سەرەکی » ئاراستە » شێخ مارف لە زیندان دەستنووسی پاکنووس نەکراوی رۆمانێکی بۆ ناردم

شێخ مارف لە زیندان دەستنووسی پاکنووس نەکراوی رۆمانێکی بۆ ناردم

محەمەدی مەلا کەریم

ناسیاوی ڕووبەڕووی من لەگەڵ شەهید خوالێخۆشبوو، کاک شێخ مارف بەرزنجی، دەگەڕێتەوە بۆ هەڵبژاردنەکانی ساڵی 1954 ی پەرلەمانی عێراق.

لەو هەڵبژاردنەدا، نوێنەرانی (بەرەی نیشتمانیی – جبهة الوطنیە) واتا (حزبی شیوعی عێراق، پارتی دیموکراتی کورد) بریتی بووون لە شێخ مارف و مامۆستا ئیبراهیم ئەحمەد. ئەو کاتە بۆ یەکەم جار کاک شێخ مارفم بینی، بەڵام بەهۆی ئەوەی ئەوکاتە من دەمخوێند و فەقێ بووم، شێخ مارفیش لە کەرکوک بوو، لە سلێمانی نەبوو، ئیتر هەتاوەکو بابەتی دەرچوونی گۆڤاری (شەفەق) و پاشان بە شێوەیەکی بەربڵاوتر، تاوەکو گرتنیان، ناسیاوی تەواوم لەگەڵ پەیدا نەکرد. کە گۆڤاری شەفەق دەرچوو، دیومن..

هەرچەندە شەفەق لە کەرکوک دەردەچوو، شەفەق هیچیشی بۆ من بڵاو نەکردەوە، حەقیشیان بوو، چونکە من تازە لە بەندیخانە دەرچووبووم، وتیان ئەگەر لە شەفەق‌دا،بابەت بۆ شیوعییەک بڵاو بکرێتەوە، بۆ گۆڤارەکە دەبێت بە خاڵێک لە ڕوانگەی حکومەتەوە کە گوایە شیوعییەکان دەوریان داوە. منیش هیچ گرنگییەکم بە بابەتەکە نەدا، بەڵام پاشان کە هاتە سەر ڕووداوەکان و گیران و دوای شۆڕشی چواردەی تەموز، کە دەستکرا بە پاشگەزبوونەوە و گرتنی نیشتمانپەروەران، گروپی (قەزییەی کەرکوک) لە (موقف العام) بوون.**

چ لەو سەردەمەدا کە ڕەحمەتی شێخ مارفی بەرزنجەیی لە گرتووخانەی بەغدادا بوو چ پاش حوکم بەسەردانیشی کە لە ژووری مەرگدا بوو لە بەندیخانەی بەغدا، هەموو جارێ سەرم لێ ئەدا. لەو سەردەمەدا کە لە گرتووخانەدا بوو، کۆمەڵە چیرۆکێکی ئامادە کرد، بڕیار وا بوو لە لایەن ڕۆژنامەی (ئازادی) یەوە بڵاو بکرێتەوە.

خۆیشم پاکنووسم کرد. بەڵام پاشان ڕێک نەکەوت بڵاو بکرێتەوە. یەک دوانێکمان لە گۆڤاری (هیوا) و (ڕووناهی) دا بڵاو کردەوە. تەنانەت چیرۆکی (نامەی سەر سنوور) کە بڵاو کرایەوە هەندێکی لێ لابرا، چونکە وا درایە قەڵەم کە لە توانادا نییە بەو جۆرە بڵاو بکرێتەوە.

پاش حوکم بەسەردادانی، ڕۆژێکیان بەهۆی مەجیدی کاکەی حاجی مەحموودەوە، ڕوونووسی پاکنووس نەکراوی ڕۆمانێکی درێژی بۆ ناردم لە دوو سێ دەفتەری سەد پەڕەییدا نووسیبوویەوە بە قەڵەمی فەرەنگی تا بۆی هەڵگرم لەگەڵ کۆمەڵێ شیعری بڵاو کراوە و بڵاو نەکراوەیدا.

پاش ڕووداوەکانی 1963 لە ترسی ئەوەی نەوەکا دەستی پۆلیس بکەوێ و بفەوتێ، لەگەڵ هەندێ دەستنووسی مامۆستا گۆران (لە بارەی فەرهەنگ و زاراوەی کوردییەوە) و هەندێ شتی خۆم لە ماڵێکدا پێچرانەوە و خرانە چاڵ. وامان ئەزانی وا نافەوتێن. کە پاشان دەرمان هێنانەوە شێ‌یان هەڵهێنا بوو، ڕزیبوون، وەک هەویرێکی بۆگەنیان لێ هاتبوو، کەڵکی هیچیان پێوە نەمابوو، سوودی هیچیان لێ وەرنەگیرا.

بەو جۆرە ئەو پاشماوانەی ئەو ڕۆڵە نەمرانەی گەلی کورد بوون بە قوربانی زەبروزەنگ و تۆقاندن و پێشێل کردنی مافە دیموکراتییەکانی ئادەمیزاد.

‌ سەرچاوە:
* بەرنامەی دۆکیۆمێنتاریی (مارف بەرزنجی نووسەر و شەهید) ی کەناڵی KNN، ئامادەکردنی عەبدوڵڵا ئەحمەد – ٢٠١٣.
**نامەیەکی دەستنووسی محەمەدی مەلا کەریم – 7/10/1976

print

 183 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*