.
بۆ ئەمساڵیش هەرلە سەرەتای ساڵی نوێ-وە، دروشم و بابەتەكانی كەمپینی ئەو رۆژە لە سایتی رەسمیی (ILO) راگەیەندرا و دروشمی ساڵیان بڵاوكردەوە كە تەواوكەری ئەو پلانە 30 ساڵەییان بوو كە لەگەڵ ئامانجەكانی نەتەوە یەكگرتووەكاندا چەند ساڵێكە كاری بۆ دەكەن، كە ئەویش بریتیبوو لە “با كۆتایی بە توندوتیژیی و گێچەڵ لە جیهانی كاركردندا بهێنرێت Lets end Violence and Harassment in the world of Work “، بەڵام لەدوای بڵاوبوونەوەی پەتای كۆرۆنا و ئەم دۆخە گشتگیرەی هەموو جیهانی گرتەوە، دروشمی ئەم رۆژە گۆڕدرا بۆ “Save Lives Safety and Health at Work Can، واتە سەلامەتی و تەندروستیی شوێنی كار، دەتوانێت ژیانمان رزگاربكات”.

ئەم دروشمە بۆ روبەڕوبونەوەی ئەم پەتای كۆڤید- 19 یە پڕ بەپێستی خۆیەتی، هەر بۆ ئەوەشە لە هەموو لیفلێت و بڵاوكراوەكانی ئەمساڵدا ئاماژە بەوە دراوە كە بۆ روبەڕبونەوەی پەتاكان دەبێت سەلامەتی و تەندروستیی شوێنی كار زامن بكرێت.
In the face of Pandemic Ensuring Safety and Health at Work .

ئەم پەتایە كاریگەریی هەیە لەسەر هەموو كارمەندان لە هەموو جومگەكانی ژیاندا، ئەوەتا لە پێناوی پارێزگاریی لە رۆح و ژیانی مرۆڤەكان رێوشوێنی توند گیراوەتەبەر بەجۆرێك كار گەیشتۆتە لێك دابڕانی كۆمەڵایەتی كە وا پێویستی دەكرد، چونكە بەو شێوەیە توانرا كۆنترۆڵی بڵاوبوونەوەكە بكرێت و بگەینە سەر هێڵی راستبوونەوەی كێرڤی بڵاوبوونەوەی پەتاكە كە خاڵی سەرەتای كۆنتڕۆڵ كردنە.
بە هۆكاری ئەم پەتایە، هەمووان پێكەوە لەناكاو تووشی گۆڕانكاریی گەورە بووین، لە ماڵ و شوێنی كارەكانیشماندا، ئەوانەی كە لەم بارودۆخەدا رووبەڕووی بارگرانیی و نەهامەتیی بوونەوە، ئەوانەبوون كە دەستكەوتی رۆژانەیان كەم بوو، یان ناتوانن كاریان دەست بكەوێت.

ئێستا كارمەندان و كرێكاران بەرەوڕووی خۆڕاهێنان لەگەڵ دۆخێكی نوێ بوونەتەوە كە زۆر نیگەرانی كردوون لەبارەی دواڕۆژیانەوە، جگە لە ترسی تووشبوون بە ڤایرۆسەكە خۆی و رووبەڕووی ترسی لێكەوتە نێگەتیڤەكانییشی بوونەتەوە (كەرەنتینە كردن و دابڕانی تەندروستی و دابڕان لە كارو چەقبەستنی ئابووری)، كە دەكرێت ئەم نیگەرانییانە قەرەبوو بكرێنەوە، وەك ئێستا دەیبینین لە زۆربەی وڵاتانی دنیادا لەڕێی وەبەرهێنانی بەردەوام و پاڵپشتیی كۆمەڵایەتی و دروستكردنی شوێنكاری سەلامەت و تەندروست بۆ كارمەندان.

بەداخەوە هیچكام لەو قەرەبووكردنەوانە لێرە نییە و ئەمەش بارودۆخەكەی لای ئێمە قورستركردووە.

جگە لەمانەش دەبێت باس لەوە بكەین كە كاریگەریی ئەم قەیرانە بۆ هەموو كارمەندان وەك یەك نابێت، ئاستی مەترسییەكان جیاوازن، هەندێك لە هێڵی پێشەوەی مەترسیدان و شوێن كارەكانیان زۆر مەترسیدارە، هەندێكیش دەتوانن لە ماڵی خۆیانەوە كارەكانیان بەڕێبكەن و هەندێكیش بە تەواوی كارەكانیان لە دەستداوە ئەگەر بەشێوەیەكی كاتییش بێت.

بەتەنها لە دوورەوە بە سەیركردنێك ناتوانرێت پێشبینی ئەو جیاوازییە گەورەیە بكرێت لە نێوان كەرتە جیاجیاكانی كاركردندا لە هەموو ئاستەكانی مەترسیدا، ئەگەر بۆ نموونە كەرتی تەندروستی وەربگرین، هەندێك لە بەشەكانی داخراوە بەهۆكاری كەمبوونەوەی خواست لەسەر ئەو بەشانە، یاخود بە هۆكاری پێداویستی بە شوێن بۆ رووبەری زیاتر بۆ كاركردن لەبەر زۆریی ژمارەی تووشبووان بە پەتاو بەركەوتن و مەترسیی كارمەندان لەم بەشانەدا بەرێژەیەكی گەورەیە. لەبەر ئەم هۆكارانە دەبێت كارمەندانی هەموو كەرتەكان بە گشتی و كەرتی تەندروستی بە تایبەتی، راهێنانیان پێ بكرێت و ئامادەباش بن بۆ روبەڕوبونەوەی قەیرانی لەم جۆرە و ئەم دۆخە چاوەڕوان نەكراوانە كە راهێنان یەكێكە لە مەرجەكانی پەیڕەوكردنی “سیستمی سەلامەتی” لەبەرئەوەی لەم كاتانەدا جگە لە گوشاری دەروونی و پەستانی كاركردن و زۆربوونی ماوەی كاركردن بۆ ماوەی درێژخایەن رووبەڕووی تووشبوون بە پەتاكەش دەبنەوە كە ئەمەیان ئەگەری زیاتر دەبێت لەكاتی نەبوونی كەرەستەی خۆپارێزیی PPE و نەبوونی كەرەستەی پێویست بۆ تاقیگە و نەبوونی پێداویستی و مەرجەكانی دابینكردنی شوێنی كار و ژینگەی كاری سەلامەت لە هەموو وڵاتانی دنیادا.

كەواتە دەبێت ئێمەش پەند و وانە لەم دۆخە گشتگیرە وەربگرین و بۆ ئێستا و بۆ داهاتووش كاربكەین بۆ پەیڕەوكردنی سیستمی بەڕێوەبردنی سەلامەتی و تەندروستی لە دام و دەزگاكانماندا و با راهێنانی كارمەند لە هەموو پلەو پایەیەكدا بۆ روبەڕوبونەوەی ئەم دۆخانە ببێت بە كاری لە پێشینەمان، لەبەرئەوەی زامنكردنی ژینگەی كاری سەلامەت و تەندروست دەبێتە مایەی زامنكردنی ژیانێكی سەلامەت بۆ هەمووان لەهەر شوێنێك كاربكەین.

-تێبینی/ مەبەستم لە كارمەند هەموو تاكێك لە ئێمە كە كاری رۆژانەی هەبێت.

*لێپرسراوی سەنتەری راهێنانی سەلامەتی سەربە بەڕێوبەرایەتیی تەندروستی و سەلامەتی لە زانكۆی سلێمانی، لە بەشی كیمیا – كۆلێجی زانست.

print

 85 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*