ئه‌م كونجه‌ش

بۆ (قودس)

هاوكارێكی جوولەكەپەرستمان هەبوو كە لە كونجێكیشەوە خۆی بە جوولەكە دەزانی. چەند دێر شیعری نووسیبوو. خوێن گەرمیی خۆی بۆ جوولەكەیەكەیی دەربڕیبوو. سەرەتای ئەو شیعرەیم لەبیرە كە نووسیبووی.
قوربانی تۆزی ڕێگەتم ئەی گردەكەی ئەبیب
بۆ من هەر تۆی پەرستگا‌و هەر تۆی تەبیب
دیارە ئەمە لاسایی كردنەوەی (نالی) ی مەزنە كە دەڵێ:
قوربانی تۆزی ڕێگەتم ئەی بادی خۆش مرور
ئەی پەیكی شارەزا بەهەموو شاری شارەزوور
ئەو هاوكارەمان خۆی بە شارەزایەكی گەورەی شیعری (نالی) دەزانی.
بەداخەوە ئێستا ئەو نەماوە تا قسەی بەسەرماندا زاڵ بێت چونكە (ئیسرائیل) بە ئاشكرا دەڵێن ئێمە لەگەڵ دروستبوونی دەوڵەتی كوردداین.
لەباسی لێكدانەوەی ئەوەدا نیم كە بۆچی ئیسرائیل لەگەڵ دروستبوونی دەوڵەتی كورددایە تا بڵێم: دیارە ئەوان پێ یان باشە كە ووڵاتی عەرەب بیست‌و دوو دەوڵەتە، دەبا ببێت بە بیست‌و سێ.
یادگار‌و یادداشتیشم لەبارەی جوولەكەی سلێمانی‌و قەرداخیشەوە هەیە- كە ئێستا نەوەكانیان لە شاری (نه‌تالیا)ی ناو ئیسرائیلدا دەژین. بەڵام ئێستا باسی ئەوە گەرمە كە (ترامپ) دەیەوێ باڵیۆزخانەكەی خۆی بباتە (قودس) من خاوەن ڕا نیم تا دەست دژی ئەو پێشنیاز‌و ئارەزووە بەرز بكەمەوە. بەڵام دەڵێم- ئەوەتا جوولەكە (گردەكەی ئەبیب) یان كردووە بە پایتەخت ئیتر بۆچ ئەم (قودس) ەی سەلاحەدینی ئێمە ببێ بە پایتەخت. ئایا ئەمە هەر بۆ ورووژاندنی عەرەبە. كە باڵیۆزخانەی ئیسرائیل لە چەند دەوڵەتیاندا هەیە- بەڵام بە (قودس) كردن بە پایتەختی ئیسرائیل ورووژاون.
كە (سەلاحەدین) (قودسی) ی لە دەست خاچپەرستان ئازاد كرد هێشتا فەلەستین جوولەكەی تێدا نەبوو. بەڵام لە باوەڕی جوولەكەدا فەلەستین هەر بە (خاكی دووا نزرگە- أرض المیعاد) دەزانرا. باشە وا پێی گەیشتن‌و بە پلانی ئیمپریالیزمی ئینگلیز‌و دان پێدانانی یەكێتیی- سوڤیت ئیسرائیل بوو بە دەوڵەت. (گردەكەی ئەبیب) بوو بە پایتەخت. ئیتر ئەم ورووژاندنەی عەرەب بۆ(قودس) كردن بە پایتەخت چی یە. ئەبێ لە پشت پەردەوە رێكەوتنێكی نێوان ئیسرائیل‌و ئەمەریكا هەبێ. كە ئیسرائیل ئاشكرا دەڵێ: لەگەڵ كورد‌و دەوڵەتی كورددام- دیارە ئێمە پێمان خۆشە. بەڵام ئەمە هەڵچوونی شۆڤێنیی عەرەبی لە دوواوەیە. كە هیچ لایەكیان ناڵێت دەبا ئێمەش بالیۆزخانەكانی ئیسرائیل داخەین. بەڵام شەڕ بە كوردی كڵول دەفرۆشن. دیارە نهێنی سیاسیی لە پشت ئەم دیمەنەوەیە كە من تێی ناگەم‌و لە كاری منیش ناچێ.
نازانم ئەو هاوەڵەم بمایە- (گردەكەی ئەبیب) ی دەكرد بە قودس یا نا، رحمەت لەوو- ئێوەش هەر بژین.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*