سەرەکی » مانشێت » تەسلیمكردنەوەی گیراوەكان بۆ سەروەریی یاسا و دروستكردنەوەی متمانەیە

تەسلیمكردنەوەی گیراوەكان بۆ سەروەریی یاسا و دروستكردنەوەی متمانەیە

بەشی هەواڵ و بەدوادا چوون

وەكو هەمیشە یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، بەچاوی چەپكە گوڵەكەی مام جەلال لە كەركوك و كەركوكییەكان دەڕوانێت و لەم روانگەیەشەوە، بەدەستپێشخەری مەڵبەندی رێكخستنی كەركوكی یەكێتی، سەرجەم ئەو گیراوانەی لە ماوەی شەڕی داعشدا كەوتبوونە دەست هێزەكانی پێشمەرگە و ئاسایش تەسلیم بە حكومەتی فیدراڵ دەكرێنەوە، بۆ ئەوەی لە رێگەی دادگاوە كەیسەكانیان یەكلابكرێتەوە و ئەوانەی تاوانبارن سزای خۆیان وەربگرن و ئەوانەشی بێتاوانن ئازاد بكرێن.

بێگومان ئەم هەنگاو و دەستپێشخەرییەی یەكێتی لەسەر داوای چەندین جاری عەرەب و توركمان و پێكهاتەكانی تری كەركوك بووە، بۆ گەڕانەوەی متمانە لە نێوان سەرجەم پێكهاتەكانی كەركوكدا و لە لایەكی تریشەوە دروستكردنی متمانە لە نێوان حكومەتی فیدراڵ و یەكێتیی نیشتمانیی كوردستاندا. ئەمە جگە لەوەی كە رادەستكردنەوەی ئەم گیراوانە مەسەلەیەكی یاساییە و بەپێی رێكارە یاساییەكانە نەك وەكو هەندێك گروپی ناو پارتی و سێبەرەكانیان ئیدیعا و تەفسیری تری بۆ دەكەن كە گوایە ئەم گیراوانە بە تەواوی ئازادكراون، لە كاتێكدا مەراسیمەكە لەلایەن لێپرسراوی مەڵبەندی رێكخستنی یەكێتی و پارێزگاری كەركوك بە وەكالەت و فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەكانی كەركوك و سەرجەم دامودەزگا ئەمنی و قەزاییەكانی كەركوك بەڕێوەچووە و هیچ شتێكی شاراوە و نا روونی تێدا نەبووە، جگە لەمەش دەبێت ئەم هەنگاوە دەستخۆشی لێبكرێت و هەنگاوی تری بەدوادا بێت. بۆ ئەوەی متمانەی زیاتر لە نێو پێكهاتەكانی كەركوك دروستبێت و ئەمەش دواجار لە خزمەت خەڵكی تێكۆشەری شاری كەركوكدایە.

لەوانەیە هەموومان شایەتی بۆ كەركوك بدەین، كە چ خەڵكەكەی و چ خاكەكەی لە هەموو ناوچەیەكی تری ئەم عیراقە هیلاكتر و قوربانیدەرترن، بۆیە دەستپێشخەری لەم شێوەیە كە بە ئامۆژگاری هاوسەرۆك و مەكتەبی سیاسی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان كراوە، بە دڵنیاییەوە جێگای خۆشحاڵی كەركوكییەكانە، بۆ ئەوەی وردە وردە بەم جۆرە دەستپێشخەرییانە گیانی برایەتی و پێكەوەژیان بۆ پێكهاتە رەسەنەكانی شارەكە بگەڕێتەوە. ئەمەش وەكو لە سەرەتاوە ئاماژەمان بۆ كرد. یەكێك بوو لە پلان و كارەكانی سەرۆك مام جەلال كە هەردەم ئامۆژگاری یەكێتییەكانی كردووە گیانی پێكەوەیی بپارێزن و بەرگری لێبكەن و ماف بە هەموو كەركوكییەكان بدەن و هەمیشەش ئامۆژگاری كردووین كە كەركوك كوردستانییە نەك تەنیا كوردی. ئەمەش بۆ ئەوەی هەموو پێكهاتەكانی شارەكە بە ئاشتی و ئارامی و دیموكراسی لە خاكەكیان بژین و هیچ پێكهاتەیەك خۆی لەوەی تر پێ زیاتر و زاڵتر نەبێت.

ئەو واتە واتەی چەند گروپ و لایەنێك و كەسانێك لە سۆسیال میدیا بە پاڵپشتی گروپێكی (پارتی) دەیكەن بۆ كەمكردنەوەی بایەخی ئەم دەستپێشخەرییە گرنگەیە، كە لەدوای شەڕی داعش لە 2014ەوە بە گرنگترین هەنگاو دادەنرێت بۆ رێزگرتنی پێكهاتەكان لەیەكتری، بەم جۆرە هاش و هوشەی ئەوان لە بایەخی كەم نابێتەوە و وەكو هەمیشەش كەم كووڕیی و كێشە ناوخۆییەكانی خۆیان و قەیرانەكانی هەرێمیش لە بیر خەڵكی ناباتەوە كە هەموو لایەك دەزانن كێ‌ سەبەبكارە!!

print

 237 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*