سەرەکی » وتار » ئەردەڵان عەبدوڵڵا » یەک دوو قسە لە بارەی پێکهاتەکانەوە

یەک دوو قسە لە بارەی پێکهاتەکانەوە

ئەو کاتەی لە زانکۆی هەولێر خوێندکار بووم، کۆمەڵێک برادەری کچ و کوڕی باشی کلدۆئاشووریم ناسی، هەرهەموویان نموونەی کەسانی باش و میهرەبان بوون، هەر لە رێگەی ئەوانیشەوە کەمێک زانیاریم لەبارەی پێکهاتەکانی کوردستانەوە دەستکەوت. من هەمیشە وشەی” پێکهاتەم پێ باشترە تا کەمینە” چونکە ئاشووریی و کلدانیی و ئەرمەنییەکان، کەمینە نین بەڵکە خەڵکی رەسەنی ئەم هەرێمەن، کەمینە بۆ بێگانەکان بەکاردێت.

پێش دووساڵێکیش لە تەلەفزیۆنی گەلی کوردستان بەرنامەیەکی دۆکۆمێنتاریم لەبارەی پێکهاتەکانی کوردستانەوە کرد، ئەوە یەکەمین بەرنامەی دۆکۆمێنتاری بوو کە لە کەناڵێکی کوردییەوە بکرێت، بۆ ئەو بەرنامەیە کۆمەڵێک کەسایەتی سیاسیی و ئایینیم بینی و هێندەی تر ئاگاداری کێشەکانیان بووم، بەتایبەتی مەسەلەی نوێنەرایەتییان لە پەرلەمان و حکومەتی هەرێمی کوردستان.

لە ماوەی پێشووشدا قسەوباسی زۆر لەبارە پێکهاتەکانی کوردستانەوە کراوە، بەتایبەتی لە پاش دوایین دانیشتنی پەرلەمان و دەنگدان بە لێسەندنەوەی پارێزبەندی لە پەرلەمەنتارێکی کۆمەڵی ئیسلامی، گرژیی و ئاڵۆزی کەوتۆتە نێوان پارتە سیاسییەکان، لە هەمووشی ترسناکتر قسەوباسی زۆر لەبارەی مافی پێکهاتەکانەوە لە هەرێمی کوردستاندا دەکرێت.

دیارە چ لەناو پێکهاتەکان و چ لە دەرەوەی ئەوانیش، هەموو لەسەر ئەوە کۆکن کە ئەو 11 کورسی پەرلەمانەی کوردستان لەلایەن پارتییەوە قۆرخ کراوە، لە کاتێکدا دەبوایە ئەو کورسییانە لەلایەن پێکهاتەکان خۆیان نوێنەریان دیاری بکردایە بۆ ئەوەی بەرگری لە بەرژەوەندی ئەوان بکەن نەک پارتێکی سیاسی کوردی.

زۆرجار هێزە داگیرکارەکانی کوردستان ویستوویانە کێشە و گرفتی گەورە لە نێوان کوردو پێکهاتەکان بەتایبەتی خوشک و برا مەسیحییەکان دروست بکەن، بەداخەوە هەندێکجاریش سەرکەوتووبون لە مەدا کە بە ناوی ئایینەوە کوردیان کردووە بەگژ مەسیحییەکاندا بەتایبەتی لە سەردەمی عوسمانیدا.

بەداخەوە ئەمەی کە ئێستاش دەکرێت دەرئەنجامی ئێجگار خراپی لیئدەکەوێتەوە. پارتە سیاسییە کوردییەکان لە نێوان خۆیاندا کێشەی زۆریان هەیە، هیچ پێویست ناکات پێکهاتەکانیش بەم جەنگ و ململانێیەوە تێکەڵ بکەین، هەمووشمان دەزانین کە ئەمەی روویدا جەنگی نێوان سەرۆک وەزیران” کە پارتییە” لەگەڵ ئەندام پەرلەمانێکی کۆمەڵی ئیسلامییە، واتە کێشەی نێوان کوردو پێکهاتەکان نییە، بگرە ئەوان هیچ کێشەیان لەگەڵ هیچ پارتێکی سیاسی کوردی نییە، ئەمەش لە زاری کۆمەڵێک کەسایەتی ناوداری پێکهاتەکانەوە پشت راستکراوەتەوە. ئیتر بۆچی کورسی پێکهاتەکان لە شەڕێکەوە بئاڵێنرێت، کە هیچ پەیوەندی بەوانەوە نییە؟

کاتی خۆی کە مەسەلەی کۆتا بۆ پێکهاتەکان دانرا لەبەرئەوە بوو کە پێکهاتەکان خۆیان بە بەشخوراو نەزانن و بەشداری لە پەرلەمان و حکومەت و بڕیاری سیاسی هەرێمی کوردستان بکەن، بەڵام بەداخەوە کورسی کۆتاکان ماوەی چەند ساڵێکە لەلایەن پارتێکی سیاسی کوردییەوە قۆرغ کراوە، ئەمەش دژی ئەو پڕەنسیبەیە کە کورسی کۆتاکان لەسەری دانراوە.

مەترسی ئەم مەسەلەیە لەوەدایە، لە ئێستادا ئیسلامییە توندڕەوەکان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان ئەم بابەتە بۆ دژایەژتیکردنی خوشک و برا مەسیحییەکان بەکاردەهێنن، دەڵێن ئەوان دەنگیان لە دژی ئیسلامییەک داوە. ئەمەش ترسناکە، چونکە نابێت یاری بە دەنگ و مافی پێکهاتەکان بکرێت، چونکە ئەمە مەترسی دەبیت بۆ پێکەوەژیانی پێکهاتەکان و کورد لە هەرێمی کوردستان، ئێمە خۆمان کێشەمان زۆرە هی تری مەخەنە سەر.

بۆ ئەوەی مەسەلەی کورسی پێکهاتەکان لەلایەن هیچ پارتێکی سیاسییەوە بەکارنەهێنرێت، پێویستە میکانیزمی نوێ دابنرێت بۆ ئەوەی پێکهاتەکان خۆیان نوێنەری خۆیان دیاری بکەن نەک پارتێکی سیاسی بۆیان دیاری بکات و بۆ بەرژەوەندی تەسکی حزبی خۆی، دەنگی ئەوان بەکاربهێنێت. هەروەها نابێت رێگا بدەین کە جارێکی تر کوردو پێکهاتەکانی هەرێمی کوردستان، ببنە دوژمنی یەکتری، بگرە دەبێت هەموومان لەسەر ئەوە کۆک بین، کە پێکەوە ژیانی کوردو پێکهاتەکان، هێڵی سوورە و نابێت کەس دەستی بۆ ببات.

print

 347 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*