سەرەکی » هەواڵ » سەرۆكی هەرێم:یەكێتی بەشێكی گرنگی بزووتنەوەی رزگاریخوازیی كوردستانە

سەرۆكی هەرێم:یەكێتی بەشێكی گرنگی بزووتنەوەی رزگاریخوازیی كوردستانە

سەرۆكی هەرێمی كوردستان رایگەیاند: یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، بەشێكی گرنگی بزووتنەوەی رزگاریخوازیی كوردستانە.

نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان لە پەیامێكی پیرۆزباییدا بۆ یادی دامەزراندنی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، كە ئاراستەی هاوسەرۆكان و ئەنجومەنی باڵای سیاسی و بەرژەوەندی و مەكتەبی سیاسی كردووە، دەڵێت: لە (45)هەمین ساڵیادی دامەزراندنی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستاندا، پیرۆزبایی لە ئێوەی بەڕێز و سەركردایەتی و تەواوی ئەندامان و جەماوەری یەكێتی دەكەم، هیوای سەركەوتنتان بۆ دەخوازم. یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، بەشێكی گرنگی بزووتنەوەی رزگاریخوازیی كوردستانە، لەگەڵ پارتی دیموكراتی كوردستان و لایەنەكانی دیكەدا، هاوبەشی سەرەكی بوون لە دەسكەوتەكان و پرۆسەی سیاسی و بنیاتنانی دامەزراوەكانی هەرێمی كوردستان و لە چەسپاندنی مافەكانی گەلی كوردستان لە دەستووری عیراقدا.

لە بەشێكی دیكەی پەیامەكەدا دەشڵێت: «ئێستاش لە كاتێكدا هەرێمی كوردستان وەك عیراق و ناوچەكە، رووبەڕووی دۆخێكی هەستیار و تەحەدیاتی گەورە بۆتەوە، لە هەموو كاتێك زیاتر پێویستیمان بە تەبایی، كاری هاوبەش و یەكڕیزیی هەیە كە تاكە رێگەی سەركەوتن و بنەمای هەموو دەسكەوتەكانە‌. لە رابردوودا هاوكاری و هەماهەنگیی سەرۆك مام جەلال كە ئەمڕۆ بە ‌رێزەوە یادی دەكەینەوە، لەگەڵ سەرۆك مەسعود بارزانی، سەلمێنەری ئەو راستییەن». ئاماژەی بەوەشداوە: لەم یادەدا دروود بۆ گیانی شەهیدانی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و تەواوی شەهیدانی كوردستان كە گیانیان لەپێناوی ئازادیی گەلەكەیاندا بەخشی، سەری رێز و نەوازش لە بەردەمیاندا دادەنوێنین و سڵاو و رێز بۆ خانەوادە سەربەرزەكانیان دەنێرین.

print

 175 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*