سەرەکی » چاوپێکه‌وتن » مام جەلال کە دەست بەکاری حزبی دەکات،بە زەخیرەیەکی دەوڵەمەندی رۆشنبیریی و خوێندەواری و مرۆڤناسییەوە دەست پێدەکات

نووسەر و توێژەر نەوزاد عەلی ئەحمەد:

مام جەلال کە دەست بەکاری حزبی دەکات،بە زەخیرەیەکی دەوڵەمەندی رۆشنبیریی و خوێندەواری و مرۆڤناسییەوە دەست پێدەکات

لەچوارچێوەی يادى چل و پێنج ساڵەی دامەزراندنی یەكێتيی نیشتمانيی كوردستان، نەوزاد عەلی ئەحمەد نووسەر و توێژەر لەوةڵامی چەند پرسیارێكی كوردستانی نوێدا، تیشك دەخاتە سەر چەند پرسێكی تایبەت بەو یادەو رۆڵ و تێڕوانين و دووربینی مام جەلال لەو سەردەمەدا، هەروەها گرنيگدانی یەكێتی بە میدیا و بڵاوكراوە و رێكخراوە پیشەییەكان و نهێنی گەشە و کاریگەریی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و چەند بابەتێكی دیكە.

سازدانی: تەها عەبدوڵڵا

* وەک نووسەرێک کە ساڵانێکە لە رۆژنامەگەریی حزبی بە گشتی و رۆژنامەگەریی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان کار دەکەیت و خاوەنی کۆمەڵێک بەرهەمیت، مام جەلال چۆن و بۆچی هەر لە سەرەتاوە باوەڕی بە کۆڵنەدان و سەرکەوتن هەبووە؟
ئەزموون، شارەزایی، پسپۆری، خوێندەواری کۆڵەگەی پتەوی دامەزراندنەوەو جاڕدانەوەی شۆڕش بوون، ناسینی دۆست و دوژمن و خاسیەتەکانیان دەبن بە بنەمای کارو بەرهەم. گوتاری ئاڕاستەکراو، گوتارێکی روون و ئاشکرا بوو، بە تەمومژ دانەپۆشرابوو، بزووتنەوەیەکی چەکدار هەبوو شکستی هێنابوو، ئەو شکستە کرا بە کەرەستەیەک بۆ پێداچوونەوە و ئاماژەدان بە پنتە تاریک و ناروونەکان لەگەڵ خستنەڕووی خەوش و کەموکوڕییەکان، ئەمانە دەبن بە ستوون بۆ بیناتناوە و دەستپێکردنەوە، کە پشت ئەستوور بووە بە کۆڵەگەیەکی بەهێزیی جەماوەریی.

چوارچێوەی ئەو خەباتە، لە بەیاننامەی دامەزراندنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان جێگای کراوەتەوە و دەبێت بە رێبازێکی نوێ لە مەیدانێکی نوێدا، بۆ مۆدێلێکی تازەی تێکۆشان. بڕاوەتەوە و لە گومان و ئەگەر دەرچووە، ئەو بەیاننامەیە مام جەلال نووسیویەتی دوای چەند کۆبوونەوەیەک لە شام و کۆبوونەوەیەکی فراوان لە مایسی 1975 لە شاری بەرلینی رۆژئاواو پرس و را بە چەندان کەس بە زمانی عەرەبی بڵاودەکرێتەوە. سەرەڕای کۆمەڵێک سەرنج و بۆچوون سەبارەت بە چەند زاراوە، وشەو دەستەواژەیەکی دووتوێی ئەو بەیاننامەیە، بەڵام هێشتا وزەو هێزو پێگەی خۆی لە دەستنەداوە، بە تایبەتیش ئەگەر توێژینەوەی ئەکادیمی بۆ شکستی 1975 و خێرایی لە هەڵسانەوەدا بکرێت.

بۆ ئەوەی خوێندنەوەی بۆ نیگا، روانگە، رێگا و پێگەی مام جەلال بکرێت بۆ کۆڵنەدان و هەڵسانەوە و باوەڕبوون بە سەرکەوتن، نابێت و ناکرێت و رەوا نیە، ئەو مێژووە تەنیا لە چوارچێوەی دامودەزگاکانی شۆڕشی نوێ دا بە تایبەتیش لە میحوەربەندی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستاندا قەتیس بکرێت، هێزی خەباتی مام جەلال لە قۆناغەکانی خوێندن، بە تایبەتیش لە قۆناغی خوێندنی ناوەندیدا چەکەرەی کرد و پاشان لە پۆلی چواری ئامادەیدا رەگوریشەی داکوتاوە، هەربۆیە کە دەست بەکاری حزبی دەکات، بە زەخیرەیەکی دەوڵەمەندی رۆشنبیریی و خوێندەواری و مرۆڤناسیدا دەست پێدەکات.

دەبێت ئەو هێزە لە بواری سایکۆجی، بیۆلۆجی، فسیۆلۆجی لێک بدرێتەوە. ئەو سێ بوارە لە مەیدانی پراکتیکدا تاقی بکرێنەوە ئینجا بەرئەنجامی دەردەکەوێت، هێزی سایکۆلۆجیەتی ئەو بۆ پێشمەرگە و کاریی رێکخستن، بەشێکی گەورە لە کەسێتی خۆی بە دەوروبەر دەبەخشێت و هەر زوو موگناسیەتی ئەو هێزە باڵا دەکات. ئەگەر وزەیەکی بیۆلۆجی تۆکمەی نەبێت شەست ساڵ بەرامبەر بە دوژمن و دۆست و مانۆر و بە پێوە ناوەستێت. بۆ بواری فسیۆلۆجیش کانییەکی دەوڵەمەندی بووە لە جۆرەها زانیاری و هەمەچەشنەیی لە زانست و هەمەرەنگی لە کاری سیاسی، ئابووری، حزبایەتی و کاروباری نێودەوڵەتی و دەوڵەتداریدا، ئەمانە هەموویان لە تەنیا یەک زاکیرەدا کۆکرابوونەوە.

کەسێتی مام جەلال و ئایندەخوازی لە ژیانی سیاسی و حزبایەتیدا، پێویستی بە قۆناغبەندی هەیە، کە لە هەموو قۆناغەکاندا، هەر تەنیا یەک کەسایەتییە بۆ درێژەدان بە خەبات و ئاسۆڕوونی لە سەرکەوتندا، ئەو بە چەندان کەرەستەی جیاواز و فرەفاکتەری شەڕی کردووە، بەڵام هەمیشە پشوودرێژی دروشم و پلان و نەخشەرێگای ئەو بووە. بە دەورکردنەوەی دەورانی خەباتی ئەو، ئایدیۆلۆجیا و پرانسیپ و فکر دەبن بە هەوێنی گەیشتن بە ئامانج.

بە خوێندنەوەی کەلەپووری نووسینەکانی، ئینجا لە پێکدادانی ئایدیۆلۆجیی لە فکری مام جەلال دەگەین و بنەماکانی ئەو پێکدادانە باشتر دەردەکەون. وەک سەرچاوە بۆ تێگەیشتن لە پشوودرێژی و مامەڵەکردن لەگەڵ ئایدۆلۆجیا لە فکری مام جەلال دا، با پسپۆر و شارەزا و کادر و سەرکردە و ئەندام و خوێنەران سەیری ئەم کتێبانەی بکەن: «کوردایەتی بزوتنەوەی رزگاری نەتەوایەتی گەلی کوردستانە، كردستان والحركە القومیە الكردیە، الاتحاد الوگنێ الکردستانی لماژا، جۆشدانی خەبات، بانگەوازی کوردایەتی، گفتوگۆی شۆڕش لەگەڵ میری، اغد و دیمقراطی و حرمان شعب حتی من حق الحلم، فێربوون و تێگەیشتن و بەکارهێنانی مارکسیزم لە خەباتدا، الدکتور الاتاسی و القضیة الکردیة، راپۆرتی سیاسی بۆ کۆنگرەی یەکەم». بە دوێکی تر دەکرێت ئەم کتێبانە بکرێن بە سەرچاوەی سەرەکی و بنەڕەتی بۆ تاوتوێی خەبات و شۆڕش و ژیانی حزبایەتی و دۆخە جیاوازەکانی کوردەواری و کوردایەتی.

* تێڕوانینی یەکێتیی و سەرکردەکانی دەستەی دامەزرێنەر بۆ کایەی رۆشنبیریی سیاسی و گرنگیدانیان بە مێدیا چۆن هەڵدەسەنگێنن، لە کاتێکدا هێشتا لە هەنگاوە سەرەتاییەکاندا بوون، رۆژنامەیان بە زمانی عەرەبی و کوردی بۆ موخاتەبەی ناوخۆ و عیراق و دنیای عەرەبی دەرکردووە؟
– من تا ئێستا بەڵگەنامە، یاخود نووسراوێکم دەست نەکەوتووە، ئەو حەوت بەرێزە چۆن و بۆچی و لەسەر چ بنەمایەک بوونەتە دەستەی دامەزرێنەر! ئەمە بەو مانایە نیە کە ئەمانە کەسی شایستە بەو کارە نین. ئەوەندەی من تێیگەیشتووم دانانی ئەو بەڕێزانە زیاتر پەیوەستە بووە بە کۆبوونەوەکەی رۆژانی 16-19/5/1975 ی بەرلینی رۆژئاوا، کە مام جەلال لەگەڵ دەستەیەک لە کەسایەتی کورد لە تاراوگەدا کۆبووەتەوە، وەک لە نامەی بانگێشتنامەکەدا هاتووە، کۆبوونەوەکە بۆ ئەوە بووە کە «بێ گومان ئێوەش هەستتان بەو بۆشاییە گەورەیە کردووە کە لە ئەنجامی تێکچوونی شۆڕش و بڵاوە لێ کردنی پارتی دروست بووە. ئەم بارە نوێ یە ئەرکێکی پیرۆز ئەخاتە سەرشانی هەموو کوردێکی دڵسۆز.. ئەرکی هەوڵ دان بۆ پڕکردنەوەی ئەو بۆشایی یە، پێش ئەوەی دوشمن سوودی لێ وەربگرێت، لەبەرئەوە بە پێویستی ئەزانین کە بە زووترین کات هەوڵ بدرێت بۆ سازکردنی کۆبوونەوەیەک لە ئەندامە پاک و دڵسۆزەکانی پێشووی پارتی، بۆ لێ دووان لەبارەی ئەم بارە نوێ یە و بڕیاردان لەسەر شێوەی خۆرێکخستن و کارکردن و تێکۆشان لەسەر بناغەیەکی راست لە پێناوی هێنانەدی ئاواتەکانی گەلە چەوساوە و زۆر لێکراوەکەمان شان بە شانی هەڤاڵە دڵسۆزە شۆڕشگێڕ و کۆڵنەدەرەکانمان لە وڵات». ئەم نامەیە د. کەمال فوئاد رۆژی 16/4/1975 نووسیویەتی و بە هەماهەنگی لەگەڵ مام جەلال ئاڕاستەی چەندان کەسایەتی کوردی دانیشتووی وڵاتانی ئەوروپا کراوە. بۆ زانیاری زیاتر لە ناوهێنانی ئەندامەکانی پارتی مەبەست لە پارتی دیموکراتی کوردستان- باڵی مەکتەبی سیاسی بووە، ئەوان لەنێوان خۆیاندا حزب یاخود پارتی یان بەکاردەهێنا.

ئەو پرسیارەی خەڵکی پسپۆر و مێژوونووسان بە رەوای دەزانن کە بیکەن، ئایا بۆچی لەو دەستەیە هیچ کەسێک لە سەرکردەکانی کۆمەڵەی مارکسی- لینینی کوردستان و بزووتنەوەی سۆشیالیستی کوردستان-ی تێدا نیە؟ ئایا بۆچی پەلە کراوە لە راگەیاندنی ئەو ناوانە؟ ئایا نەدەکرا دوای هاتنەوە بۆ کوردستان و راگەیاندنی خەباتی چەکداری ئینجا دەستەی دامەزرێنەر دابمەزرێت؟ کۆبوونەوەی بەرلین وەک، لە کۆبوونەوەکانی شام جیاواز تر بوو، چونکە ئەوەی بەرلین بە بێ کێشە و گفتوگۆ بەڕێوە نەچوو، بەڵکو بە سێ رۆژی گەرم لە مێژووی دامەزراندنی یەکێتیی لە قەڵەم دەدرێت، لەو کۆبوونەوەیەدا سەرەڕای دەستنیشانکردنی ناوەکانی دەستەی دامەزرێنەر و دەستکاریکردنی ئەو بەیاننامەی دامەزراندنەی کە مام جەلال نووسی بووی، هەروەها گفتوگۆش لەسەر ناردنی نامە بۆ بارزانی جۆرێک لە تەشەنووجاتی لێکەوتةوە، مام جەلال سوور بوو لەسەر سیاسەتی ئاشتیەوانی لەگەڵ پارتی، بەڵام ژمارەیەکی دیار لە ئامادەبووان دژی ئەو بیرکردنەوەیە بوون و دوای ئەوەی مام جەلال نامەکان بۆ بارزانی دەنێرێت، چەندان کەسایەتی ئامادەبوو لە کۆبوونەوەکەی بەرلین دا پەیوەندیان لەگەڵ یەکێتیی دەپچڕێنن! ئەمە دوای ئەوەی کە زانیاریان پێدەگات کە مام جەلال نامەکانی ناردووە و وەڵامی نەدراوەتەوە.

بۆ زانیاری زیاتر پێشتر ئەو دەستەیە هەشت کەس بوون، بەڵام یەکێکیان هەر زوو لەنێو دەستەکەدا کار بۆ دەزگا ئەمنیەکانی بەعسی عیراقی لە بەغدا دەکات، بەعس چەندان کاری پێ دەسپێرێت، یەکێکیان تیرۆرکردنی مام جەلال بوو، بەڵام جەسارەت ناکات کە ئەو کارە بکات، ئەو کەسە لەوکاتە ئاشکرا دەبێت، کە دەستەی دامەزرێنەر رۆژی 22/7/1978 بە نهێنی نامەیەک بۆ حزبی شیوعی سۆڤیەتی دەنێرێت، ئەو وەک دەستەی دامەزرێنەر ئاگاداری ناردنی نامەکەیە و دانەیەک لەو نامەیە بۆ بەغدا دەنێرێت.

ئەو سەرەتایە بە پێویست زانرا، سەبارەت بە دانانی ئەندامانی دەستەی دامەزرێنەر، ناوەکان کەسی دیاری نێو کایەی نووسین و دنیای رۆژنامەگەریی و ئەدەبیاتی حزبی بوون، پێشتر زۆربەیان لە بواری مێدیا و بڵاوکراوە رێکخراوەییەکاندا قەڵەمی دیار بوون. یەکێتیی چوار مانگ دوای راگەیاندنی دامەزراندن، ئۆرگانی خۆی بە زمانی عەرەبی «الشرارە» دەردەکات و ئینجا سێ مانگ دوای الشرارە دەست بە دەرکردنی «رێبازی نوێ» وەک ئۆرگان بە زمانی کوردی. بە خوێندنەوەی سەروتاری یەکەمین ژمارەی هەردوو رۆژنامەکە ئاڕاستەی رۆژنامەگەریی ئەو هێزەمان بۆ دەردەکەوێت، بۆ ناوخۆ پەیامی نیمچەبەرەیی بوو، لە پێناوی دەستپێکردنەوەی خەبات. بۆ وڵاتانی عەرەبی و دەرەوەش خستنەڕووی تاوانەکانی بەغدا دەرهەق بە گەلی کوردستان و عیراق بووە.

هەروەها لە ئەوروپا و ئەمریکاش وەک دەستپێکی خەبات لەژێر سەرپەرشتی ئەندامانی دەستەی دامەزرێنەردا، ئەم بڵاوکراوە و رۆژنامە و گۆڤارانەی دەرکردووە «صوت الاتحاد، دەنگی یەکێتی، THE SPARK «ئەمەیان ئۆرگان بووە بە زمانی ئینگلیزی، هەروەها بە زمانی فەرەنسی و هۆڵەندی و ئەڵمانیش دەرچووە. الرایە-ش لە ئەمریکا چاپ و بڵاوکراوەتەوە، لە کوردستانیش هەر ئەوکاتە «هەواڵنامەی خەباتی شۆڕشگێڕانەی گەلی کوردستانی عیراق» دەرچووە، کە دوایی ناوەکەی دەکرێت بە «هەواڵنامەی کوردستانی عیراق».. ئەمەو کۆمەڵەی مارکسی- لینینی کوردستان (کۆمەڵەی رەنجدەرانی کوردستان)یش لە ناوەوە و دەرەوەی کوردستاندا ئەم کارە رۆژنامەگەرییانەی بەرهەمهێناوە « ئاڵای سوور، ئاڵای شۆڕش، کۆمەڵە، راپەڕین». بۆ قۆناغی دوای دەسپێک، دەکرێت سەیری ئەم کتێبەم بکرێت»رابەری رۆژنامەگەریی نهێنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان 1975-1991».

بۆ زیاتر بەرچاو روونی خوێنەران و بۆ باشتر نماکردنەوەی مێژووی رۆژنامەگەریی حزبی لە رۆژگاری خەباتی پێشمەرگایەتیدا، بە تایبەتیش رۆڵ و پەیامی یەکێتیی لە رێگای مێدیاوە، ئاماژە بە ناوەڕۆکی چەند نامەیەکی مام جەلال دەدەم کە بۆ ئەندامانی دەستەی دامەزرێنەری ناردووە.

رۆژی 6/6/1982 مام جەلال لە نامەیەکدا بۆ د. فوئاد مەعسووم دەنووسێت «الشرارە! کوا؟ چۆنه‌؟ چی یه‌؟ چاومان لێڵ بوو هه‌ر ئه‌و ئه‌ستێره‌ی سیوه‌یله‌ ده‌رنه‌که‌وت؟ لێره‌ مانگێ 3-4 گۆڤاری 50-60 لاپه‌ڕی ده‌رده‌چێت جگه‌ له‌ شۆرش و رێکخستن و علاقاتی زۆر و زه‌وه‌ند.

الشرارە ئیتر لێره‌ ده‌رده‌که‌ین. ئێوه‌ش له‌ شام مجه‌له‌یه‌ک ده‌رکه‌ن که‌ بریتی بێ له‌ « اخبار الوطن» ( هی پ. م) مقالات و تعلیقاتی رادیۆکه‌مان له‌گه‌ڵ اخبار و فعالیات الخارج» له‌گه‌ڵ مقابلات مع الشخصیات الوطنیة و العالمیة، ما قالته‌ الصحافە العالمیه‌ی مسئله‌سی و مقالات و تحلیلاتی خۆتان به‌ ناوی لجنە العلاقات الخارجیة یان فرع الخارج- ه‌وه‌. بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش زۆر باشه‌ گه‌ر د. هۆمه‌ر بێته‌ شام. هه‌م بۆ ئه‌مه‌ و هه‌م بۆ شته‌کانی تریش که‌ڵکی زۆر ده‌بێت. جا تکایه‌ پێش هێنانی د. هۆمه‌ر له‌ مشروعی مجله‌که‌ش ئاگاداری بکه‌ن تا له‌ ئه‌وروپاوه‌ ما قالته‌ الصحف و مقابلات له‌گه‌ڵ هه‌ندێ شخصیاتی عاله‌می له‌گه‌ڵ خۆی بهێنێت. ئه‌و جۆره‌ مجله‌یه‌ش زۆر گرنگه‌ تکایه‌ بۆ ئێمه‌ش 4-5 دانه‌ بنێرن تا لێره‌ش چاپی بکه‌ینه‌وه‌. کاکه‌ فوئاد گیان تکایه‌ ئه‌مه‌ وه‌ک بڕیار و واجب وه‌ربگرن و جێ به‌ جێ ی بکه‌ن.» لە نامەیەکی تردا‌ رۆژی 20/9/1982 هەمیسان بۆ ‌ د. فوئاد مه‌عسوم داوا دەکات « ئێستگه‌یه‌ک مان بۆ بکڕن، مۆدێرن بێ، ئه‌مپری فایه‌ری له‌گه‌ڵ بێ، ١-٢ کیلۆ بێت، بچووک بێت، یان به‌ هۆی نه‌سرین یان به‌ هۆی ئامۆزاوه‌ بۆمان بنێرن» هه‌ر له‌ هه‌مان نامه‌دا ئاماژه‌ به‌ کاریگه‌ریی ئامێری کامیرا و ڤیدیۆ ده‌کات بۆ تۆمارکردنی ژیانی رۆژانه‌ی شۆڕش « ڤیدیۆکه‌مان زۆر که‌ڵکی بووه‌، زۆر فیلمی باشمان پێ گرتووه‌، به‌ راستی افلام وپائقیە ی باشمان هه‌یه‌ و. ئێسته‌ وا « ده‌سته‌ی ڤیدیۆ- سینمائی» دروست ده‌که‌ین، بۆیه‌ زۆر تکایه‌ زۆر هه‌وڵده‌ن بۆ: ا- کڕینی کامیرای سینه‌مایی زۆر مۆدێرن و باش و دوورگریش به‌ ئه‌فلامی زۆره‌وه‌ بۆمان بنێرن به‌ هۆی نه‌سرین و ئامۆزاوه‌. ب- کڕینی جهازی ڤیدیۆی مۆدێرن و باش و سووک و بچووک با کامیرایه‌که‌ی دوورگریش بێت. ج- جهازێکی ڤیدیۆی ( پورته‌بل- حمال) هه‌یه‌ وه‌ک کامیرا وایه‌ بۆمان بکڕن». هەر لە هەمان نامه‌دا ته‌ئکید له‌ ده‌رکردنی گۆڤارێکی مانگانه‌ ده‌کاته‌وه‌؛ «مجه‌له‌یه‌کی شه‌هری ده‌رکه‌ن: ده‌نگوباسی وڵات له‌ رادیۆکه‌وه‌ له‌گه‌ڵ ده‌نگوباسی ئه‌وروپا، ورده‌ تعلیقاتی خۆتان، مقابلات و شتی تر. خۆت سه‌رپه‌رشتی بکه‌ و که‌ڵک له‌ ناصر و برایانی ئه‌وروپا وه‌رگرن بۆ ده‌رچواندنی. لێره‌ ژماره‌ی یه‌که‌می شراره‌ دوو سێ رۆژی تر ده‌رده‌چێت. ئیتر هیوادارم نه‌پسێته‌وه‌. له‌ وڵات ئیمساڵ چه‌ندین ژماره‌ له‌ رێبازی نوێ، کۆمه‌ڵه‌، بزوتنه‌وه‌، راپه‌ڕین، چه‌ندین نامیلکه‌ و بلاغ و به‌یان ده‌رچوون، هه‌وڵده‌ده‌ین بۆتانی بنێرین. ئێوه‌ش هه‌وڵده‌ن له‌ ئه‌وروپاش شتێک ده‌رچێته‌وه‌ وه‌ک جاری جاران».

ئه‌مجاره‌ بۆ کڕینی ئێستگه‌ی رادیۆ مام جەلال روو له‌ براده‌رانی ئه‌وروپا ده‌کات و رۆژی 2/12/1982 نامه‌یەکی ئاڕاستەی؛ عومه‌ر ده‌بابه‌، هۆمه‌ر شێخمووس، د. که‌مال فوئاد کردووە» رادیۆکه‌مان وه‌ک خه‌ره‌کی لێ هاتووه‌ و باش نابیسرێ و خه‌ریکه‌ په‌کی ده‌که‌وێت به‌ یه‌کجاری، بۆیه‌ زۆر تکایه‌ هه‌وڵو هیمه‌تی باشمان بۆ بده‌ن بۆ کڕین و ناردنی دوو دانه‌ی باش و به‌ هێزتر به‌ ئه‌مپلی فایه‌ره‌وه‌: یه‌کێکیان بده‌نه‌ حدکا و ئه‌ویتر ئامۆزا بۆمان دێنن. ئه‌م داوایه‌ زۆر زۆر په‌له‌یه‌«.

له‌م نامه‌یه‌شدا که‌ مانگی حوزەیرانی 1984 مام جەلال بۆ عومه‌ر ده‌بابه‌، هۆمه‌ر شێخمووس، د. که‌مال فوئاد- ی ناردووه‌ داوای ناردنی ئامێرێکی چاپی جۆری ئۆفسێتی قه‌باره‌ نیو به‌گاڵ ده‌کات؛ «ئۆفسێته‌که‌ (نیو بەگال) بێ، چه‌ندی بکرێ سووک و یان لێک بترازێت باشه‌« سێ وشه‌ی کۆتایی له‌م نامه‌یه‌دا ده‌لاله‌تن بۆ ژیانی شۆڕش و ناجێگیری شوێن که‌ نووسیویه‌تی ئۆفسێته‌که‌ سووک بێت و زوو هه‌ڵبوه‌شێته‌وه‌ واته‌ بۆ گواستنه‌وه‌ کێشه‌ی نه‌بێت. ئه‌مه‌ و رۆژی 3/4/1986 بەڕێزیان نامه‌یه‌کی بۆ یه‌کێتیی نیشتمانیی کوردستان- کۆمیته‌ی ئه‌وروپا بۆ کاروباری ده‌ره‌وه‌ ناردووه‌ و باس له‌ کاریگه‌ریی ئێستگه‌ی رادیۆی ده‌نگی گه‌لی کوردستان ده‌کات: «ئێستگه‌که‌مان قه‌ت نه‌وه‌ستاوه‌.

به‌ڵام تشویش زۆره‌ له‌ سه‌ری! چونکه‌ به‌ راستی و بێ فشه‌ و خۆهه‌ڵکێشان، هه‌ر هی ئێمه‌ دوژمن ته‌زێنه‌! و خه‌ڵک زۆربه‌ی زۆری چاوه‌نواڕیه‌تی!». لە ناوەڕۆکی ئەم نامانەدا دەردەکەوێت و دەلالەتن بۆ پشت بەستن بە مێدیا وەک کۆڵەگەیەکی پتەوی شۆڕش و شۆڕشکردنەوە، دیارە هەڵبژاردنی ئەو چەند نامەیە، تەنیا وەک نموونە بوون، ئەگەرنا چەندان نامەی تر هەن، لەنێوان مام جەلال و ئەندامانی دەستەی دامەزرێنەر سەبارەت بە دامەزاندن و کاریگەرییەکانی ئێستگەی رادیۆیی و بواری رۆژنامەگەریی خوێندراو، بەڵام لە چاوپێکەوتنێکی لەم شێوەیەدا، هەر ئەوەندە دەرفەت هەیە، ئەگەرنا هەر دەکرێت ئەو نامانە، چەندان توێژینەوە و نووسینی ئەکادیمیان بە بەرەوە بنووسرێن.

* پێتانوایە بە پێی بڵاوکراوە فیکری و تیۆرییەکانی سەرەتاکانی دەستپێکردنەوەی خەبات یەکێتیی چ ئامانجێکی ئایندەیی هەبووە بۆ توێژە جیاجیاکانی کوردەواری و ژیانی رێکخراوەیی، ئاخۆ هەنگاوەکانی دواتر لە گەڵاڵەبوونی ئەو تێڕوانینانە لە بڵاوکراوەی رێکخراوە پیشەیی و جەماوەرییە نهێنییەکاندا چ رەنگدانەوەیەکی هەبووە؟
– هەر حزب و رێکخراوێکی سیاسی کە دادەمەزرێ، لە رێگای ئامانج و پەیامێکی دیاریکراوی ئاڕاستەکراودا جەماوەر دەجولێنێ. بۆ وەڵامی ئەم پرسیارە، پێویست و پەیوەستە کە رێکخستن و هێزی کۆمەڵەی مارکسی- لینینی کوردستان چەقی سەرەکی وەڵامەکانم بێت.

کۆمەڵە لە ساڵی 1970 کە دامەزرا تا ساڵی 1976 ئەلقە رۆشنبیرییەکانی کوانووی رێکخستن و خۆسازدان و جۆشدانی توێژ و چینەکانی کوردەواری بووە، بە تایبەتیش لاوان و نووسەر و رۆشنبیران داینەمۆی ئەو بزاڤە تازەیە بوون. لەنێو توێژی خوێندکارانی ئامادەیی و هەروەها لە زانکۆی سلێمانی و زانکۆکانی تری عیراقدا، کۆمەڵە خۆی خزانە نێو روحی جۆشدانی خەبات و کاریی رێکخراوەیی، هەر زوو یەکێتییەکی شۆڕشگێڕیی بۆ خوێندکارانی کوردستان دامەزراند و کە داینەمۆی سەرەکی بوو بۆ مانگرتن و خۆپیشاندانەکانی زانکۆی سلێمانی و قۆناغەکانی ئامادەیی و پاشان بۆ زانکۆی سەلاحەددین- هەولێر لە ساڵی 1982دا.

بەڵام دوای شۆڕبوونەوەی کێشەکانی کۆمەڵەی رەنجدەرانی کوردستان بۆ ناو رێکخستنی نێو شارەکان، خوێندکار و لاوان جۆرێک لە پەرتبوون و لەتبوونیان بەخۆوە بینی، لە ئەنجامدا کۆمەڵێک رێکخراو و دەستەی بچووک بچووک درووست بوون و سەرکردایەتی مانگرتنەکانی خوێندکارانی زانکۆی سەلاحەددین- هەولێر دەگرنە دەست، هەروەها گفتوگۆی میری- شۆڕش لە ساڵی 1984 دیسان هۆکارێکی تری ئەو پەرتبوونە بوو. بەڵام دوای تێکچوونی گفتوگۆ ئێستاش نازانم بۆچی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان رێکخراوی» یەکێتیی خوێندکارانی کوردستان»ی هەڵوەشاندووە؟ کە سەرەڕای کێشەکانی نێو کۆمەڵەی رەنجدەرانی کوردستان بەڵام هێشتا کاریگەریی خۆی لە نێو شارەکاندا لە دەست نەدابوو.

بە خوێندنەوەی ئەدەبیاتی چاپکراوی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان باشتر لە ئاڕاستە و پەیام و ئەرک و تێڕوانینی رێکخراوە پیشەییەکانی نێو سایەی یەکێتیی دەگەین، بە تایبەتیش گۆڤارەکانی «پێروو، نووسەری کوردستان، گزنگ، نووسەری نوێ، ژیلوان، رێبازی خوێندکاران، خەباتی مامۆستا، سروشت، ئەستێرە، باوەگوڕگوڕ، هۆرە، تەوار، کەلتور، تەرازوو، رەنگاڵە».

ئەم گۆڤار و بڵاوکراوانە وەک چۆن پشتی بە بەرهەمی نووسەر و ئەدیبانی پێشمەرگە دەبەست، بە هەمان شێوە بەرهەمی چەندان نووسەر و ئەدیبی شارەکانیشان بڵاوکردۆتەوە. یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان خەباتی شار و تێکۆشانی جەماوەری بە بڕبڕەی پشتی سەرکەوتنی شۆڕش زانیوە. ئەمەو ئەو رێکخراوە پیشەییانە سەربەخۆیی تەواوی کاریی رێکخراوەییان هەبووە، چەواشەکاری و بێویژدانیە ئەگەر باس لە رێکخراوە جەماوەریی و پیشەییەکانی وەک «یەکێتیی خوێندکارانی کوردستان، یەکێتیی نووسەرانی کوردستان، یەکێتیی مامۆستایانی کوردستان ،یەکێتیی هونەرمەندانی کوردستان، یەکێتی ژنانی کوردستان، یەکێتیی مافپەروەرانی کوردستان» بکرێت و ئاماژە بەو کەشە سەربەخۆییە نەدرێت، کە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بۆی ساز و فەراهەم کردبوون.

* بە تێڕوانینی ئێوە جیاوازیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان چی بووە لەگەڵ ئەو حزب و رێکخراوانەی کە لە دوای شکستی 1975 ەوە و بە شێوازی جیاجیا خۆیان راگەیاند و نهێنی گەشەکردن و گردبوونەوەی خەڵکێکی زۆر لە دەوری یەکێتیی چی بووە؟ لە کاتێکدا هەندێک لەو حزب و رێکخراوانە لە چوارچێوەی بەیاننامە و ناوێک زیاتر هیچی دیکەیان لێ شین نەبوو و بگرە هەندێکیان هەر لە سەرەتاوە پوکانەوە و شوێنەوارێکیان بە جێ نەهێشتووە.
– پێش ئەوەی هەڵوەستە لەسەر دەرهاویشتەکانی دوای شکست بکەم، نابێت هەوڵ و دەسپێشخەرییەکانی سەرکردایەتی کۆمەڵەی مارکسی- لینینی کوردستان نادیدە بگیرێت، کە هەر لە رۆژانی پەرتبوون و سەرگەردانییەکەدا لەگەڵ بەردەوامی و درێژەپێدانی خەباتی چەکداری بوو، ئەوان کۆمەڵێک کۆبوونەوەیان کرد و دەستیان بە شاردنەوەی چەک و ئامێرەکانی چاپکردن کرد، بەڵام کۆمەڵێک هۆکار رێگر بوون، کە یەکسەر دەست بە شۆڕش بکەنەوە و کوانووی خەبات سارد نەبێتەوە، کە ئێرە و لە چاوپێکەوتنێکی لەم شێوەیەدا ناکرێت قسە لەسەر هەوڵەکانی کۆمەڵەی ناوبراو بکەم.

وەک بینوومانە و گوێمان لێ بووە کە کۆمەڵێک کەس و کەسایەتی تەنیا لە رێگای بەیاننامە و کۆبوونەوەی چەند کەسیدا، داوای خۆڕاگری و درێژەدان بە شۆڕشیان کردووە، بەڵام هەر زوو لە وڵاتانی دەوروبەر و ئەوروپا داوای مافی پەنابەرێتیان کردووە! یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، لە هەردوو هێزەکەی پێش خۆی پارتی دیموکراتی کوردستان و حزبی شیوعی عیراقی جیاواز بوو، نهێنی گەشە و کاریگەریی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بۆ ئەم هۆکارانە دەگەڕێتەوە: (مۆدێلی تازەی خەبات لە بواری رێکخستن بە میتۆدێکی نوێ، ژیانی نوێ ی پێشمەرگایەتی، دۆخی شکست و دەرهاویشتەکانی بە تایبەتیش لایەنی دەروونی خەڵک، رەفتاری بەعس دەرهەق بە کورد و کوردستان بە تایبەتیش بەردەوام بوون لەسەر سیاسەتی تەرحیل، تەهیجیر و تەبعیس، شێوازی نوێ لە شەڕی پارتیزانی و شەڕی بەرەییدا، شەهید بوونی پێشمەرگە و سەرکردە لە یەک سەنگەردا، خۆڕاگری ئەفسانەیی لە زیندانەکان، رووخانی رژێمی شاهەنشایی لە ئیراندا، کودەتای میللیتاریی لە تورکیا و دەستپێکردنی خەباتی گەریلایی لە باکووردا، گوتارێکی ئاڕاستەکراوی تۆکمەی سیاسی و حزبی، بوونی تۆڕێکی فراوان لە دۆست لە سەرتاپای جیهاندا، فرەیی لە سیمبولدا، ماشێنی بەهێزی راگەیاندن، ژیانی فرەیی لە کاروباری حزبایەتیدا بە نموونە دۆڵی 18 حزب و رێکخراوەکە بەناوبانگە، پەیوەندی خراپی سەرکردە و دەوڵەتەکانی سوریا و لیبیا لەگەڵ رژێمی بەعسی بەغدا بە تایبەتیش لە ماوەی دەسەڵاتدارێتی سەدام حوسێن دا، ناردنی هێزی پشتیوان بۆ کوردستانی رۆژهەڵات، کارەساتی هەکاری زیان و دەرهاویشتەکانی، سەرکردەی تازە کە پێشتر بەرپرسیارێتیان لە شۆڕشی پێشوودا نەبوو، هەر لە سەرەتاوە گرنگی بە چاپکردنی ئەدەبیاتی بەرەنگاری دراوە، ئێستگەیەکی بەهێزی رادیۆ، گفتوگۆ و تاکتیکی شۆڕشێکی عیراقیانە لە دەستپێکدا، پشتیوانی لە هێز و حزبەکانی باکووری کوردستان، پشتگیری لە خەباتی جەماوەری لەنێو شارەکاندا، خوێندنەوەی دووربینانە بۆ گۆڕانکارییەکانی جیهان و ناوچەکە و عیراق، هەمیشە خاوەنی دەسپێشخەریی و داهێنان و تازەگەریی، پەیوەندی فراوان لەگەڵ هێز و حزبەکانی ناوچەکە.

نیمچە بەرەیی لە ژیانی حزبایەتیدا کە دەکرێت وەک کۆڵگەیەکی پتەوی خەبات و سەرکەوتن خۆی بنوێنێ چونکە یەکەمجار بوو لە کوردستاندا هێزێک هەبێت چەندان ئایدیۆلۆجیا و فکری جیاواز لە خۆی کۆبکاتەوە. بوونی تۆڕێکی فراوانی پەیوەندییە نێو دەوڵەتییە حزبییەکان لە ئەوروپادا… هتد). وەک بەڵگەی پەیوەندییەکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لەگەڵ حزبە سۆشیالیستی و کرێکاریی و کۆمۆنیسەکان لە ئەوروپادا دەقی نامەیەکی مام جەلال دەنووسمەوە کە بەناوی مەکتەبی سیاسی ناردوویەتی، نامەکە رۆژی 15/7/1979 نووسراوە و ئەمەش دەقەکەیەتی:»بۆ برایانی تێکۆشەر لە سەرکردەی حزبە سۆشیالیستی و کرێکاریی و کۆمۆنیستەکان لە ئەوروپادا.

سڵاوی خەبات و هاوکاری. مامۆستا عومەر شێخمووس ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان نوێنەری هەمیشەیی ئێمەیە لە لای ئێوە، تکایە ئیعتمادی پێ بکەن و ئەم تەخویل کردنە بە بەڵگەنامەیەکی رەسمی وەربگرن». ئەم نامەیە لە ئەسڵدا بە زمانی عەرەبی نووسراوە و من وەرمگێڕاوە.

print

 243 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*