سەرەکی » راپۆرت » دیسانه‌وه‌ گرژیی نێوان توركیا ‌و یۆنان

دیسانه‌وه‌ گرژیی نێوان توركیا ‌و یۆنان

وه‌ك وه‌ڵامدانه‌وه‌یه‌كی رێوشوێنه‌كانی حكومه‌تی ئه‌سینا له‌ دژی په‌ڕینه‌وه‌ی په‌نابه‌ران بۆ ناو خاكی یۆنان، ده‌یان سه‌ربازی توركیا سنووری ئه‌و وڵاته‌یان به‌زاندووه‌ ‌و له‌ به‌ری ئه‌وبه‌ری سنووری وڵاته‌كه‌یان خێمه‌یان هه‌ڵداوه‌ ‌و ئاڵای توركیایان هه‌ڵكردووه‌.

پێگه‌ی (ئاڕمی فۆریس)ی سه‌ربازیی سه‌ر به‌ یۆنان چه‌ند رۆژێك له‌مه‌وبه‌ر ئه‌و هه‌واڵه‌ی بڵاوكرده‌وه‌، كه‌ هێزه‌ سه‌ربازییه‌كانی توركیا چوونه‌ته‌ ناو خاكی یۆنانه‌وه‌ ‌و ئه‌وه‌شی به‌ داگیركاریی ناوبردووه‌. روونیشیكردۆته‌وه‌، كه‌ نزیكه‌ی 35 سه‌ربازی توركیا چوونه‌ته‌ شوێنێك له‌به‌ری خۆرهه‌ڵاتی رووباری ئیڤرۆس له‌سه‌ر سنووری نێوان هه‌ردوو وڵات ‌و سه‌ربازه‌كان خێمه‌یان هه‌ڵداوه‌ و ئاڵای توركیایان له‌سه‌ر دره‌ختێكی به‌رز هه‌ڵكردووه‌.

به‌گوێره‌ی رۆژنامه‌ی ده‌یلی مه‌یڵ-ی به‌ریتانی: یۆنان سه‌ربازه‌كانی توركیای ئاگاداركردۆته‌وه‌ به‌وه‌ی ده‌ستبه‌جێ شوێنه‌كه‌ جێبهێڵن، به‌ڵام سه‌ربازه‌كان نه‌ك هه‌ر ره‌تیانكردۆته‌وه‌، به‌ڵكو له‌ شوێنه‌كه‌ جێگیربوون.

رۆژنامه‌ به‌ریتانییه‌كه‌ ئاماژه‌ی به‌وه‌شكردووه‌، كه‌ چوونی سه‌ربازه‌كانی توركیا بۆ ئه‌و ناوچه‌یه‌، دوای ئه‌وه‌ دێت كه‌ سوپای یۆنان هه‌ڵمه‌تێكی له‌ ناوچه‌كه‌ ده‌ستپێكردووه‌، بۆ دروستكردنی شورا ‌و دیوار له‌سه‌ر رووبه‌ری زیاتر له‌ 1500 هێكتار زه‌وی، ئه‌وه‌ش له‌پێناوی به‌رگرتن له‌ به‌زاندنی سنووری وڵاته‌كه‌یان له‌لایه‌ن په‌نابه‌رانه‌وه‌.

ده‌لی مه‌یڵ باسی له‌وه‌شكردووه‌، كه‌ توركیا ره‌تیكردۆته‌وه‌ دان به‌و زه‌وییانه‌دا بنێت كه‌ كه‌وتوونه‌ته‌ كه‌ناری رووباری ئیڤرۆس، وه‌ك به‌شێكی خاكی یۆنان، ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر رێڕه‌وی رووباره‌كه‌ش بگۆڕدرێت.

سه‌رچاوه‌كانی هه‌واڵ باس له‌وه‌ ده‌كه‌ن، حكومه‌تی ئه‌سینا له‌ هه‌وڵدایه‌ له‌ رێی كه‌ناڵه‌ دیپلۆماسییه‌كانه‌وه‌ گرژییه‌كانی له‌گه‌ڵ توركیا بڕه‌وێنێته‌وه‌، به‌ڵام تائێستا نه‌گه‌یشتوونه‌ته‌ هیچ رێكه‌وتنێكی ره‌سمی.

ئه‌م پێشهاته‌ تازانه‌ی نێوان ئه‌نقه‌ره‌ ‌و ئه‌سینا له‌ كاتێكدایه‌ كه‌ ده‌یان هه‌زار كۆچه‌ر ده‌یانه‌وێت له‌ توركیاوه‌ خۆیان بگه‌یه‌ننه‌ نێو خاكی یۆنان، توركیاش رایگه‌یاندووه‌ كه‌ رێگه‌ له‌ كۆچه‌ره‌كان ناگرێت، چونكه‌ یه‌كێتیی ئه‌وروپا پابه‌ند نه‌بووه‌ به‌و رێكه‌وتننامه‌یه‌ی نێوانیان كه‌ له‌ ساڵی 2016 دا ئیمزایان كردووه‌، به‌وه‌ی له‌ به‌رامبه‌ر هاوكاریی مادی ئه‌وروپا بۆ توركیا، ئه‌نقه‌ره‌ رێگه‌ له‌ كۆچی لێشاوی په‌نابه‌ران بۆ وڵاتانی یه‌كێتیی ئه‌وروپا قه‌ده‌غه‌ ده‌كات.

print

 359 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*